Sunday, August 9, 2015

زه‌نگی مه‌ترسی بۆ حزبه‌كانی رۆهه‌ڵاتی كوردستان لێدرا


NNSROJ: دوابەدوای بڵاوبوونەوەی هەواڵی شكستپێهێنانی هەوڵی كوشتنی رەزا كەعبی جێگری سكرتێری كۆمەڵەی زەحمەتكێشان، هەواڵی پوچەڵكردنەوەی چوار بۆمب لە بارەگای كۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتكێشانی كوردستانی ئێران بڵاوكرایەوە.
ئەبوبەكر مودەرسی، جێگری سكرتێری گشتی كۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتكێشانی كوردستانی ئێران بە ناوەندی نوچە و شرۆڤەی رۆژی راگەیاند: چوار بۆمب كە تێیاندا بڕی ۲۵ بۆ ۳۰ كیلۆگرام مادەی تەقینەوەی جۆری (C۴) بەكارهاتبوو، لە یەكێك لە بارەگاكانیان لە نزیك گوندی زڕگوێز دانراوە، بەڵام پێیان زانیوە و تیمەكانی پوچەڵكردنەوەی بۆمب توانیویانە بێ هیچ زیانێك پوچەڵیان بكەنەوە.
وتیشی: بۆمبەكان بەجۆرێك دانرابوون، كە یەك لەدوای یەك بتەقێنەوە، بۆ ئەوەی لەكاتی تەقینەوەی بۆمبێ یەكەمدا و دروستی بوونی قەرەباڵغی بۆمبەكانی تریش بتەقێنەوە و لە ئەنجامدا زۆر ترین زیان بگەیەنن.

حدکا دەڵێ پێشووتر هۆشدارمان دابوو- زیاتر
هەر لەو بارەوە سەرچاوەیەكی تایبەت لە كۆمەڵە بە ناوەندی نوچە و شرۆڤەی رۆژی راگەیاند: هەمان ئەو شەوەی كە هەوڵی “تیرۆركردنی” رەزا كەعبی دراوە، كەسێك بەناوی “ع.س” كە شۆفێری یەكێك لە ئۆرگانەكانی كۆمەڵەیە، چوار بۆمبەكەی داناوە، بۆ ئەوەی بە رێگەی تەلەفون بتەقێنەوە، بەڵام یەكێك لە پێشمەرگەكان بە رێكەوت جانتایەك لە ژێر یەكێك لە مێزەكانەوە دەبینێت و دواتر دەردەكەوێت كە بۆمبە و دوای ئاگاداركردنەوە تیمەكانی پوچەڵ كردنەوەی ئاسایش بۆمبەكان بێكاریگەر دەكرێن.
سەرچاوەكە ئاشكرای كرد، ئەو كەسەی تۆمەتبارە بە دانانی بۆمبەكان لە بارەگای كۆمەڵەی شۆڕشگێر، هاوشێوەی “ف.ئـ” كە هەوڵی كوشتنی جێگری سكرتێری گشتی كۆمەڵەی زەحمەتكێشانی دابوو، چەند رۆژ پێش رووداوەكە ئەویش هاوسەر و منداڵەكانی لە بارەگای كۆمەڵە گواستوەتەوە بۆ دەرەوە، تەنانەت بە وتەی دانیشتوانی گوندەكانی دەوروپشت، ئەو ئۆتۆمبێلەی كە “ع.س”ی گواستوەتەوە بۆ سلێمانی، هەر ئەو ئۆتۆمبێلە بووە، كە دوای شكستی هەوڵی كوشتنی رەزا كەعبی، تۆمەتباری ئەو پەلامارەی دەرباز كردبوو.
دوو هێرش لە یەك كاتدا بۆ سەر دوو لایەنی كۆمەڵە، كە بارەگاكانیشیان نزیكن لە یەك و هەروەها هەموو ئاماژەكانی تر، ئەو پرسیارە دەوروژێنن ئایا ئەو هێرشانە لە شوێنێكەوە رێكخراون یان نا.
لەو بارەوە رەزا كەعبی، كە لە هەوڵی كوشتن رزگاری بووە، بە ناوەندی نوچە و شرۆڤەی رۆژی راگەیاند، پەیوەندی نێوان ئەو دوو رووداوە لەوەدایە، كە ئێران سەرلەنوێ هێرشێكی دژ بە هێزەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان لە باشور دەستپێكردووە و ئەو دوو حاڵەتەش زەنگێكی مەترسیدارن بۆ سەرجەم لایەنەكان.
جێگری سكرتێری گشتی كۆمەڵەی زەحمەتكێشان باسی لەوەشكرد، سەرباری ئەوەی ئێران بانگەشە بۆ ئەوە دەكات كە حزبەكانی رۆژهەڵات هیچ كاریگەری و پێگەیەكی جەماوەریان نەماوە، بەڵام هەموو توانایەكی خستۆتەگەڕ بۆ ئەوەی زیان بە حزبەكانی رۆژهەڵاتی بگەیەنێت، ئەوەش بانگەشەكانی لە بارەی پێگە و قورسایی ئەو حزبانەوە بەتاڵ دەكاتەوە.

ڕەزا کەعبی لە هەوڵێکی ترۆرکران ڕزگاری بوو- زیاتر لەمبارەوە
هەر سەبارەت بەو مژارە، ئەبوبەكر مودەرسی وتی: بەو پێیەی دوای رێككەوتنی ئەتۆمی نێوان ئێران و گروپی پێنج كۆ یەك، هۆشداریان داوە لەوەی كە ئێران بە هۆی ئەو “پاشەكشێ ئابڕو بەرانەیەوە” پەلاماری بزوتنەوەی ئازادیخوازی ئێران و بەتایبەتی بزوتنەوەی ئازادی خوازی “كوردستانی رۆژهەڵات” دەدات، بۆیە هێرشەكە چاوەڕوانكراو بووە.
جێی باسە لە نەوەدەكانی سەدەی رابردووشدا ژمارەیەكی زۆر لە كادر و پێشمەرگەی حزبەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان لە باشوری كوردستان كوژراون یان رووبەرووی هەوڵی كوشتن (بەرێگەی دانانی بۆمب، ژەهر خواردكردن و دەستڕێژی گولە) و هەروەها رفاندن بوونەوە و لە سەرجەم ئەو حاڵەتانەشدا پەنجەی تۆمەتبار كردن بەرەو دەزگا سەربازی و هەواڵگریەكانی ئێران درێژدەكرێت، ئەمە جیا لەوەی بەرپرسانی ئەو حزبانە بە بەردەوامی باسیان لەوەكردووە، كە دەزگا هەواڵگریەكانی حكومەتی تاران، سیخۆڕەكانیان بە مەبەستی ئەنجامدانی كاری تێكدەری و دزەپێكردنی زانیاری دەنێرنە ریزی ئەو حزبانە.
م.ا


Saturday, August 8, 2015

شکستی هەوڵی تیرۆركردنی سەركردەیەكی رۆژهەڵاتی كوردستان



NNSROJ: “ڕەزا كەعبی”، جێگری سكرتێری گشتیی كۆمەڵەی زەحمەتكێشانی كوردستان لە هەوڵێكی كوشتن ڕزگاری بوو.
لەو بارەوە سەرچاوەیەک لە كۆمەڵەی زەحمەتكێشان بە ناوەندی نوچە و شرۆڤەی ڕۆژی راگەیاند: “شەوی هەینی لەسەر شەممە، پێشمەرگەیەكی كۆمەڵەی زەحمەتكێشانی كوردستان بە ناوی (ف.ئـ) لە كەمپی ئەو حیزبە لە گوندی زەڕگوێزی نزیک شاری سلێمانی، داوای كردووە چاوی بە ڕەزا كەعبی بكەوێت و بۆ ئەو مەبەستە چووەتە شوێنی حەوانەی ناوبراو”.
بە گوێرەی سەرچاوەکەی ئێن ئێن ئێس ڕۆژ، كاتێک ئەو پێشمەرگەیە چووەتە ژورەوە چەک و ڕەختەكەشی لەگەڵ خۆی بردووە و بۆیەش جێگری سكرتێری گشتیی كۆمەڵە لێی كەوتوەتە گومان و چاودێری كردووە.
سەرچاوەكە ڕوونیشیكردەوە، پێشمەرگەكە بە بیانووی خواردنەوەی ئاو چووەتە چێشتخانەی ماڵەكە و ڕەزا كەعبیش دوای كەوتووە و بینیویەتی دەمانچەیەكی بێدەنگ لە ژێر پشتێنەكەی دەردەهێنێت، لەو كاتەدا هێرشی كردۆتە سەر و دەستەویەخە بوون و دواجار ئەو بەرپرسەی كۆمەڵە توانیویەتی پێِشمەرگەكە چەک بكات و لە گەرماوی ماڵەكەیدا بەندی بكات.
بە وتەی سەرچاوەكە، لەو كاتەدا كە ڕەزا كەعبی پێشمەرگەكانی تری ئاگادار كردۆتەوە هێرشبەرەكە هەلەكەی قۆستوەتەوە توانیویەتی لە پەنجەرەی گەرماوەكەوە خۆی قوتار بكات و دەوترێت لەدەرەوەی كەمپی كۆمەڵە ئۆتۆمبێلێك چاوەڕێی كردووە و توانیویەتی لە ناوچەكە دوور بكەوێت.
جێی باسە لە ئێستادا هێزەكانی ئاسایش سەرقاڵی لێكۆڵینەوە لەو ڕووداوە و لە هەوڵی قۆڵبەستکردنی ئەو كەسەدان.
م.ا

Thursday, August 6, 2015

مرۆڤ كە هەرزانترین كاڵایە


ئەم رۆژهەڵاتی گۆی زەویە بەگشتی و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە تایبەتی شوێنی ئەتك كردنی هەموو چەمكە و بەها گەردونیەكانە.
بۆیە كە ئازادی خوازێك پاساو بۆ دیكتاتۆر دەهێنێتەوە و دەبێتە مقاش بۆی یان تەنانەت خۆی دەبێت بە دیكتاتۆر، یان فیمینیستێك “سەربەهەوێ شوو دەكات” یان كۆمۆنیستێك كرێكارێك دەچەوسێنێتەوە، یان ناسیۆنالیستێك وڵاتەكەی هەراج دەكات یان… وەك ئەوەی شتێكی سەیر روویدابێت هەموان تووشی سەرسوڕمان دەبن.. وەك ئەوەی نەزانن لەم كاولستانە هەموو شتێك رێی تێدەچێت..
تاڵتر لەم راستیە ئەوەیە هەر بەم چەمكانەش زۆرجار رۆژئاواییەكان خودی دانیشتوانی ئەم گۆشەیەی جیهان ئەتك دەكەنەوە… مافی مرۆڤ، ئازادی، مافی چارەی خۆنوسین و .. كە بۆنی نەوت سەرخۆشیان بكات دیكتاتۆرێك دەبێتە باشترین هاوپەیمانیان لە ناوچەكە و كە بایی پڕكردنی گیرفانیشیان نەبوو، نەتەوەیەكی بێ بەشكراو لەهەموو مافەكانی خوا نەكات بەردێك بگرێتە داگیركەرەكەی، ئیتر دەبێتە تیرۆریست و مەترسی بۆ سەر ئاشتی جیهان و شایەنی ئەوەیە هەموو خراپەیەكی بەرامبەر بكرێت..
دیسان هەموان سەریان دەسوڕمێت.. غافڵ لەوەی لەو مەزادخانەیەی رۆژئاوا هەموو شتێك نرخێكی لەسەر دانراوە و كڕین و فرۆشتنی پێوەدەكرێت لە سەرووی هەموشیانەوە مرۆڤ كە هەرزانترین كاڵایە..

Wednesday, July 29, 2015

زنجیرەیەک پێكدادان لە نێوان گەریلاكانی كۆدار و سوپای پاسداران


NNSROJ: یەكینەكانی ڕۆژهەڵاتی كوردستان (یەرەكە) كە بە باسكی سەربازی كۆمەڵگای دیموكراتیک و ئازادی رۆژهەڵاتی كوردستان (كۆدار) دادەنرێت، ئاشكرای كرد لە ماوەی ڕابردوو لە تێكهەڵچوونی نێوان گەریلاكانیان و هێزەكانی كۆماری ئیسلامی ئێران لە سێ ناوچەی رۆژهەڵاتی كوردستان ۵ ئەندامی هێزەكانی سەر بە حكوومەت كورژراون و بنكەیەكی سەربازیش تەقێنراوەتەوە.
ماڵپەڕی فەرمی كۆدار بڵاویكردەوە، لە نزیك گردی “حاجی بەگ”ی شاری خۆی هێزە تایبەتەكانی سوپای پاسداران هەڵمەتێكی گەڕان و پشكنینیان ئەنجامداوە و بەهۆیەوە پێكدادان لە نێوان ئەو هێزانە و گەریلاكانی یەرەكە هاتۆتە ئاراوە و لە ئەنجامدا سێ “تەكاوەر” كوژراون و دوو ئەندامی تری سوپای پاسدارانیش برینداربوون.
سەرچاوەکە ئەوەشی خستۆتە ڕوو كە یەكێک لە بریندارەكان دوای گەیاندنی بۆ نەخۆشخانە گیانی لەدەستداوە.
هاوكات هەر بەپێی ئەو ماڵپەڕە، لە نزیک شاری كامیارانیش هێزێكی سوپای پاسداران، كە لە گردی “زەڕنە” سەرقاڵی دروستكردنی بنكەیەكی سەربازی بوون، لە لایەن گەریلاكانی یەرەكەوە كراونەتە ئامانج و بەهۆیەوە پاسدارێک كوژراوە.
هەمان سەرچاوە باسی لەوەش کردووە کە سوپای پاسداران بەنیازبووە لە نزیک گوندی دەرەویانی سەر بە دیواندەرە، بنكەیەكی سەربازی دروست بكات، بەڵام گەریلاكانی یەرەكە هێرشیان كردۆتە سەر ئەو بنكەیە و تەقاندوویانەتەوە.
تا کاتی بڵاو کردنەوەی ئەم هەواڵە، بەرپرسانی سەربازیی ئێران، هیچ کاردانەوەیەکیان بەرانبەر بە بڵاوکردنەوەی ئەم هەواڵە نیشان نەداوە.
م.ا.

Saturday, July 18, 2015

بەغدا؛ کەمپی پەنابەرانی ئێرانی گەمارۆ دراوە


NNSROJ
: دانیشتووانی کەمپی لیبێرتی لە نزیک بەغدا، کە لە ئەندامانی “ڕێکخراوی موجاهیدینی خەڵق” پێکهاتوون، باس لەوە دەکەن لەلایەن حکوومەتی عێراقەوە گەمارۆیەکی توندیان خراوەتە سەر و ڕێگە بە ڕەوانەکردنی خۆراک، دەرمان و سووتەمەنی بۆ ناو کامپەکە نادرێت و ئەمەش ژیانی دانیشتووانەکەی خستۆتە مەترسیەوە.
دانیشتووانی کەمپی لیبێرتی، بەمەبەستی ناڕەزایەتی دەربڕین بەرامبەر ئەو گەمارۆدانە، گردبوونەوەیەکی ناڕەزاییان رێکخست و تێیدا داوایان لە ئەمریکا، نەتەوەیەکگرتوەکان و رێکخراوە جیهانیەکان کرد، بەهانایانەوە بچن و بە ڕێگەی کۆتاییهێنان بەو گەمارۆیە، ڕێگری لە ڕوودانی کارەساتێکی مرۆیی بکەن.
دانیشتووانی کەمپی ئاماژەپێکراو کە پێشتر لە کەمپی ئەشرەف دەمانەوە، لە ساڵی ٢٠١٢وە گواستراوەنەتەوە بۆ کەمپی لیبێرتی لە نزیک فڕۆکەخانەی بەغدا و تا ئێستا ژمارەیەکیان لەلایەن چەند وڵاتێکی ئەوروپیەوە وەرگیراون.
وەک خۆیان باسی لێدەکەن، ئەم گوشارانەی لە ماوەی رابردوودا لەسەریان چڕبۆتەوە، بە فەرمانی راستەوخۆی ئێرانە و لە لایەن “فالح فەیاز”، راوێژکاری پێشووی ئاسایشی نەتەوەیی عێراقەوە جێبەجێ دەکرێت و ئاماژە بەوە دەدەن بە فەرمانی ناوبراو تەنانەت رێگەش نادرێت، ئەو تانکەرانەی زێراب و پاشەڕۆی کەمپەکە دەگوازنەوە، بچنە ناو کەمپەکە.
بەشداربووان، لە گردبوونەوە ناڕەزایەتییەکەدا بە بیریان هێنایەوە کە تا ئێستا لە ئەنجامی ئەو هێرشانەی لە شەش ساڵی رابردوودا بە فەرمانی ئێران کراوەتە سەر دانیشتوانی کەمپەکانی لیبێرتی و ئەشرەف، ١٣٦ کەس کوژراون و هەزار و ٣٨٠ کەسی تر برینداربوون و ٢٥ کەسیش بە هۆی نەبوونی خزمەتگوزاری پزیشکی گەمارۆکانەوە، گیانیان لەدەست داوە.
م.ا

Friday, July 17, 2015

بەندكراوێكی سیاسی: ڕێگەم بدەن بە هانای كوڕەكەمەوە بچم


NNSROJ: بەندكراوێكی سیاسی كورد، دوای مردنی هاوسەرەكەی و خۆكوشتنی كچەكەی، داوا دەكات ڕێگەی پێبدرێت بە هانای كورەكەیە بچێت، كە بەهۆی دۆخی بنەماڵەكەیەوە تووشی خەمۆكی بووە.
محەمەدئەمین ئاگووشی، بەندكراوی سیاسی كورد لە لێدوانێكدا بۆ ئاژانسی موكریان نیوز، وێڕای دەربڕینی ناڕەزایەتی خۆی بەو سزایەی بەسەریدا سەپێنراوە، كە بریتیە لە ۱۰ ساڵ بەندكردن و دوور خستنەوە، باسی لەو كێشە و گرفتانە كردووە كە لە ماوەی حەوت ساڵی رابردوودا لەگرتووخانەكانی ورمێ و زاهیدان بەرەوڕوویان بووەتەوە.
ئاگووشی، كە بۆ بەشداركردن لە ڕێورەسمی بەخاكسپاردنی كچەكەی (كانی ئاگووشی) مۆڵەتی وەرگرتووە و سەردانی شاری پیرانشاری كردووە، دەربارەی ئەو گرفتانەی لە ماوەی زیندانیبوونیدا بۆ خۆی و بنەماڵەكەی هاتوونەتەپێش بەم جۆرە بۆ ئەو سەرچاوەیە دواوەوە، “دوابەدوای ئەو سزایەی لە لایەن لقی ۲ دادگای سەربازی ورمێوە بۆ من بڕدرایەوە، ژیانم لەبەریەک هەڵوەشایەوە، ساڵی ڕابردوو هاوسەرەكەم تووشی جەڵتەی مێشک بوو، پاش یەک مانگ كۆچی دوایی كرد، ئەمساڵیش كچەكەم، كە خوێندكاری قۆناغی كۆتایی كارناسی بوو بەهۆی تەنیایی و ئەو گوشارە دەروونیانەی لە ئەنجامی مەرگی دایكی و ئامادەنەبوونی منەوە رووبەوڕووی ببونەوە كۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا”.
ناوبراو سەبارەت بە تەندروستی خۆیشی رایگەیاند: بەهۆی ئەو نەهامەتییانە فشارێكی دەروونی زۆرم لەسەرە و جیا لەوەش نەخۆشی كەمخوێنی (تالاسیما)م هەیە و پێویستیەكی خێرام بە چاودێری و چارەسەری پزیشكی هەیە.
ئەو بەندكراوە تەمەن ۵۶ ساڵەیە كە مامۆستای خانەنشینە، لە درێژەدا بەم جۆرە باسی لە دۆخی كوڕەكەی كردووە، “لە ئێستادا كوڕەكەم بە هۆی بێكاری و مەینەتیەكانی بنەماڵەكەی بەتایبەتی لەدەستدانی دایك و خوشكەكەی تووشی خەمۆكی بووە و پێویستی بەوە هەیە كە چاودێری بكرێت، داواكارم لە دەسەڵاتی دادوەری هاوكاریم بكەن بۆ ئەوەی كوڕەكەم لە دۆخە دژوارە رزگار بكەم و نەهێڵم وەك هاوسەر و كچەكەم لە دەستم بچێت”.
محەمەد ئەمین ئاگووشی ساڵی ۲۰۰۷ لەگەڵ هەر یەك لە ئەحمەد پولادخانی (خەڵكی پیرانشار) و ئیرەج محەمەدی خەڵكی میاندواو، دەستبەسەر كرا و بەتۆمەتی “سیخۆڕی كردن بۆ هەرێمی كوردستان” سەرەتا سزای لەسێدارەدان و دوورخستنەوەی بەسەردا سەپێنرا، بەڵام دواتر سزاكەی گۆڕدرا بۆ ۱۰ ساڵ زیندانی كردن و دوور خستنەوە بۆ گرتووخانەی زاهیدان و دەبێت سێ ساڵی تر ماوەی سزاكەی تێپەڕێنێت.
م.ا

Friday, June 26, 2015

لە كۆبانێەوە تا فەرەنسا مەكینەی تیرۆر ۲۰۰ كەسی كردە قوربانی

NNSROJ: رۆژێک دوای هێرشە خوێناوییەكەی داعش بۆ سەر كۆبانێ، لە ئەنجامی پەلامارێكی چەكداری لە تونس، نزیكەی ۳۰ كەس، هەروەها بەهۆی تەقینەوەیەكی خۆكوژیشەوە لە كوەیت، كە مزگەوتێكی شێعەكانی كردبووە ئامانج زیاتر لە ۲۰ كەس کوژران. پەلامارێكیش لە رۆژهەڵاتی فەرەنسا، كوژراوێک و دوو برینداری لێ كەوتەوە.

وەزارەتی تەندروستیی تونس ڕایگەیاند: بەهۆی ئەو پەلامارە چەكدارییەی لە نزیك كەنارئاوەكانی “سووسە” كرایە سەر ژمارەیەك گەشتیار، كە زۆربەیان بیانی بوون، لانی كەم ۲۸ كەس كوژراون.

هێرشبەرەكە، كە خوێندكارێكی تونسی بووە و هیچ پێشینەیەكی خراپەكاری و تاوانی نەبووە، لە لایەن پۆلیسەوە كوژراوە.

لەلایەكی ترەوە بەهۆی ئەو كردەوە خۆكوژییەی مزگەوتێكی شێعەكانی لە وڵاتی كوەیت كردە ئامانج، لانی كەم ۲۵ كەس كوژران و ۲۰۲ كەسی تر برینداربوون. ڕێكخراوی دەوڵەتی ئیسلامی، داعش، پەلامارەكەی گرتۆتە ئەستۆ.

لە لایەکی ترەوە ڕۆژی هەینی لە كردەوەیەكی تر لە رۆژهەڵاتی فەرەنسا كەسێكی سەر بە گرووپە سەلەفییەكان، دوای كوشتنی خاوەن كارەكەی، هێرشی كردە سەر كارگەیەك لە نزیك شاری “لیۆن”؛ لەو هێرشەدا دوو كەس بریندار بوون.

هێرشبەرەكە دواتر لە لایەن پۆلیسەوە قۆڵبەست کرا.

رۆژێک پێش ئەو سێ هێرشە خوێناوییە، چەكدارانی داعش لە چەند قۆڵەوە پەلاماری شاری كۆبانێی رۆژئاوای كوردستانیان دا و وەك روانگەی سووریی مافەكانی مرۆڤ باسی كردووە، كۆمەڵكوژییان لە دژی هاووڵاتیانی مەدەنی ئەنجامداوە. بە پێی دوایین ئامارەکان زیاتر لە ۱۵۰ كەس لەو پەلامارانەدا ژیانیان لەدەست داوە.

بە گوتەی بەرپرسانی یەكینەكانی پاراستنی گەل، یەپەگە، زیاتر لە ۳۰ چەكداری داعشیش كوژراون و ژمارەیەكیان بە دیل گیراون.
م.ا

http://www.nnsroj.com/detiles.aspx?id=19057

Monday, June 22, 2015

كۆنفرانسی راگەیاندن و داعش


بە دروشمی ” بامیدیاكان نەبنە سەكۆی بانگەشەی داعش” رۆژی شەممە 20 ی حوزەیران لە هۆتێل پەرێژی شاری سلێمانی كۆنفرانسێك لە لایەن رێكخراوی مەشق بۆگەشەپێدانی دیموكراسی و میدیا و بەهاوكاری وەزارەتی پێشمەرگە سازكرا.
لە كۆنفرانسەكەدا كە بەڕێوبەران و سەرنوسەرانی دەزگاكانی راگەیاندن و نوێنەرانی وەزارەتی پێشمەرگە و لیژنەی پێشمەرگەی پەرلەمان و چەندین كەسایەتی ئەكادیمی ئامادەبوون، پرسی چۆنیەتی رووماڵكردنی شەڕی داعش لە راگەیاندنەكانەوە تاوتوێ كرا و چەند رێنمایی و راسپاردەیەكیش خرانەڕوو.



Sunday, June 21, 2015

لە نزیك سەڵماس و كامیاران تێكهەڵچوونی چەكداری هاتەئاراوە


NNSROJ: باسکی سەربازیی کۆما جڤاکێن کوردستان ئاشكرای كردووە کە لە نێوان گەریلاكانیان و سوپای پاسداران لە نزیك شاری سەڵماسی سەر بە پارێزگای ورمێ شەڕهاتۆتە ئاراوە. لەلایەكی تریشەوە بڵاوكرایەوە كە لە هێرشێكی چەكداریدا لە نزیك كامیاران شەش چەكداری كوردی سەر بە سوپای پاسداران كوژراون.

ناوەندی راگەیاندن و چاپەمەنیی هێزەكانی پاراستنی گەل، هەپەگە، كە بە باڵی سەربازی كۆما جڤاكێن كوردستان ناسراوە بڵاوی كردەوە، ڕۆژی دووشەممە [٨ی ژووئەن] كاتژمێر 13:00ی پاشنیوەڕۆ، هێزەكانی سوپای پاسدارانی ئێران لە گوندی “سۆفی عەباس”ی سەربە سەڵماسی ڕۆژهەڵاتی كوردستان بۆسەیان بۆ گەریلاكان داناوەتەوە.

هەپەگە ڕوونی کردۆتەوە کە گەریلاكانیان “هەستیان بەو بۆسەیە كردووە و شەڕ لەنێوان گەریلا و پاسداران هاتوەتە ئاراوە”، بەڵام “تا ئێستا زیانەكانی چەكدارانی سوپای پاسداران لەو شەڕەدا نەزانراوە.”

لەلایەكی دیکەوە بەپێی هەواڵێكی سایتی كوردپا، لە سەیرانگای “تەوقەگوێز”ی هەڵکەوتوو لە نێوان گوندەكانی “تەختی زەنگی” و “سەرشێلانە”ی سەر بە كامیاران، ٦ ئەندامی كوردی سوپای پاسداران كەوتوونەتە بەر دەستڕێژی “ژمارەیەك چەكداری نەناسراو” و كوژراون.

هەر بەپێی ئەو هەواڵە یەكێک لە كوژراوەكان “جەبار گوڵ‌محەمەدی” خەڵكی گوندی “تەنگیوەر”ی كامیارانە.

سەبارەت بە ناسنامەی هێرشبەران، سایتەكە، لەلایەک بە پشتبەستن بە سەرچاوەگەلی هەرێمی، نووسیویەتی کە “ئەو شەش کەسە لە لایەن کاسبکارانی شتومەکە قاچاخەکانەوە دراونەتە بەر دەستڕێژی گولـلە و کوژراون”، هاوکات ئاماژەشی بەوە کردووە کە “ڕاپۆرتی چەند سەرچاوەیەک باس لەوە دەکەن کە ئەو ٦ کەسە لە لایەن هێزەکانی “پژاک”وە کوژرابن.”

تا ئێستا هیچ لایەنێک ئەو هێرشەی لە ئەستۆ نەگرتووە.

جێی باسە هەفتەی رابردووش لە هێرشێكدا لە نزیك شارۆچكەی رەبەتی سەر بە شاری سەردەشت، ژمارەیەك پاسدار كوژرابوون کە دواتر یەكینەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان “یەرەكە”، كە باڵی سەربازی كۆمەڵگای دیموكراتیک و ئازادی رۆژهەڵاتی كوردستان “كۆدار”ە، بەرپرسیارێتی خۆی لەو هێرشە راگەیاندبوو.
م.ا.

Thursday, May 21, 2015

مەریوان؛ شەڕ لە نێوان یەرەكە و پاسەوانی سنووری ئێران هاتە ئاراوە


NNSROJ: هێزەكانی پاسەوانی سنووری ئێران لە نزیك شاری مەریوان بۆسەیەكیان بۆ گرووپێك لە گەریلاكانی یەكینەكانی پاراستنی رۆژهەڵاتی كوردستان (یەرەكە) دانا و لە ئەنجامی پێكدادانێكدا كە هاتە ئاراوە، دوو چەكداری ئێران كوژران و هیچ زیانێكیش بەر گەریلاكان نەكەوتووە.
لەو بارەوە سەرچاوەیەكی بەرپرس لە كۆمەڵگای دیموكراتیك و ئازادی رۆژهەڵاتی كوردستان [کۆدار] تایبەت به ئێن‌ئێن‌ئێس‌رۆژ ڕایگەیاند: كاتژمێر ۱ و ۳۰ خولەكی شەوی ڕابردوو لە گوندی هەنجیران لە نزیك شاری مەریوان لە رۆژهەڵاتی كوردستان گرووپێک لە گەریلاكانیان كەوتوونە بۆسەی هێزەكانی پاسەوانی سنووری ئێرانەوە و لە ئەنجامی پێكدادانێكدا كە هاتۆتە ئاراوە ۲ چەكداری سەر بە حكوومەتی ئێران كوژراون.
ئەو بەرپرسەی كۆدار باسی لەوەش كرد کە بەم نزیكانە یەكینەكانی پاراستنی رۆژهەڵاتی كوردستان بە فەرمی لەو بارەوە راگەیەنراوێک بڵاودەكاتەوە.
جێی باسە پێشتر راگەیاندنەكانی ئێران لە زاری “عیزەتوڵا ڕەشیدیان”، فەرماندەی هێزی پاسەوانی سنوور لە پارێزگای سنە بڵاویانكردبوەوە، “ژمارەیەک چەكداری سەر بە هێزەكانی دژە شۆڕش” بەنیازبوون سنوور ببەزێنن، بەڵام هێزەكانیان رێگریان لێكردوون و لە پێكدادانێكدا كە هاتۆتە ئاراوە، پلەدارێكی هێزی پاسەوانی سنوور بە ناوی سادق یوسفی كوژراوە و رۆژی پێنجشەممەش تەرمەكەی لە قوڕوە بەخاک سپێردراوە.
ئەو فەرماندە سەربازییەی ئێران لە پارێزگای سنە باسی لەوەش كردبوو كە لە پێكدادانەكەدا ۲ كەس لە گرووپە چەكدارەكە كوژراون و دەستیش بەسەر كۆمەڵێك لە بەڵگەنامەدا گیراوە، بەڵام بەرپرسەكەی كۆدار رەتیكردەوە هیچ گەریلایەكیان لەو شەڕەدا زیانی بەركەوتبێت و هیچ بەڵگەنامەیکیان کەوتبێتە دەستی هێزەکانی ئێران.
م.ا

Sunday, December 7, 2014

پەیماننامەی رێسا ئیتیكییەكانی روماڵكردنی پرسەكانی ژنان


ئەمڕۆ یەكشەممە لە كۆنفرانسێكدا كە لە پەرلەمانی كوردستان بەڕێوەچوو، بە ئامادەبوونی سەرنوسەری دەزگاكانی راگەیاندن و بۆردی حكومەت كە پێكهاتبوون لە وەزیری ناوخۆ، وەزیری تەندروستی و ئەنجومەنی باڵای خانمان و ژمارەیەك لە پەرلەمانتارانی خولی سێهەم و چوارەم، رەشنوسی پەیماننامەی رێسا ئیتیكییەكانی روماڵكردنی پرسەكانی ژنان دوای تاوتوێ كردنی لە لایەن ئامادەبوانەوە، پەسەند كرا.
پەیماننامەی رێسا ئیتیكییەكانی رووماڵكردنی پرسەكانی ئافرەتان لە (10) خاڵ پێكهاتووەو تێیدا هاتووە: پێویستە شوناسی سەرچاوەكان بپارێزرێن و گشتگیر نەبن لەباسكردنی ئاین و كەلتوور و نەتەوەو پاساو نەهێنانەوە بۆ تاوان و ئۆباڵ نەخستنەسەر ئەستۆی قوربانیان وهەستیاری بەرامبەر قوربانیانی خوار تەمەن هەژدە ساڵ و دووركەوتنەوە لەبەرهەمی سۆزیاری و ووروژێنەری نەرێنی و شێوازەكانی توندو هەژێنەریی.
رەشنووسی پەیماننامەی رێسا ئیتیكیەكانی روماڵكردنی پرسەكانی ژنان لە لایەن دامەزراوەی میدیاوان بە هاوكاری رێكخراوی كاروباری ژنانی سەر بە نەتەوەیەكگرتوەكان و لیژنەی داكۆكیكردن لە مافەكانی ژنان ئامادەكرابوو.




The Iraqi government has banned the activities of Iranian Kurdish parties. According to a new decree by Iraq's National Security Adviso...