Saturday, May 3, 2014

میدیای سەربەخۆ لە نێوان دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆندا


ئەمڕۆ رۆژی جیهانی ئازادی كاری رۆژنامەگەریە، بابەت زۆر بوو بەو بۆنەوە لەسەری بنوسم، بەڵام ویستم لەم رۆژەدا تیشك بخەمە سەر گوشارێكی بەردەوام كە لە لایەن دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆن لە سەر میدیای سەربەخۆ هەیە.
لە روانگەی دەسەڵاتەوە ئەوەی بەپێچەوانەی ئەوەوە بنوسێت و پەردە لە سەر كەموكوڕیەكانی هەڵبداتەوە و راستیەكان بە پێچەوانەی ویستی ئەوەوە لەقاو بدات دەبێتە میدیا ئۆپۆزسیۆن.
لەو پەڕی گاڵتەجاڕیدا ئۆپۆزسیۆنیش ئەگەر دەنگێكی سەربەخۆ بە مەیل و ویستی ئەو نەجوڵێتەوە و رەخنەی لێبگرێت و لاری و خواری خێچیەكانی لەقاو بدات دەكەوێتە خانەی میدیای دەسەڵات پارێز، ئەگەر رەحمیشی پێبكەن لە باشترین حاڵەتدا بە بە میدیا سێبەری دەسەڵات ناوی دەبەن.
دیاردەیەك كە بە تایبەتی لە ماوەی بانگەشەی هەڵبژاردندا زۆر بە روونی بینیم ئەوە بوو، میدیایەكی سەربەخۆ كە بە مەودایەكی یەكسان لە ئۆپۆزسیۆن و دەسەڵاتەوە دوورە، بە بڵاوكردنەوەی هەر هەواڵ و بابەتێك كە لە دەرەوەی ویستی خۆی بە پێی كەشەكە لە قازانجی یەكێك لە لایەنەكانی "پێشووتری" ئۆپۆزسیۆن دەشكایەوە، دەمودەست هەر بە هۆی ئەو یەك بابەتەوە دەكەوتە بەر پەلامار و تۆمەت بەشینەوەی لایەنگرانی حزبەكانی دەسەڵات و بە پاشكۆی ئۆپۆزسیۆن ناوی لێدەبرا، هەر هەمان دەزگا ئەگەر چەند هەواڵێكیشی لە بەرژەوەندی دەسەڵات بێت، ئەوا هیچی نابینرێت و هەر هەمان یەك وشە یان یەك هەواڵ بەسە بۆ ئەوەی ناسنامەی سەربەخۆ بوونی لێبسەنرێتەوە و بە میدیای ئاراستەكراوی "فڵان" لایەنی ئۆپۆزسیۆن ناو ببرێت.
هەر هەمان دەزگای سەربەخۆ ئەگەر بە وشەیەك، بە دێڕێك یان بە هەواڵێك بەپێچەوانەی خواستی ئۆپۆزسیۆن بنوسێت، یان رووماڵ بكات، دەستبەجێ دەبێتە "زوڕناژەنی دەسەڵات" و "بوون بەشێك لە مەكینەی راگەیاندنی حزبەكانی دەسەڵات".
بە دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆنەوە، بە تایبەتی ئۆپۆزسیۆنی دوێنی و دەسەڵاتی ئەمڕۆ پێویستە باش لە میدیا سەربەخۆ بگەن و هەوڵ نەدەن بیكەنە سەر بە "خۆ" یان. ئەمەی هەركامیان دەیكەن "بەمێگەل"كردنی كۆمەڵگایە و هێرشێكی راستەوخۆیە بۆ سەر دەنگە ئازادەكان و هەڵمەتێكە بۆ دەستبەسەرداگرتنیان و هەڵسوڕانیان بە ئاراستەی مەیل و ویستی خۆیان و ئەمەش پڕاوپڕی وشەكە نمونە بەرجستە "توتالیتاریانیزمە".
هەر ئەو ئۆپۆزسیۆنەی دوێنی كە ئەمڕۆ هەڵپەی دەسەڵاتیەتی، تادوێنێ باسی لە ئازادی رۆژنامەگەری دەكرد و ئازادی دەست راگەیشتن بە زانیاری دەركرد، ئەمڕۆ كە هەر بە بۆنی بادەی سوڵتە و هێز سەرخۆش بووە، بایكۆتی ئەو دەزگا سەربەخۆیانە دەكات كە لە ماوەی هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردن نەبوونە بەشێك لە مەكینەی راگەیاندنەكەی و رەنگە بە وشەیەك یان تاقە هەواڵێك پێچەوانەی خواست و ویستی ئەویان بڵاوكردبێتەوە.
پێشێلی ئازادی كاری رۆژنامەنووسی تەنیا خۆی هەڵسوكەوتی توند و ئەشكەنجە و هەڕەشە و كوشتن نابینێتەوە، بەلچكوو ئەمەی لەم هەریچمەی ئێمەدا زۆرجار بەرامبەر دەزگای سەربەخۆ دەكرێت، لە بایكۆت كردن و تۆمەتبار كردن و بێ بەشكردنی لە سەرچاوەكانی زانیاری خۆی لە خۆیدا گەورەترین پێشێلێكە كە بەرامبەر رۆژنامەگەری سەربەخۆ دەكرێت.
لە كۆتاییدا پێویستە ئەوەش باسكەم، هەڵزنینی ئۆپۆزسیۆن بەرەو كۆشكی دەسەڵات دەرفەتێكی زێڕینیشە بۆ ئەوەی دەمامكی هەندێك میدیا بە ناو سەربەخۆی ناو گۆڕەپانی رۆژنامەگەری كوردی لاببرێت و بە قڕوقوپ كردنیان لەبەردەم كەموكوڕیەكان ئۆۆپۆزسیۆنی دوێنی و دەوڵەتمەدارەكانی سبەینێ ناسنامەی راستەقینەی خۆیان وەربگرنەوە بەوەش سیمای میدیای سەربەخۆی رەسەن زیاتر بدرەوشێتەوە و بە هەمان مەودای یەكسانی پێشووی لە دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆنی سبەی رۆژ ببێتە دەنگ و رەنگ و چاو گوێی خەڵك و زانیاریان پێببەخشێت.

Widespread arrest of Kurdish activists on charges of participating in Nowruz celebrations

The arrest of Kurdish civil activists continues on the charge of participating in Nowruz celebrations, and 15 civil activists, political a...