Saturday, September 12, 2020

به‌تحایی.. ژیانئاوایی شۆڕه‌ سواری شۆڕش و سینه‌ما و وێژه‌

‌ ناکرێت باس لە سینەمای کوردی لە رۆژهەڵاتی کوردستان بکرێت و ناوی تەیفور بەتحایی فەرامۆش بکرێت، کە نەک هەر کۆڵەکەیەک و پێشەنگی ئەو بوارەبوو، بەڵکوو بە بناخەدانەریشی دادەنرێت. بەتحایی هەر بە تەنها سینەماکار نەبوو، بەڵکوو شۆڕشگێڕ و سەرکردە و نوسەرێکی پڕکاریش بوو.
تەیفور بەتحایی دوای تەمەنێک لە کارو چالاکی و ژیانی پەنابەری بەهۆی نەخۆشی درێژخایەنەوە لەتەمەنی ٧٣ ساڵیدا ماڵئاوایی لە ژیان کرد. بەتحایی لەدایکبووی ساڵی ١٩٤٧ سنە و دەرچووی بەشی وێنەگری لە قوتابخانەی باڵای سینەما و تەلەڤزیۆنی تاران بوو. ساڵی ١٩٧٢ لە تەلەڤزیۆنی شیراز دەستبەکاربوو، هەر لەوێ کەرامەت دانشیان کەسایەتی چەپی ناسی، کە بڕوای بە خەباتی چەکداری هەبوو لە دژی دەسەڵاتی پاشایەتی. بە ناسینی دانشیان لاپەڕەی سیاسی لە ژیانی بەتحایی هەڵدرایەوە و گۆڕانکاری تەواوی بەسەر ژیانیدا هێنا.
ئەو ساڵانە گەرمەی ناڕەزایەتی دەربڕین بەرامبەر بە دەسەڵاتی پاشایەتی ئێران بوو، ژمارەیەکی زۆر لە چالاکوانان خرابوونە زیندان و هێزە ئەمنیەکانیش کەشێکی داخراویان خوڵقاندبوو. بەتحایی و دانشیان بڕیاریاندا لەگەڵ چەند کەسێکی تر لە ئاهەنگێکدا کە لە بینای تەلەڤزیۆنی حکومی بۆ شاژنە فەرەح و شازادە رێکخرابوو، بە بارمتەیان بگرن و لەبەرامبەردا داوای ئازادی زیندانیانی سیاسی بکەن. پلانەکە لە لایەن ئەو کەسەی بڕیاربوو چەکەکانیان بۆ دابین بکات ئاشکرا کرا و لە خەرمانانی ١٩٧٣دا تەیفور بەتحایی و هاوڕێکانی دەستگیرکران و دۆسیەکەیان لەگەڵ دوو کەسی تر کە تۆمەتباربوون بە هەوڵی کوشتنی شا و راستەوخۆ هیچ پەیوەندیەکی لە نێوان ئەو دوو دۆسیەدا نەبوو تێکەڵ کرا و بەوەش کۆی تۆمەتباران گەیشتە ١٢ کەس و هەر بە ناوی گروپی ١٢ەوە ناویان دەرکرد.
لەدادگا تەیفور بەتحایی و چوار کەسی تر سزای لەسێدارەدانیان بەسەردا سەپێنرا و دواتر سزای بەتحایی و دووکەسیان بۆ زیندانی هەتاهەتایی گۆڕدرا و سزای لەسێدارەدان بەسەر خوسرەو گوڵسورخی و کەرامەت دانشیاندا جێبەجێ کرا. بەتحایی دوای پێنج ساڵ مانەوە لەزیندان و لەسەروبەندی شۆڕشی ١٩٧٩ی ئێران ئازاد کرا و گەڕایەوە بۆ سنە و بوو بە ئەندامی حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران و ساڵی ١٩٨٢ لە کۆنگرەی پێنجەمی ئەو حزبەدا وەک ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی هەڵبژێردرا. بەتحایی لەشاخ چەند فیلمێکی بەڵگەنامەیی دروست کرد لەوانە نان و ئازادی، ئازار، روناکی مۆمەکان، هەوار و لوتکە سەرکەشەکان و بەوهۆیەشەوە بە پێشەنگ و کۆڵەکەیەکی سینەمای کوردی لە رۆژهەڵاتی کوردستان دادەنرێت. ساڵی ١٩٨٥ و دوابەدوای هەڵگیرسانی شەڕ لە نێوان کۆمەڵە و دیموکرات وەک ناڕەزایەتی دەربڕین وازی لە حزبی دیموکرات هێنا و وەک پەنابەر روویکردە وڵاتی سوید. لە ژیانی پەنابەریشدا بەتحایی بەردەوامبوو لە بەرهەمهێنانی فیلم و نوسین و پەیکەرتاشی.
ئەو فیلمانەی لە سوید بەرهەمی هێنان ئەمانەبوون، گەلەگورگ، دیبلیاچا و پیلانگێڕی رەش. هەرلە تاراوگە چەند رومان و وتارێکی نوسی کە بەناوبانگترین رۆمانەکانی بریتین لە ژیان لە زریان، سەفەری خەیاڵ لە کورسانەوە بۆ کوردستان، ژیان هەر وەک خۆی و چوار گێڕانەوە. لەبواری پەیکەرتاشیشدا دواین پەیکەری پەیکەری کۆرۆنا بوو.
دوای چەند ساڵ ململانێ لەگەڵ نەخۆشی شێرپەنجە رۆژی ١٠ی سێپتامبرتەیفور بەتحایی لە دورە وڵاتیدا سەری نایەوە و ماڵئاوایی لە ژیان کرد.

No comments:

Post a Comment

Execution of 9 people in one day.. 7 of them were executed in Kurdistan

At least 7 prisoners were executed in Urumieh and Selmas prisons, and two more prisoners were executed in Nishabour and Qom prisons. In the...