Sunday, August 9, 2015

زه‌نگی مه‌ترسی بۆ حزبه‌كانی رۆهه‌ڵاتی كوردستان لێدرا


NNSROJ: دوابەدوای بڵاوبوونەوەی هەواڵی شكستپێهێنانی هەوڵی كوشتنی رەزا كەعبی جێگری سكرتێری كۆمەڵەی زەحمەتكێشان، هەواڵی پوچەڵكردنەوەی چوار بۆمب لە بارەگای كۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتكێشانی كوردستانی ئێران بڵاوكرایەوە.
ئەبوبەكر مودەرسی، جێگری سكرتێری گشتی كۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتكێشانی كوردستانی ئێران بە ناوەندی نوچە و شرۆڤەی رۆژی راگەیاند: چوار بۆمب كە تێیاندا بڕی ۲۵ بۆ ۳۰ كیلۆگرام مادەی تەقینەوەی جۆری (C۴) بەكارهاتبوو، لە یەكێك لە بارەگاكانیان لە نزیك گوندی زڕگوێز دانراوە، بەڵام پێیان زانیوە و تیمەكانی پوچەڵكردنەوەی بۆمب توانیویانە بێ هیچ زیانێك پوچەڵیان بكەنەوە.
وتیشی: بۆمبەكان بەجۆرێك دانرابوون، كە یەك لەدوای یەك بتەقێنەوە، بۆ ئەوەی لەكاتی تەقینەوەی بۆمبێ یەكەمدا و دروستی بوونی قەرەباڵغی بۆمبەكانی تریش بتەقێنەوە و لە ئەنجامدا زۆر ترین زیان بگەیەنن.

حدکا دەڵێ پێشووتر هۆشدارمان دابوو- زیاتر
هەر لەو بارەوە سەرچاوەیەكی تایبەت لە كۆمەڵە بە ناوەندی نوچە و شرۆڤەی رۆژی راگەیاند: هەمان ئەو شەوەی كە هەوڵی “تیرۆركردنی” رەزا كەعبی دراوە، كەسێك بەناوی “ع.س” كە شۆفێری یەكێك لە ئۆرگانەكانی كۆمەڵەیە، چوار بۆمبەكەی داناوە، بۆ ئەوەی بە رێگەی تەلەفون بتەقێنەوە، بەڵام یەكێك لە پێشمەرگەكان بە رێكەوت جانتایەك لە ژێر یەكێك لە مێزەكانەوە دەبینێت و دواتر دەردەكەوێت كە بۆمبە و دوای ئاگاداركردنەوە تیمەكانی پوچەڵ كردنەوەی ئاسایش بۆمبەكان بێكاریگەر دەكرێن.
سەرچاوەكە ئاشكرای كرد، ئەو كەسەی تۆمەتبارە بە دانانی بۆمبەكان لە بارەگای كۆمەڵەی شۆڕشگێر، هاوشێوەی “ف.ئـ” كە هەوڵی كوشتنی جێگری سكرتێری گشتی كۆمەڵەی زەحمەتكێشانی دابوو، چەند رۆژ پێش رووداوەكە ئەویش هاوسەر و منداڵەكانی لە بارەگای كۆمەڵە گواستوەتەوە بۆ دەرەوە، تەنانەت بە وتەی دانیشتوانی گوندەكانی دەوروپشت، ئەو ئۆتۆمبێلەی كە “ع.س”ی گواستوەتەوە بۆ سلێمانی، هەر ئەو ئۆتۆمبێلە بووە، كە دوای شكستی هەوڵی كوشتنی رەزا كەعبی، تۆمەتباری ئەو پەلامارەی دەرباز كردبوو.
دوو هێرش لە یەك كاتدا بۆ سەر دوو لایەنی كۆمەڵە، كە بارەگاكانیشیان نزیكن لە یەك و هەروەها هەموو ئاماژەكانی تر، ئەو پرسیارە دەوروژێنن ئایا ئەو هێرشانە لە شوێنێكەوە رێكخراون یان نا.
لەو بارەوە رەزا كەعبی، كە لە هەوڵی كوشتن رزگاری بووە، بە ناوەندی نوچە و شرۆڤەی رۆژی راگەیاند، پەیوەندی نێوان ئەو دوو رووداوە لەوەدایە، كە ئێران سەرلەنوێ هێرشێكی دژ بە هێزەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان لە باشور دەستپێكردووە و ئەو دوو حاڵەتەش زەنگێكی مەترسیدارن بۆ سەرجەم لایەنەكان.
جێگری سكرتێری گشتی كۆمەڵەی زەحمەتكێشان باسی لەوەشكرد، سەرباری ئەوەی ئێران بانگەشە بۆ ئەوە دەكات كە حزبەكانی رۆژهەڵات هیچ كاریگەری و پێگەیەكی جەماوەریان نەماوە، بەڵام هەموو توانایەكی خستۆتەگەڕ بۆ ئەوەی زیان بە حزبەكانی رۆژهەڵاتی بگەیەنێت، ئەوەش بانگەشەكانی لە بارەی پێگە و قورسایی ئەو حزبانەوە بەتاڵ دەكاتەوە.

ڕەزا کەعبی لە هەوڵێکی ترۆرکران ڕزگاری بوو- زیاتر لەمبارەوە
هەر سەبارەت بەو مژارە، ئەبوبەكر مودەرسی وتی: بەو پێیەی دوای رێككەوتنی ئەتۆمی نێوان ئێران و گروپی پێنج كۆ یەك، هۆشداریان داوە لەوەی كە ئێران بە هۆی ئەو “پاشەكشێ ئابڕو بەرانەیەوە” پەلاماری بزوتنەوەی ئازادیخوازی ئێران و بەتایبەتی بزوتنەوەی ئازادی خوازی “كوردستانی رۆژهەڵات” دەدات، بۆیە هێرشەكە چاوەڕوانكراو بووە.
جێی باسە لە نەوەدەكانی سەدەی رابردووشدا ژمارەیەكی زۆر لە كادر و پێشمەرگەی حزبەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان لە باشوری كوردستان كوژراون یان رووبەرووی هەوڵی كوشتن (بەرێگەی دانانی بۆمب، ژەهر خواردكردن و دەستڕێژی گولە) و هەروەها رفاندن بوونەوە و لە سەرجەم ئەو حاڵەتانەشدا پەنجەی تۆمەتبار كردن بەرەو دەزگا سەربازی و هەواڵگریەكانی ئێران درێژدەكرێت، ئەمە جیا لەوەی بەرپرسانی ئەو حزبانە بە بەردەوامی باسیان لەوەكردووە، كە دەزگا هەواڵگریەكانی حكومەتی تاران، سیخۆڕەكانیان بە مەبەستی ئەنجامدانی كاری تێكدەری و دزەپێكردنی زانیاری دەنێرنە ریزی ئەو حزبانە.
م.ا


No comments:

Post a Comment

Execution of 9 people in one day.. 7 of them were executed in Kurdistan

At least 7 prisoners were executed in Urumieh and Selmas prisons, and two more prisoners were executed in Nishabour and Qom prisons. In the...