Tuesday, June 4, 2024
کۆڵبەری؛ دووڕێیانی نان یان نەمان.. گەڕان بەدوای دەرچەیەک بۆ شکاندنی بێدەنگی
کۆڵبەرەکان مانگێکی دیکەی خوێناوییان بەڕێ کرد، ئەوەی هەڵدەکشێت تەنیا ژمارەی قوربانیانە و ئەوەی وەک خۆی ماوە بێدەنگیە بەرامبەر بەم کوشتارە سیستماتیکە.. نە ژیانیان باشتر دەکرێت، نە مەرگیان دەبێتە هۆی راچڵەکین و بزواندنی ئەو دۆسیە.
بەگوێرەی ئەو ئامارانەی ناوەندەکانی داکۆکیکار لە مافەکانی مرۆڤ بڵاویان کردووەتەوە، لە مانگی پێنجی ئەمساڵدا لانیکەم ٨ کۆڵبەر و ٢ کاسبکاری کورد کوژراون، کە سەرجەمیان بە تەقەی هێزەکانی رژێمی ئێران ژیانیان لەدەستداوە.
ژمارەکە بۆ ئەمساڵ، لە ٤٠ کەس نزیک دەبێتەوە، بەڵام وەک هەواڵێکی ناوخۆیی بەشێک لە میدیاکانی رۆژهەڵات و جار جارەش میدیاکانی باشوور و پارچەکانی دیکە ئاوڕ لەم مەرگەساتە دەدرێتەوە و میدیای ئێرانی و جیهانیش لەم تاوانە بێدەنگن.
بێکاری، گرانی وهەڵاوسان و نەبوونی هەلی کار وایکردووە دەیان هەزار کەس لە دانیشوانی ناوچە سنووریەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان روو لە کاری کۆڵبەری بکەن.
بە کۆڵ بە شاخ و رێگە سەختە سنووریەکانی نێوان ئێران و عێراق لە بەرامبەر پارەیەکی کەم کە هەندێک جار ناگاتە ١٠ دۆلار بۆ هەرکۆڵێک و رەنگە بەچەند رۆژ بەخت یاوەریان بێت و کۆڵێکیان بۆ گواستنەوە دەستبکەوێت، دەچنە شەڕی دابینکردنی بژێوی و درێژەدان بە ژیانێکی کولەمەرگی.
نانەکەیان نەک لە قوڕگی شێر بەڵکوو رێک لە قوڕگی مەرگدایە، چاوی سیلەگرتوو و پەنجەی سەر بەلەپیتکەی پاسەوانانی سنوور، لە بۆسەیاندایە، بێ ئاگادارکردنەوە و هەندێک جار لە مەودای یەک مەتروە گیانیان دەکێشێت، یان جەستەیان بە چەکی ساچمەیی دەکرێتە بێژنگ و چەند مانگێک رەنگە بۆ هەتا هەتایە بەو بیرینەوە بناڵێنن و کەمئەندام بن.
کەوتنە خوارەوە لە بەرزایی، یان کەوتنە ناو رووبارە بە خوڕە سنوورییەکان و رەقبوونەوە و کەوتنە ژێر هەرەسی بەفر و چوونە سەر مینە بەجێماوەکانی شەڕی هەشت ساڵەی ئێران و عێراقیش لەولاوە بوەستێت.
چیرۆکی هەرکامێکیان هەوێنی چەندین رۆمان و فیلمە، مەرگەسات و کارەساتە راستەقینەکە، نەک کوشتارەکەیان، بەڵکو ناچارکردنیانە بەوەی بۆ دەستخستنی بژێوی خۆبدەنە بەر ئەو هەموو مەترسیە. ئەوەی تووشی ئەو چارەنوسەی کردوون، هەرخۆشی گیانیان دەکێشێت و هەرخۆیشی تەقەکەران لە سزا قوتار دەکات.
لەوەش کارەساتبارتر، بێدەنگی کوشندەیە، نەبوونی ئەم دۆسیەیە بە پرسێکی مرۆیی، کە تائاستی جینۆساید، لینچ کردن و سڕینەوەی کەمینەیەک لەلایەن زۆرینەی دەسەڵاتدارەوە دەتوانرێت بجوڵێنرێت.
هەندێک جار بیردەکەمەوە کە رەنگە ئیرادەیەک هەبێت بۆ نەبینینی ئەم برینە، جار جاریش دەڵێم پێدەچێت کەمتەرخەمی بێت، یاخود ئەوەی نەزانرابێت وەک خۆی حەقی دۆسیەکە بدرێت.
لەوانەیە دۆخەکە وەک پێویست رووننەکرابێتەوە، بەڵگەمەند و بە داتای ورد دۆخی ئابوری، جیاکاری و هەڵاواردن بەرامبەر بە ناوچە کوردیەکان لە بودجە و ئاستی بێکاری لەو ناوچانە چەندە و بەراورد بەناوچەکانی دیکە تاچەند پەراوێزخراون؟
ئایا بەراست کۆلبەری و گواستنەوەی کاڵا ئەو زیانە زەبەلاحە بە ئابوری ئێران دەگەیەنن، کە ئاوا بێباکانە و لە پای ئەو "تاوانە" بدرێنە بەر دەستڕێژی گولـلە؟
یاساکانی ئێران چی دەڵێن؟ لە یاسای بەکارهێنانی چەک لەلایەن هێزە چەکدارەکانەوە تا بەدواداچوون بۆ دۆسیەکانی کوشتن و بریندارکردنیان؟
هەر لە رووی یاساییەوە و بە دیوە نێودەوڵەتیەکەی کوشتاری کۆڵبەران دەکەوێتە چ خانەیەکەوە، تاوانێکی ئاسایی هێزەکانی دەوڵەت، کوشتاری کەمینەیەک، جینۆساید، لەسێدارەدانی بێدادگایی یان چ قاڵب و چەمکێکی یاسایی؟
تاچەند ئەو دۆسیە گەیەندراوەتە ناوەندە نێودەوڵەتیەکان، بە رێکخراوەکانی داکۆکیکار لە مافەکانی مرۆڤ تا رێکخراوە و دەزگاکانی سەر بە نەتەوەیەکگرتووەکان، ئەگەر گەیەندراوە، بۆچی بەهەند وەرنەگیراوە و پاساوەکانیان کامانە بوون؟
هەموو ئەم پرسیارانە واتا ئەوەی جگە لە بەڵگەمەندکردنی کوشتاری کۆڵبەران، دەبێت لە رووی ئابووریەوە دۆخەکە تەواو روونبکرێتەوە، لە رووی یاساییەوە بەرگێک بۆ ئەو دۆسیە و چەسپاندنی دادپەروەری بکرێت، لە رووی میدیاییشەوە هەر هیچ نەبێت بکرێت بە کەیسێکی ئاشنا لای میدیای جیهانی، بەم جۆرە بێدەنگی بەرامبەر بەم کارەساتە دەشکێت، تەنیا لەوەها دۆخێکدا فەرماندەر و ئەنجامدەری تاوانەکە ناتوانن چیتر بێ سڵکردنەوە و بێباکانە سیلەیان لێبگرن و گیانیان بکێشن.
Subscribe to:
Post Comments (Atom)
Execution of two Kurdish prisoners in Iran
Two Kurdish prisoners were executed in Urmia and Birjand prisons. On the morning of Thursday, July 25, Kamran Sheikha, a Kurdish prisoner o...
-
ناسر فکوهی وهرگێڕان:محهمهد حهسهن مرۆڤناسی فیمینیستی له ساڵهکانی 1970 و 1980 شان به شانی جوڵانهوهی گشتی فیمینیستی له ناو بزوت...
-
/ دیدار: محهمهد ئهمینی/ چەتر پڕێس کهریم مهرهسهنه دامهزرێنهری ههردوو سایتی (رۆژههڵات و رێنسانس) له دیمانهیهکی (چهتر)دا باس...
No comments:
Post a Comment