Wednesday, July 29, 2015

زنجیرەیەک پێكدادان لە نێوان گەریلاكانی كۆدار و سوپای پاسداران


NNSROJ: یەكینەكانی ڕۆژهەڵاتی كوردستان (یەرەكە) كە بە باسكی سەربازی كۆمەڵگای دیموكراتیک و ئازادی رۆژهەڵاتی كوردستان (كۆدار) دادەنرێت، ئاشكرای كرد لە ماوەی ڕابردوو لە تێكهەڵچوونی نێوان گەریلاكانیان و هێزەكانی كۆماری ئیسلامی ئێران لە سێ ناوچەی رۆژهەڵاتی كوردستان ۵ ئەندامی هێزەكانی سەر بە حكوومەت كورژراون و بنكەیەكی سەربازیش تەقێنراوەتەوە.
ماڵپەڕی فەرمی كۆدار بڵاویكردەوە، لە نزیك گردی “حاجی بەگ”ی شاری خۆی هێزە تایبەتەكانی سوپای پاسداران هەڵمەتێكی گەڕان و پشكنینیان ئەنجامداوە و بەهۆیەوە پێكدادان لە نێوان ئەو هێزانە و گەریلاكانی یەرەكە هاتۆتە ئاراوە و لە ئەنجامدا سێ “تەكاوەر” كوژراون و دوو ئەندامی تری سوپای پاسدارانیش برینداربوون.
سەرچاوەکە ئەوەشی خستۆتە ڕوو كە یەكێک لە بریندارەكان دوای گەیاندنی بۆ نەخۆشخانە گیانی لەدەستداوە.
هاوكات هەر بەپێی ئەو ماڵپەڕە، لە نزیک شاری كامیارانیش هێزێكی سوپای پاسداران، كە لە گردی “زەڕنە” سەرقاڵی دروستكردنی بنكەیەكی سەربازی بوون، لە لایەن گەریلاكانی یەرەكەوە كراونەتە ئامانج و بەهۆیەوە پاسدارێک كوژراوە.
هەمان سەرچاوە باسی لەوەش کردووە کە سوپای پاسداران بەنیازبووە لە نزیک گوندی دەرەویانی سەر بە دیواندەرە، بنكەیەكی سەربازی دروست بكات، بەڵام گەریلاكانی یەرەكە هێرشیان كردۆتە سەر ئەو بنكەیە و تەقاندوویانەتەوە.
تا کاتی بڵاو کردنەوەی ئەم هەواڵە، بەرپرسانی سەربازیی ئێران، هیچ کاردانەوەیەکیان بەرانبەر بە بڵاوکردنەوەی ئەم هەواڵە نیشان نەداوە.
م.ا.

Saturday, July 18, 2015

بەغدا؛ کەمپی پەنابەرانی ئێرانی گەمارۆ دراوە


NNSROJ
: دانیشتووانی کەمپی لیبێرتی لە نزیک بەغدا، کە لە ئەندامانی “ڕێکخراوی موجاهیدینی خەڵق” پێکهاتوون، باس لەوە دەکەن لەلایەن حکوومەتی عێراقەوە گەمارۆیەکی توندیان خراوەتە سەر و ڕێگە بە ڕەوانەکردنی خۆراک، دەرمان و سووتەمەنی بۆ ناو کامپەکە نادرێت و ئەمەش ژیانی دانیشتووانەکەی خستۆتە مەترسیەوە.
دانیشتووانی کەمپی لیبێرتی، بەمەبەستی ناڕەزایەتی دەربڕین بەرامبەر ئەو گەمارۆدانە، گردبوونەوەیەکی ناڕەزاییان رێکخست و تێیدا داوایان لە ئەمریکا، نەتەوەیەکگرتوەکان و رێکخراوە جیهانیەکان کرد، بەهانایانەوە بچن و بە ڕێگەی کۆتاییهێنان بەو گەمارۆیە، ڕێگری لە ڕوودانی کارەساتێکی مرۆیی بکەن.
دانیشتووانی کەمپی ئاماژەپێکراو کە پێشتر لە کەمپی ئەشرەف دەمانەوە، لە ساڵی ٢٠١٢وە گواستراوەنەتەوە بۆ کەمپی لیبێرتی لە نزیک فڕۆکەخانەی بەغدا و تا ئێستا ژمارەیەکیان لەلایەن چەند وڵاتێکی ئەوروپیەوە وەرگیراون.
وەک خۆیان باسی لێدەکەن، ئەم گوشارانەی لە ماوەی رابردوودا لەسەریان چڕبۆتەوە، بە فەرمانی راستەوخۆی ئێرانە و لە لایەن “فالح فەیاز”، راوێژکاری پێشووی ئاسایشی نەتەوەیی عێراقەوە جێبەجێ دەکرێت و ئاماژە بەوە دەدەن بە فەرمانی ناوبراو تەنانەت رێگەش نادرێت، ئەو تانکەرانەی زێراب و پاشەڕۆی کەمپەکە دەگوازنەوە، بچنە ناو کەمپەکە.
بەشداربووان، لە گردبوونەوە ناڕەزایەتییەکەدا بە بیریان هێنایەوە کە تا ئێستا لە ئەنجامی ئەو هێرشانەی لە شەش ساڵی رابردوودا بە فەرمانی ئێران کراوەتە سەر دانیشتوانی کەمپەکانی لیبێرتی و ئەشرەف، ١٣٦ کەس کوژراون و هەزار و ٣٨٠ کەسی تر برینداربوون و ٢٥ کەسیش بە هۆی نەبوونی خزمەتگوزاری پزیشکی گەمارۆکانەوە، گیانیان لەدەست داوە.
م.ا

Friday, July 17, 2015

بەندكراوێكی سیاسی: ڕێگەم بدەن بە هانای كوڕەكەمەوە بچم


NNSROJ: بەندكراوێكی سیاسی كورد، دوای مردنی هاوسەرەكەی و خۆكوشتنی كچەكەی، داوا دەكات ڕێگەی پێبدرێت بە هانای كورەكەیە بچێت، كە بەهۆی دۆخی بنەماڵەكەیەوە تووشی خەمۆكی بووە.
محەمەدئەمین ئاگووشی، بەندكراوی سیاسی كورد لە لێدوانێكدا بۆ ئاژانسی موكریان نیوز، وێڕای دەربڕینی ناڕەزایەتی خۆی بەو سزایەی بەسەریدا سەپێنراوە، كە بریتیە لە ۱۰ ساڵ بەندكردن و دوور خستنەوە، باسی لەو كێشە و گرفتانە كردووە كە لە ماوەی حەوت ساڵی رابردوودا لەگرتووخانەكانی ورمێ و زاهیدان بەرەوڕوویان بووەتەوە.
ئاگووشی، كە بۆ بەشداركردن لە ڕێورەسمی بەخاكسپاردنی كچەكەی (كانی ئاگووشی) مۆڵەتی وەرگرتووە و سەردانی شاری پیرانشاری كردووە، دەربارەی ئەو گرفتانەی لە ماوەی زیندانیبوونیدا بۆ خۆی و بنەماڵەكەی هاتوونەتەپێش بەم جۆرە بۆ ئەو سەرچاوەیە دواوەوە، “دوابەدوای ئەو سزایەی لە لایەن لقی ۲ دادگای سەربازی ورمێوە بۆ من بڕدرایەوە، ژیانم لەبەریەک هەڵوەشایەوە، ساڵی ڕابردوو هاوسەرەكەم تووشی جەڵتەی مێشک بوو، پاش یەک مانگ كۆچی دوایی كرد، ئەمساڵیش كچەكەم، كە خوێندكاری قۆناغی كۆتایی كارناسی بوو بەهۆی تەنیایی و ئەو گوشارە دەروونیانەی لە ئەنجامی مەرگی دایكی و ئامادەنەبوونی منەوە رووبەوڕووی ببونەوە كۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا”.
ناوبراو سەبارەت بە تەندروستی خۆیشی رایگەیاند: بەهۆی ئەو نەهامەتییانە فشارێكی دەروونی زۆرم لەسەرە و جیا لەوەش نەخۆشی كەمخوێنی (تالاسیما)م هەیە و پێویستیەكی خێرام بە چاودێری و چارەسەری پزیشكی هەیە.
ئەو بەندكراوە تەمەن ۵۶ ساڵەیە كە مامۆستای خانەنشینە، لە درێژەدا بەم جۆرە باسی لە دۆخی كوڕەكەی كردووە، “لە ئێستادا كوڕەكەم بە هۆی بێكاری و مەینەتیەكانی بنەماڵەكەی بەتایبەتی لەدەستدانی دایك و خوشكەكەی تووشی خەمۆكی بووە و پێویستی بەوە هەیە كە چاودێری بكرێت، داواكارم لە دەسەڵاتی دادوەری هاوكاریم بكەن بۆ ئەوەی كوڕەكەم لە دۆخە دژوارە رزگار بكەم و نەهێڵم وەك هاوسەر و كچەكەم لە دەستم بچێت”.
محەمەد ئەمین ئاگووشی ساڵی ۲۰۰۷ لەگەڵ هەر یەك لە ئەحمەد پولادخانی (خەڵكی پیرانشار) و ئیرەج محەمەدی خەڵكی میاندواو، دەستبەسەر كرا و بەتۆمەتی “سیخۆڕی كردن بۆ هەرێمی كوردستان” سەرەتا سزای لەسێدارەدان و دوورخستنەوەی بەسەردا سەپێنرا، بەڵام دواتر سزاكەی گۆڕدرا بۆ ۱۰ ساڵ زیندانی كردن و دوور خستنەوە بۆ گرتووخانەی زاهیدان و دەبێت سێ ساڵی تر ماوەی سزاكەی تێپەڕێنێت.
م.ا

17-year-old kolber lost one of his eyes

17-year-old kolber from Sardasht, who was injured in two eyes due to the firing of the Iranian military forces, lost one of his eyes and hi...