Thursday, October 29, 2015

بەغدا؛ کوژران و برینداربوونی دەیان ئەندامی موجاهیدین


NNSROJ: لە ئەنجامی مووشەكباران كردنی كەمپی لیبرتی لە نزیك بەغدا، شوێنی مانەوەی ئەندامانی رێکخراوی موجاهیدین، دەیان ئەندامی ئەو رێكخراوەیە كوژران و زیانێكی زۆریش بەر كەمپەكە كەوت.
سەرچاوەیەک لە ناو كەمپەكە بە ناوەندی نوچە و شرۆڤەی رۆژی راگەیاند، شەوی پێنجشەممە لە سەر هەینی، زیاتر لە ۶۰ مووشەک ئاراستەی كەمپەكەیان كراون و بە هۆی ئەو هێرشەوە لانیكەم ۲۰ كەس كوژراون و چەندین كەسی تر برینداربوون.
هەمان سەرچاوە وتیشی: لە ئەنجامی ئەو هێرشەدا سەرجەم خانووەكانی ناو كەمپەكە زیانیان بەركەوتووە و دەتوانم بڵێم كەمپەكە خاپوور بووە.
شوورای میللی موقاومەت، لقی سیاسیی رێکخراوی موجاهدین رایگەیاندووە کە بە لانیکەمەوە ٢٣ کەس ژیانیان لەدەست داوە.
رێكخراوی موجاهیدین رێكخراوێكی بەرهەڵستكاری حكوومەتی ئێرانە و دوای دەستپێكردنی شەڕی چەكداری دژی كۆماری ئیسلامیی ئێران لە ساڵی ۱۹۸۰، بنكە و بارەگاكانی خۆی لە عێراق جێگیركرد.
ئەندامانی موجاهیدینی خەلق پێش ئەوەی بە زۆرەملێ بەرەو كەمپی لیبرتی راگوێزرێن، لە كەمپی ئەشەرف لە پارێزگای دیالە دەمانەوە.
دانیشتوانی ئەو كەمپە باس لەوەدەكەن چەندین جاری تر لە لایەن چەكدارە شیعە عێراقییەكانەوە، كە لایەنگری حكوومەتی ئێرانن هێرشیان كراوەتە سەر و حكوومەتی عێراقیش بە كەمتەرخەم ناودەبن لە پاراستنی ژیانیان.
م.ا

Tuesday, October 20, 2015

“دەستپێشخەری ئاشتی كۆمەڵایەتی”


ئەمڕۆ پێشوازیمان كرد لە ژمارەیەك لە ئەندامانی گروپی “دەستپێشخەری ئاشتی كۆمەڵایەتی” كە پێكهاتبوون لە بەڕێزان، دانا سەعید سۆفی، هۆگر چەتۆ، رێبین رەسوڵ و رەحمان غەریب.
“دوابەدوای قوڵبوونەوەی بارگرژیە سیاسیەكانی هەرێم ژمارەیەك لە چالاكوانان و كەسایەتیە سیاسیەكانی هەرێم، بەمەبەستی هێور كردنەوەی دۆخەكە و بە ئامانجی یەكخستنی هەوڵە ناوخۆیی و دەرەكیەكان بۆ رێگری كردن لە ترازانی ئاشتی كۆمەڵایەتی، گروپێكیان بە ناوی “دەستپێشخەری ئاشتی كۆمەڵایەتی” پێكهێنا و بۆ گەیاندنی پەیامەكەیان سەردانی لایەنەكان، كەسایەتی و رێكخراوەكان و دەزگاكانی راگەیاندن دەكەن.
ژمارەیەك لە ئەندامانی ئەو گروپە لە چوارچێوەی سەردانەكانیان، بارەگای رادیۆ نەوایان بەسەركردەوە و وێڕای رونكردنەوەی ئامانج و داخوازیەكانیان، راگەیاندنی كەمپینی “ئیتر بەسە”یان لە لایەن رادیۆ نەواوە بەرزنرخاند و پشتیوانی خۆیان بۆ كەمپینەكە دەربڕی”.


Monday, October 12, 2015

ساڵانە بەدەیان كۆڵبەر گیانیان لە پێناو نان دادەنێن


NNSROJ: بەپێی ئامارێک ساڵی ڕابردووی كۆچی هەتاویی، بەدەیان كۆڵبەری كورد لە سەر سنوورەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان، لەلایەن هێزە ئەمنییەكانی ئێرانەوە كوژراون یان برینداركراون.
تۆڕی مافەكانی مرۆڤ لە نوێترین راپۆرتیدا بڵاویكردەوە، بەپێی لێكۆڵینەوەكانیان تەنیا لەماوەی ساڵی ۱٣۹۳ی كۆچی هەتاویدا، لانیكەم ۲۷ كۆڵبەری كورد لە ئەنجامی دەستڕێژی هێزە ئەمنییەكانی ئێران لەسەر سنوورەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان گیانیان لەدەستداوە و ۲۸ كەسی تریش برینداربوون.
هەر لەو ساڵەدا ۶ كۆڵبەریش بەهۆی نقومبوون لە ئاودا خنكاون، یان بەهۆی بەفر و سەرماوە ڕەقبوونەوە و ۴ كەسی تری بەهۆی تەقینەوەی مینەوە كەم ئەندام بوون.
ئەو ناوەندە جەختیشی كردۆتەوە لەوەی بەهۆی نەبوونی ناوەندی سەربەخۆ لە ناو ئێران و هەروەها گوشارەكانی ناوەندە ئەمنیەكانی ئەو وڵاتە، ئەو ئامارە لانیكەمی ژمارەی ئەو كۆڵبەرانەیە كە لەو سالەدا بوونەتە قوربانی و بە ئەگەرێكی زۆر ژمارەی قوربانیان زۆر لەوە زیاترە.
م.ا

17-year-old kolber lost one of his eyes

17-year-old kolber from Sardasht, who was injured in two eyes due to the firing of the Iranian military forces, lost one of his eyes and hi...