Tuesday, April 17, 2018

خوانی به‌تاڵ شاره‌ سنوریه‌كانی رۆژهه‌ڵات كۆده‌كاته‌وه‌


بژێوی زۆربه‌ی شاره‌سنوریه‌كانی كوردستان له‌سه‌ر ئاڵوگۆڕی كاڵا و پێداویستیه‌كانه‌ له‌ نێوان دوو دیوی سنور، به‌ڵام ماوه‌یه‌كه‌ داخستنی ده‌روازه‌ لاوه‌كیه‌كانی سه‌ر سنوری نێوان باشور و رۆژهه‌ڵاتی كوردستان، ته‌نگی به‌ دانیشتوانی ناوچه‌كانی سه‌ر ئه‌و سنوره‌ هه‌ڵچنیوه‌.
دوای ئه‌وه‌ی له‌ كاردانه‌وه‌ی ئه‌نجامدانی ریفراندۆمدا، له‌ 26 ی مانگی ئه‌یلولی ساڵی رابردوو، حكومه‌تی فیدراڵی عێراق بڕیاریدا مه‌رزه‌ لاوه‌كیه‌كانی هه‌رێم دابخات، ئه‌و بڕیاره‌ نزیكه‌ی چوار مانگ دواتر له‌ سه‌ره‌تای مانگی شوباتی ئه‌مساڵ كه‌وته‌ بواری جێبه‌جێ كردنه‌وه‌.
پێشتر عه‌بدولره‌حمان عه‌لی، بڕیارده‌ری لیژنه‌ی بازرگانی و مافی به‌كاربه‌ر له‌ په‌رله‌مانی كوردستان رایگه‌یاندبوو، ئه‌و مه‌رزه‌ لاوه‌كی و ده‌روازه‌ نیمچه‌ فه‌رمیانه‌ی له‌ نێوان هه‌رێم و وڵاتانی دراوسێدا هه‌ن، بژێوی ژیان وگوزه‌رانی سه‌دان وهه‌زاران خێزان و هاوڵاتی هه‌رێمیان له‌سه‌ره‌و به‌داخستنی یه‌كجاری ئه‌و مه‌رزوده‌روازانه‌ هه‌زاران هاوڵاتی تری ئه‌م هه‌رێمه‌له‌م دۆخه‌ خراپه‌ی دارایی وبێ موچه‌ییه‌دا بێكار ده‌بن و كاریگه‌ریش دروست ده‌كه‌ن له‌سه‌ر چۆڵبونی زیاتری گونده‌كان به‌تایبه‌ت ئه‌و گوندانه‌ی كه‌ مه‌رزی لاوه‌كیان لێوه‌ نزیكه‌ یاخود پێیدا ده‌ڕوات .
دۆخه‌كه‌ له‌ رۆژهه‌ڵاتی كوردستان، وه‌ك به‌شێك له‌ ئێران كه‌ چه‌ند ساڵه‌ به‌ ده‌ست قه‌یرانی دارایی و گه‌مارۆی ئابوریه‌وه‌ ده‌ناڵێنێت، دژوارتره‌.
پێش بڕیاره‌كه‌ی به‌غدا بۆ داخستنی ده‌روازه‌ لاوه‌كیه‌كان حكومه‌تی ئێران به‌ چه‌ند ساڵێك زووتر له‌ هه‌وڵی كۆنتڕۆڵكردنی سنوره‌كان و رێگری كردن له‌ ئاودیوكردنی كاڵا و شمه‌ك بوو، بۆ هێنانه‌دی ئه‌و ئامانجه‌شی بنكه‌ و باره‌گا سه‌ربازی و پاسه‌وانیه‌كانی له‌سه‌ر سنوره‌كان زیاتر كردبوو، ئه‌مه‌ جیا له‌وه‌ی به‌ شێوه‌یه‌كی توندوتیژ به‌ره‌وڕووی كۆڵبه‌رانی سه‌ر سنور ده‌بوه‌وه‌ و هه‌واڵی كوژرانی كۆڵبه‌ران، به‌رده‌وام له‌ سه‌رچاوه‌كانی هه‌واڵی رۆژهه‌ڵات ده‌بینرا و به‌رگوێ ده‌كه‌وت.
هه‌نگاوه‌كه‌ی حكومه‌تی عێراق بۆ داخستنی مه‌رزه‌ لاوه‌كیه‌كانی هه‌رێم، باشترین هه‌لی بۆ ئێران ره‌خساند، كه‌ به‌ خواستی له‌ مێژینه‌ی خۆی بگات و هاتوچۆی كاڵا له‌ سنوره‌كان بخاته‌ ژێر كۆنتڕۆڵی خۆی و به‌ره‌و چه‌ند ده‌روازه‌یه‌كی سنورداری نیمچه‌ فه‌رمی ئاراسته‌یان بكات و به‌ رێگه‌ی رسوماتی گومركه‌وه‌، بیانكاته‌ سه‌رچاوه‌یه‌كی تری داهات بۆ خۆی.
به‌ درێژایی چوار مانگی رابردوو له‌ دژی داخستنی مه‌رزه‌ لاوه‌كیه‌كان و به‌رزبوونی بڕی پاره‌ی رسوماتی گومرك، دوكاندارانی شاره‌ سنوریه‌كانی رۆژهه‌ڵاتی كوردستان به‌ داخستنی دوكان و بازاڕه‌كانیان ناڕه‌زایه‌تیان نیشانداوه‌.
به‌ڵێنی به‌رپرسانی ئێرانی بۆ ئه‌وه‌ی به‌ رێژه‌ی 20% رسوماتی گومرك له‌ ده‌روازه‌ نیمچه‌ فه‌رمیه‌كانه‌وه‌ كه‌مبكه‌نه‌وه‌، تا ئێستا ته‌نها له‌ ئاستی قسه‌دا ماوه‌ته‌وه‌، بۆیه‌ش له‌ شاره‌ سنوریه‌كانی وه‌ك بانه‌، سه‌قز، مه‌ریوان، پیرانشار، سه‌رده‌شت و جوانڕۆ ناڕه‌زایه‌تی به‌رده‌وامه‌.
له‌ ناڕه‌زایه‌تیه‌كانی ئه‌مجاره‌دا سفره‌ و خوانی به‌تاڵ، كه‌ به‌ مه‌ودایه‌كی درێ له‌ لایه‌ن كاسبكارانی بانه‌ییه‌وه‌ له‌سه‌ر شه‌قام و شوێنه‌ گشتیه‌كانی ئه‌و شاره‌ راخرابوو، ببوه‌ هێمای ئه‌و ناڕه‌زایه‌تیانه‌ و رۆژی سێ شه‌ممه‌ 17 ی نیسانیش جارێكی تر ئه‌و سفره‌یه‌ نه‌ك هه‌ر له‌ بانه‌، به‌ڵكوو له‌ شاره‌كانی تری رۆژهه‌ڵات راخرایه‌وه‌.
هەرچەندە نازانرێت كه‌ ناڕه‌زایه‌تی ئه‌مجاره‌ی كاسبكارانی رۆژهه‌ڵات به‌رهه‌می ده‌بێت یان نا، به‌ڵام له‌ ئه‌گه‌ری پاشه‌كشێ كردنی ئێران له‌ بڕیاری داخستنی خاڵ و مه‌رزه‌ لاوه‌كیه‌كان، دیار نییه‌ كه‌ به‌رده‌وامی داخستنی ئه‌و مه‌رزانه‌ له‌ دیوی باشور و به‌ فه‌رمانی حكومه‌تی عێراق، كاریگه‌ریه‌كی ئه‌وتۆی له‌ سه‌ر گوزه‌ران و بژێوی دانیشتوانی هه‌ر دوو لای سنوره‌كه‌ هه‌بێت.

Execution of two Kurdish prisoners in Iran

Two Kurdish prisoners were executed in Urmia and Birjand prisons. On the morning of Thursday, July 25, Kamran Sheikha, a Kurdish prisoner o...