Sunday, August 9, 2015

زه‌نگی مه‌ترسی بۆ حزبه‌كانی رۆهه‌ڵاتی كوردستان لێدرا


NNSROJ: دوابەدوای بڵاوبوونەوەی هەواڵی شكستپێهێنانی هەوڵی كوشتنی رەزا كەعبی جێگری سكرتێری كۆمەڵەی زەحمەتكێشان، هەواڵی پوچەڵكردنەوەی چوار بۆمب لە بارەگای كۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتكێشانی كوردستانی ئێران بڵاوكرایەوە.
ئەبوبەكر مودەرسی، جێگری سكرتێری گشتی كۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتكێشانی كوردستانی ئێران بە ناوەندی نوچە و شرۆڤەی رۆژی راگەیاند: چوار بۆمب كە تێیاندا بڕی ۲۵ بۆ ۳۰ كیلۆگرام مادەی تەقینەوەی جۆری (C۴) بەكارهاتبوو، لە یەكێك لە بارەگاكانیان لە نزیك گوندی زڕگوێز دانراوە، بەڵام پێیان زانیوە و تیمەكانی پوچەڵكردنەوەی بۆمب توانیویانە بێ هیچ زیانێك پوچەڵیان بكەنەوە.
وتیشی: بۆمبەكان بەجۆرێك دانرابوون، كە یەك لەدوای یەك بتەقێنەوە، بۆ ئەوەی لەكاتی تەقینەوەی بۆمبێ یەكەمدا و دروستی بوونی قەرەباڵغی بۆمبەكانی تریش بتەقێنەوە و لە ئەنجامدا زۆر ترین زیان بگەیەنن.

حدکا دەڵێ پێشووتر هۆشدارمان دابوو- زیاتر
هەر لەو بارەوە سەرچاوەیەكی تایبەت لە كۆمەڵە بە ناوەندی نوچە و شرۆڤەی رۆژی راگەیاند: هەمان ئەو شەوەی كە هەوڵی “تیرۆركردنی” رەزا كەعبی دراوە، كەسێك بەناوی “ع.س” كە شۆفێری یەكێك لە ئۆرگانەكانی كۆمەڵەیە، چوار بۆمبەكەی داناوە، بۆ ئەوەی بە رێگەی تەلەفون بتەقێنەوە، بەڵام یەكێك لە پێشمەرگەكان بە رێكەوت جانتایەك لە ژێر یەكێك لە مێزەكانەوە دەبینێت و دواتر دەردەكەوێت كە بۆمبە و دوای ئاگاداركردنەوە تیمەكانی پوچەڵ كردنەوەی ئاسایش بۆمبەكان بێكاریگەر دەكرێن.
سەرچاوەكە ئاشكرای كرد، ئەو كەسەی تۆمەتبارە بە دانانی بۆمبەكان لە بارەگای كۆمەڵەی شۆڕشگێر، هاوشێوەی “ف.ئـ” كە هەوڵی كوشتنی جێگری سكرتێری گشتی كۆمەڵەی زەحمەتكێشانی دابوو، چەند رۆژ پێش رووداوەكە ئەویش هاوسەر و منداڵەكانی لە بارەگای كۆمەڵە گواستوەتەوە بۆ دەرەوە، تەنانەت بە وتەی دانیشتوانی گوندەكانی دەوروپشت، ئەو ئۆتۆمبێلەی كە “ع.س”ی گواستوەتەوە بۆ سلێمانی، هەر ئەو ئۆتۆمبێلە بووە، كە دوای شكستی هەوڵی كوشتنی رەزا كەعبی، تۆمەتباری ئەو پەلامارەی دەرباز كردبوو.
دوو هێرش لە یەك كاتدا بۆ سەر دوو لایەنی كۆمەڵە، كە بارەگاكانیشیان نزیكن لە یەك و هەروەها هەموو ئاماژەكانی تر، ئەو پرسیارە دەوروژێنن ئایا ئەو هێرشانە لە شوێنێكەوە رێكخراون یان نا.
لەو بارەوە رەزا كەعبی، كە لە هەوڵی كوشتن رزگاری بووە، بە ناوەندی نوچە و شرۆڤەی رۆژی راگەیاند، پەیوەندی نێوان ئەو دوو رووداوە لەوەدایە، كە ئێران سەرلەنوێ هێرشێكی دژ بە هێزەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان لە باشور دەستپێكردووە و ئەو دوو حاڵەتەش زەنگێكی مەترسیدارن بۆ سەرجەم لایەنەكان.
جێگری سكرتێری گشتی كۆمەڵەی زەحمەتكێشان باسی لەوەشكرد، سەرباری ئەوەی ئێران بانگەشە بۆ ئەوە دەكات كە حزبەكانی رۆژهەڵات هیچ كاریگەری و پێگەیەكی جەماوەریان نەماوە، بەڵام هەموو توانایەكی خستۆتەگەڕ بۆ ئەوەی زیان بە حزبەكانی رۆژهەڵاتی بگەیەنێت، ئەوەش بانگەشەكانی لە بارەی پێگە و قورسایی ئەو حزبانەوە بەتاڵ دەكاتەوە.

ڕەزا کەعبی لە هەوڵێکی ترۆرکران ڕزگاری بوو- زیاتر لەمبارەوە
هەر سەبارەت بەو مژارە، ئەبوبەكر مودەرسی وتی: بەو پێیەی دوای رێككەوتنی ئەتۆمی نێوان ئێران و گروپی پێنج كۆ یەك، هۆشداریان داوە لەوەی كە ئێران بە هۆی ئەو “پاشەكشێ ئابڕو بەرانەیەوە” پەلاماری بزوتنەوەی ئازادیخوازی ئێران و بەتایبەتی بزوتنەوەی ئازادی خوازی “كوردستانی رۆژهەڵات” دەدات، بۆیە هێرشەكە چاوەڕوانكراو بووە.
جێی باسە لە نەوەدەكانی سەدەی رابردووشدا ژمارەیەكی زۆر لە كادر و پێشمەرگەی حزبەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان لە باشوری كوردستان كوژراون یان رووبەرووی هەوڵی كوشتن (بەرێگەی دانانی بۆمب، ژەهر خواردكردن و دەستڕێژی گولە) و هەروەها رفاندن بوونەوە و لە سەرجەم ئەو حاڵەتانەشدا پەنجەی تۆمەتبار كردن بەرەو دەزگا سەربازی و هەواڵگریەكانی ئێران درێژدەكرێت، ئەمە جیا لەوەی بەرپرسانی ئەو حزبانە بە بەردەوامی باسیان لەوەكردووە، كە دەزگا هەواڵگریەكانی حكومەتی تاران، سیخۆڕەكانیان بە مەبەستی ئەنجامدانی كاری تێكدەری و دزەپێكردنی زانیاری دەنێرنە ریزی ئەو حزبانە.
م.ا


Saturday, August 8, 2015

شکستی هەوڵی تیرۆركردنی سەركردەیەكی رۆژهەڵاتی كوردستان



NNSROJ: “ڕەزا كەعبی”، جێگری سكرتێری گشتیی كۆمەڵەی زەحمەتكێشانی كوردستان لە هەوڵێكی كوشتن ڕزگاری بوو.
لەو بارەوە سەرچاوەیەک لە كۆمەڵەی زەحمەتكێشان بە ناوەندی نوچە و شرۆڤەی ڕۆژی راگەیاند: “شەوی هەینی لەسەر شەممە، پێشمەرگەیەكی كۆمەڵەی زەحمەتكێشانی كوردستان بە ناوی (ف.ئـ) لە كەمپی ئەو حیزبە لە گوندی زەڕگوێزی نزیک شاری سلێمانی، داوای كردووە چاوی بە ڕەزا كەعبی بكەوێت و بۆ ئەو مەبەستە چووەتە شوێنی حەوانەی ناوبراو”.
بە گوێرەی سەرچاوەکەی ئێن ئێن ئێس ڕۆژ، كاتێک ئەو پێشمەرگەیە چووەتە ژورەوە چەک و ڕەختەكەشی لەگەڵ خۆی بردووە و بۆیەش جێگری سكرتێری گشتیی كۆمەڵە لێی كەوتوەتە گومان و چاودێری كردووە.
سەرچاوەكە ڕوونیشیكردەوە، پێشمەرگەكە بە بیانووی خواردنەوەی ئاو چووەتە چێشتخانەی ماڵەكە و ڕەزا كەعبیش دوای كەوتووە و بینیویەتی دەمانچەیەكی بێدەنگ لە ژێر پشتێنەكەی دەردەهێنێت، لەو كاتەدا هێرشی كردۆتە سەر و دەستەویەخە بوون و دواجار ئەو بەرپرسەی كۆمەڵە توانیویەتی پێِشمەرگەكە چەک بكات و لە گەرماوی ماڵەكەیدا بەندی بكات.
بە وتەی سەرچاوەكە، لەو كاتەدا كە ڕەزا كەعبی پێشمەرگەكانی تری ئاگادار كردۆتەوە هێرشبەرەكە هەلەكەی قۆستوەتەوە توانیویەتی لە پەنجەرەی گەرماوەكەوە خۆی قوتار بكات و دەوترێت لەدەرەوەی كەمپی كۆمەڵە ئۆتۆمبێلێك چاوەڕێی كردووە و توانیویەتی لە ناوچەكە دوور بكەوێت.
جێی باسە لە ئێستادا هێزەكانی ئاسایش سەرقاڵی لێكۆڵینەوە لەو ڕووداوە و لە هەوڵی قۆڵبەستکردنی ئەو كەسەدان.
م.ا

Thursday, August 6, 2015

مرۆڤ كە هەرزانترین كاڵایە


ئەم رۆژهەڵاتی گۆی زەویە بەگشتی و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە تایبەتی شوێنی ئەتك كردنی هەموو چەمكە و بەها گەردونیەكانە.
بۆیە كە ئازادی خوازێك پاساو بۆ دیكتاتۆر دەهێنێتەوە و دەبێتە مقاش بۆی یان تەنانەت خۆی دەبێت بە دیكتاتۆر، یان فیمینیستێك “سەربەهەوێ شوو دەكات” یان كۆمۆنیستێك كرێكارێك دەچەوسێنێتەوە، یان ناسیۆنالیستێك وڵاتەكەی هەراج دەكات یان… وەك ئەوەی شتێكی سەیر روویدابێت هەموان تووشی سەرسوڕمان دەبن.. وەك ئەوەی نەزانن لەم كاولستانە هەموو شتێك رێی تێدەچێت..
تاڵتر لەم راستیە ئەوەیە هەر بەم چەمكانەش زۆرجار رۆژئاواییەكان خودی دانیشتوانی ئەم گۆشەیەی جیهان ئەتك دەكەنەوە… مافی مرۆڤ، ئازادی، مافی چارەی خۆنوسین و .. كە بۆنی نەوت سەرخۆشیان بكات دیكتاتۆرێك دەبێتە باشترین هاوپەیمانیان لە ناوچەكە و كە بایی پڕكردنی گیرفانیشیان نەبوو، نەتەوەیەكی بێ بەشكراو لەهەموو مافەكانی خوا نەكات بەردێك بگرێتە داگیركەرەكەی، ئیتر دەبێتە تیرۆریست و مەترسی بۆ سەر ئاشتی جیهان و شایەنی ئەوەیە هەموو خراپەیەكی بەرامبەر بكرێت..
دیسان هەموان سەریان دەسوڕمێت.. غافڵ لەوەی لەو مەزادخانەیەی رۆژئاوا هەموو شتێك نرخێكی لەسەر دانراوە و كڕین و فرۆشتنی پێوەدەكرێت لە سەرووی هەموشیانەوە مرۆڤ كە هەرزانترین كاڵایە..

17-year-old kolber lost one of his eyes

17-year-old kolber from Sardasht, who was injured in two eyes due to the firing of the Iranian military forces, lost one of his eyes and hi...