Monday, October 25, 2010

ناسنامه‌ و پرۆسه‌ی به‌نه‌ته‌وه‌کردن

نوسه‌ر: داریوش ئاشوری
وه‌رگێران: محه‌مه‌د حه‌سه‌ن
له‌ سه‌ده‌ی نۆزده‌یه‌م له‌ ئه‌وروپا، له‌ گه‌ڵ دروستبوونی ده‌وڵه‌ت-نه‌ته‌وه‌ مۆدێرنه‌کان، بیرمه‌ندانی زانسته‌ سیاسیه‌کان هه‌وڵێکی زۆریان خسته‌گه‌ڕ بۆ ئه‌وه‌ی پێناسه‌یه‌کی گشتگیر بۆ چه‌مکی نه‌ته‌وه‌ بخه‌نه‌ روو. له‌م پێناسه‌کردنانه‌دا پشتیان ده‌به‌ست به‌و فاکته‌رانه‌ی له‌ پێکهاته‌ی نه‌ته‌وه‌دا هه‌یه‌ که‌ رۆڵی یه‌کانگیرکار و یه‌کیه‌تی به‌خشیان هه‌یه‌. گرینگترین له‌و شتانه‌ی باسیان لێکراوه‌ واته‌ ئه‌و فاکته‌ره‌ یه‌کانگیرکارانه‌ی نه‌ته‌وه‌ دیاره‌ زمان و کولتور و مێژوو ” بیره‌وه‌ری گشتی” و هه‌ندێکجاریش توخمی هاوبه‌ش بووه‌. به‌ڵام له‌ راستیدا ئه‌م فاکته‌رانه‌ واته‌ زمانی هاوبه‌ش ، کولتوری هاوبه‌ش، مێژوی هابه‌ش، توخمی هاوبه‌ش، به‌تایبه‌تی بۆ ئه‌و وڵاتانه‌ی له‌ رابردودا پێکهاته‌یه‌کی ئیمپراتۆریان هه‌بوه‌ ،که‌متر له‌ گه‌ڵ راستیه‌ مێژوویه‌کان دێنه‌وه‌. به‌ وته‌یه‌کی دیکه‌ ئه‌مانه‌ به‌ر له‌وه‌ی له‌ راستیدا له‌ رابردوودا بوونیان هه‌بوبێت و هۆی یه‌کگرتووی نه‌ته‌وه‌یه‌کبووبن له‌ دێر زه‌مانه‌وه‌، ده‌بێت له‌ ژێر گوشاری مه‌کینه‌ی ده‌وڵه‌تی مۆدێرن – که‌ له‌ ئه‌وروپا له‌ سنگی شۆرشی پیشه‌سازیه‌وه‌ هاتوه‌ته‌ده‌ر- به‌ رێگای پرۆسه‌ی به‌ نه‌ته‌وه‌کردن ، وه‌ها رۆڵێک بگێڕن. واته‌ نه‌ته‌وه‌یه‌کی یه‌کده‌ست به‌ زمان و مێژوو و کولتوری یه‌کده‌ست ساز بکه‌ن. که‌واته‌ نه‌ته‌وه‌ مۆدێرنه‌کان هه‌ڵقوڵاوی پرۆسه‌ی به‌ نه‌ته‌وه‌ کردنی سه‌رده‌می مۆدێرنن نه‌ک دیارده‌یه‌کی ئه‌زه‌لی و مێژوویی. ده‌بێت له‌ ناو ئه‌تنیسیته‌کان دا شوێن ناسنامه‌ی یه‌کده‌ستی گشتیدا بگه‌ڕێن. ئه‌تنیسیته‌کان به‌گشتی خاوه‌نی زمان و ئایین و بیره‌وه‌ری گشتی هاوبه‌ش و بگره‌ توخمی هاوبه‌شیشن.به‌ڵام نه‌ته‌وه‌کان ،له‌ واتا مۆدێرنه‌که‌ی ئه‌و وشه‌یه‌دا، پێکهاتوویه‌که‌ له‌ ئه‌تنیسیته‌کان. له‌ دونیادا ، بێجگه‌ له‌ هه‌ندێک وه‌ڵاتی زۆر بچوک وه‌ک دیاره‌ هێچ نه‌ته‌وه‌یه‌کی دیکه‌ نیه‌ که‌ له‌ یه‌ک ئه‌تنیک پێک هاتبێت. نه‌ته‌وه‌کان ئه‌و کۆمه‌ڵه‌ مرۆڤیانه‌ن که‌ له‌ کیانێکی جوگرافیایی دیاریکراو و له‌ بن گوێرایه‌ڵی یا خود ده‌سه‌ڵاتدارێتی ده‌وڵه‌تێکدان.
له‌ وه‌ها گریمانه‌یه‌ک له‌ چه‌مکی نه‌ته‌وه‌-که‌ گریمانه‌یه‌کی مۆدێرنه‌-ده‌وڵت به‌ هێزی ده‌سه‌ڵاتداری هه‌ڵقوڵاو له‌ ویستی نه‌ته‌وه‌وه‌ دائه‌ندرێت و نه‌ته‌وه‌ به‌ خاوه‌نی وه‌ڵات داندرێت و ده‌وڵه‌تیش به‌ پاسه‌وانی یه‌کپارچه‌یه‌که‌ی هه‌ژمار ده‌کرێت.هه‌ر بۆیه‌ش هه‌ر سێ چه‌مکی نه‌ته‌وه‌ ، وڵات و ده‌وڵه‌ت ده‌توانرێت له‌ شوێنی یه‌کتر به‌ کار بهێندرێن.به‌ڵام ئه‌تنیسیته‌کان تائه‌و کاته‌ی ده‌وڵه‌تیان سازنه‌کردبێت ناتوانین وه‌ک نه‌ته‌وه‌ ناودێریان بکه‌ین.هه‌وڵدان بۆ تێکه‌ڵکردنی ئه‌تنیکه‌کان له‌ ناو یه‌که‌یه‌کی یه‌کده‌ستی نه‌ته‌وه‌یی و یه‌کانگیریان ، به‌تایبه‌تی له‌ رووی زمانیه‌وه‌، هه‌نگاوێک بوو که‌ له‌ لایه‌ن ناسیۆنالیزمی ئه‌وروپا له‌ سه‌ده‌ی نۆزده‌یه‌م دا هه‌ڵگیرا.ئه‌م ئایدۆلۆژیایه‌ ،به‌و‌ کفوکوڵه‌ له‌ راده‌به‌ده‌ری بۆ چه‌مکی نه‌ته‌وه‌ خوڵقاند، سه‌رله‌ نوێ خوێندنه‌وه‌ی بۆ مێژوو کرد و له‌ هه‌ناوی مێژوودا بۆ ناسنامه‌ی هاوبه‌شی نه‌ته‌وه‌یی گه‌را و مێژووی نه‌ته‌وه‌یی نووسیه‌وه‌.به‌ڵام له‌ راستیدا هه‌وڵی ئه‌دا له‌ هه‌ناوی هه‌یکه‌لی یه‌کپارچه‌ی ده‌وڵه‌تی نه‌ته‌وه‌یی و ده‌زگای ئیداری و پۆلیس و سوپاکه‌یه‌ و هه‌روه‌ها به‌ رێگا په‌روه‌رده‌ی سه‌رتاسه‌ری نه‌ته‌وه‌یی به‌ زمانێکی یه‌کگرتو ئه‌و شتانه‌ی که‌ له‌ مێژوو دا بۆیان گه‌ڕابوو ساز بکات.
پرۆژه‌گه‌لی به‌ نه‌ته‌وه‌کردن دیارده‌ی قۆناغی هاوچه‌رخن له‌ مێژووی ئه‌وروپا. ده‌وڵه‌ت-نه‌ته‌وه‌ هاوچه‌رخه‌کان له‌ لایه‌که‌وه‌ له‌ سه‌ر بنه‌ماکانی به‌بڕوابوون به‌ مرۆڤ و به‌ تاک داده‌مه‌زرێن که‌ بناخه‌دارێژه‌ری دیمۆکراسی و ئازادی تاکه‌ و له‌ لایه‌کی دیکه‌وه‌ له‌ سه‌ر بنه‌مای داخوازی گشتی که‌ بناخه‌دارێژه‌ری ده‌وڵه‌تی هاوچه‌رخ و بنچینینه‌ی به‌ڵگاندنێکی لۆژیکیانه‌ی ده‌سه‌ڵاتداریه‌که‌یه‌تی. به‌ڵام ژێرنیناکانی ده‌وڵه‌ت-نه‌ته‌وه‌ی هاوچه‌رخ له‌ شۆرشی پیشه‌یی دا ده‌سته‌به‌ر بوون. شۆڕشی پیشه‌یی خوڵقێنه‌ری پێکهاتووی کۆمه‌ڵایه‌تی و ئابوری کۆمه‌ڵگای بورژوازی هاوچه‌رخه‌ که‌ دامه‌زراوه‌کانی ده‌وڵه‌ت له‌ هه‌ناویدا کارکردیان هه‌یه‌.تایبه‌تمه‌ندی سه‌ره‌کی کۆمه‌ڵگای پیشه‌یی به‌ ستاندارد کردنی کارامه‌یی زیاتره‌. پێکهاته‌ی یه‌کده‌ستکراوی ئابوری-سیاسی ده‌وڵه‌تی وه‌ڵاتی هاوچه‌رخ ،له‌ ژێر ناوی یه‌کده‌ست کردنی مێژوی نه‌ته‌وه‌ ، به‌ره‌و یه‌کده‌ست کردنی کولتوری و سڕینه‌وه‌ی ماده‌ ” بیانیه‌کان” ناو کولتوری نه‌ته‌وه‌یی-به‌ پێێ پێناسه‌کردنی ره‌سمی- هه‌نگاو ده‌نێت.یه‌کده‌ست کردن له‌ رووی زمانه‌وه‌ له‌ سه‌ر بنه‌مای گشتگیر کردنی زمانی ره‌سمی ده‌وڵه‌ت له‌ ناو یه‌که‌یه‌کی جوگرافیایی نه‌ته‌وه‌یی یان وڵات یه‌کێکه‌ له‌ کۆڵه‌که‌سه‌ره‌کیه‌کانی پرۆسه‌ی به‌نه‌ته‌وه‌کردن به‌ تایبه‌ت له‌ زێده‌گه‌راترین شێوازی ئایدۆلۆژیان نه‌ته‌وه‌ باوه‌ر.
ده‌توانین نمونه‌ی به‌ربڵاوی ئه‌م ئه‌زموونه‌ و مه‌یله‌ مێژوویه‌ له‌ فه‌رانسای سه‌رده‌می ناپلیۆن و ئاڵمانیای بیسماری و قۆناغه‌کانی دواتر تاکوو کۆتایی شه‌ری جیهانی دوهه‌م له‌م دو وه‌ڵاته‌دا ببینین.به‌ڵام خاڵێکی دیکه‌ که‌ ده‌بێت له‌ بیرمان بێت ئه‌مه‌یه‌ که‌ پرۆژه‌کانی به‌ نه‌ته‌وه‌ کردن له‌ ژێررۆشنایی ئامانج خوازیه‌ زێده‌گه‌را نه‌ته‌وه‌خوازانه‌ی تێکه‌ڵکراو له‌ ته‌ک توخم خوازی(نه‌ژاد خوازی) ، که‌ پاڵپشتی ئایدیۆلۆژیکی ئه‌وروپامیحوه‌ری بوو له‌ سه‌ده‌ی نۆزده‌هه‌م، به‌ هه‌ڵایساندنی دو شه‌ری سامناکی جیهانی له‌ نیوان نه‌ته‌وه‌کانی ئه‌وروپا ، له‌ نیوه‌ی سه‌ده‌ی بیسته‌م به‌م لاوه‌ کاریگه‌ریه‌ بڕنده‌که‌ی خۆی له‌و وڵاتانه‌ی که‌ دایکی ئایدۆلۆژیای ناسیۆناڵیستی بوون له‌ ده‌ست داوه‌ و کاڵ بوه‌ته‌وه‌.هه‌ڵبه‌ت نابێت ئه‌وه‌ش له‌ بیر بکه‌ین که‌ پرۆژه‌ی به‌نه‌ته‌وه‌ کردن به‌ درێژایی سه‌ده‌ی نۆزده‌هه‌م و تا کۆتایی شه‌ڕی جیهانی دوهه‌م له‌ ئامانجه‌ سه‌ره‌کیه‌که‌ی خۆی نزیک بوه‌ته‌وه‌.واته‌ نه‌ته‌وه‌ ئه‌وروپایه‌کان به‌ ژێرخانی ئابوری،سیاسی و نه‌ته‌وه‌یی و هه‌ستی هاوبه‌شی سه‌ربه‌نه‌ته‌وه‌یه‌ک بوون و زمانی نه‌ته‌وه‌یی ماوه‌ی دووسه‌ده‌یه‌ له‌ ناو هه‌ناوی پرۆسه‌ی به‌نه‌ته‌وه‌کردن سه‌ریاین هه‌ڵداوه‌ و درێژه‌ به‌ ژیانیان ده‌ده‌ن. به‌ واتایه‌کی دیکه‌ ” رۆحی نه‌ته‌وه‌یی” دوو سه‌ده‌یه‌ که‌ له‌ ئه‌واندایه‌ و به‌ سه‌ر پێوه‌نیه‌ ئه‌تنی و خێڵه‌کیه‌کان دا زاڵ بووه‌.
به‌ڵام به‌ دابه‌زینی هێز و توندوتۆڵی ئایدۆلۆژیا نه‌ته‌وه‌ باوه‌ری زێده‌رۆیانه‌ له‌پاش شه‌ڕی دوهه‌می جیهانی له‌ وڵاتانی ئه‌وروپا ، به‌تایبه‌تی له‌ پاش شۆرشی نوێی پیشه‌یی له‌ نیوسه‌ده‌ی دوهه‌می سه‌ده‌ی بیسته‌م که‌ گۆڕانکاری به‌ سه‌ر ژ‌وربینا ئابوریه‌کانی ئابوری نه‌ته‌وه‌یی که‌ میراتی شۆرشی پیشه‌یی سه‌ده‌ی نۆزده‌ بوو هێنا پێکهاته‌ی ئابووری پیشه‌یی له‌ صوارچێوه‌ی نه‌ته‌وه‌یی ده‌رهێناو کردویه‌تیه‌ جیهانی، سنوره‌ نه‌ته‌وه‌یه‌کان به‌روی یه‌کگرتنێکی سیاسی و ئابوری له‌ یه‌که‌یه‌کی گشتگیرتری ئه‌وروپیدا کراونه‌ته‌وه‌. ده‌رئه‌نجامێکی گرینگی ئه‌م پرۆسه‌یه هه‌ڵگه‌ڕانه‌وه‌یه‌‌ له‌ ئایدیا یه‌کده‌ستی کولتوری نه‌ته‌وه‌یی و تاک زمانی نه‌ته‌وه‌یی به‌ره‌و قبڵ کردنی پلۆرالیزمی کولتوری و زمانی له‌ ناو یه‌کانگیری نه‌ته‌وه‌یی دا. چه‌ند کولتوری و چه‌ند زمانی له‌ ئێستا دا به‌ فه‌رمی ناسراوه‌ و ته‌نانه‌ت له‌ لایه‌ن ده‌وڵه‌ته‌کانیشه‌وه‌ پشتگیری لێده‌کرێت.له‌ ئێستادا له‌ روانگه‌ی ره‌سمیه‌وه‌ ،فه‌ره‌نسی و ئاڵمانی و سویدی و ئیتاڵی به‌و که‌سه‌ی ده‌وترێت که‌ هه‌ڵگری ناسنامه‌ و ره‌گه‌زنامه‌ی ئه‌و وڵاتانه‌یه‌ به‌ بێ له‌ به‌ر چاوگرتنی ئه‌وه‌ی که‌ سه‌رچاوه‌ی بنه‌مای زمانی و کولتوری و ره‌گه‌زی ئه‌و چیه‌. به‌ واتایه‌کی دیکه‌ ” ناسنامه‌ی نه‌ته‌وه‌یی” له‌ پێوه‌ندی له‌ ته‌ک هاوڵاتیبونی وه‌ڵاتێکدا پێناسه‌ ده‌کرێت ، واته‌ به‌هره‌مه‌ند بوون له‌ ماف و پشتگیریه‌ یاسایه‌کان و هه‌روه‌ها جێبه‌جێکردنی ئه‌رکه‌کانی هاوڵاتیه‌ک نه‌ک هیچ کارتێکه‌رێکی کولتوری و مێژویی و ره‌گه‌زی. سه‌باره‌ت به‌ ئێران وه‌ک وتمان ئه‌م پرۆژه‌یه‌ به‌ نیوه‌ ناچڵی ماوه‌ته‌وه‌ و له‌ ئێستادا ده‌بێت له‌ روانگه‌یه‌کی گونجاو له‌ گه‌ڵ بارودۆخی ئه‌و جیهانه‌ی که‌ له‌ ئێستادا تیای ده‌ژین و له‌ سه‌ر پرسی ناسنامه‌ی نه‌ته‌وه‌یی راوه‌سته‌بکه‌ین ، واته‌ له‌ روانگه‌ی قبوڵ کردنی فره‌ کولتوری ئه‌تنی له‌ ناو یه‌که‌یه‌کی ئابوری سیاسی نه‌ته‌وه‌یی.
سه‌رچاوه‌: رۆژنامه‌ی – شرق

Sunday, October 17, 2010

کاریگه‌ری نیچه‌ له‌ سه‌ر وێژه‌ و ئه‌ندێشه‌ی رۆژئاوا


له‌ فارسیه‌وه‌: محه‌مه‌د حه‌سه‌ن
نیچه‌ بیرمه‌ندێکه‌ که‌ له‌ دو سه‌ده‌ی رابردوودا زۆرترین کاریگه‌ری داناوه‌. که‌م تاکورت له‌ سه‌رجه‌م بواره‌کان- له‌ وێژه‌ و هونه‌ر بگره‌ تا فه‌لسه‌فه‌ و سیاسه‌ت و ئه‌خلاق – کارتێکردنی نیچه‌ به‌رچاو ده‌که‌وێت و ده‌توانین بڵێین ئه‌ندێشه‌ی رۆژئاوا و له‌ په‌نجا ساڵی رابردوو ئه‌ندێشه‌ له‌ سه‌رانسه‌ری جیهان ، به‌ جۆرێک له‌ جۆره‌کان له‌ ژێر کاریگه‌ری ئه‌ودا بووه‌. هه‌ڵبه‌ت وه‌ک ده‌شبینین ئه‌م کاریگه‌ریه‌ هه‌ندێکجار به‌رزی و نزمی به‌ خۆیه‌وه‌ بینیوه‌، به‌ڵام له‌ به‌رچاو نه‌گرتنی نیچه‌ له‌م سه‌رده‌مه‌دا کارێکی شیاو نیه‌.
هه‌موکات باشترین رێگا بۆ تێگه‌یشتن له‌ ئه‌ندێشه‌ی هه‌ر فه‌یله‌سوفێک ئه‌وه‌یه‌ بڕوانینه‌ ئه‌و پرسانه‌ی ئه‌و بیرمه‌نده‌ خۆی پێوه‌ خه‌ریک کردوون. بنچینه‌یی ترین مژارێک که‌ نیچه‌ له‌ سه‌رده‌می خۆی دا دونیای رۆژئاوای له‌ گه‌ڵدا ده‌سته‌ویه‌خه‌ ده‌تیت، قه‌یرانی قوڵی کولتوری و هزری بوو که‌ نیچه‌ کاکڵه‌که‌ی له‌ ره‌سته‌ی ” مه‌رگی خوودا” و سه‌رهه‌ڵدانی “نیهیلیسم” هێنابووه‌ سه‌رزمان.نیچه‌ بۆی ده‌رکه‌وتبوو ئه‌ندێشه‌ی کلاسیکی ئایینی و مێتافیزیایی قورسایی نه‌ماوه‌ و که‌لێنێکی کردوه‌ته‌وه‌ که‌ زانستی نوێ توانای پڕکردنه‌وه‌ی نیه‌. بۆ پاراستنی ته‌ندروستی شارستانیه‌ت که‌ له‌ روانگه‌ی نیچه‌وه‌ رووبه‌رووی مه‌ترسیه‌کی گه‌وره‌ببوه‌وه‌، ده‌بوایه‌ جێگره‌وه‌یه‌ک بۆ تێڕوانینه‌ ئایینی و فه‌لسه‌فیه‌کانی رابردوو بدۆزرێته‌وه‌.
بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش ،نیچه‌ له‌ یه‌کێک له‌ یه‌که‌م به‌رهه‌مه‌کانیدا-له‌دایکبوونی تراژدیا- رووی کرده‌ هونه‌ری یۆنانیه‌کانی که‌ونار و گه‌یشته‌ ئه‌و بڕوایه‌ی ‌ گه‌شانه‌وه‌ی سه‌رله‌نوێی مرۆڤی مۆدێرن که‌ بێبه‌ش ماوه‌ته‌وه‌ له‌ ئه‌وینداری ئایینی و دڵنیایی عه‌قڵی و کرداری، ده‌بێت له‌ هونه‌ردا لێگه‌رینی بۆ بکرێت. به‌ڵام له‌ به‌رهه‌مه‌کانی دواتریدا ،به‌ره‌به‌ره‌ نیچه‌ هه‌ڵوێستی خۆی گۆڕی و زیاتر له‌ هونه‌ر و زمانناسی مێژوویی که‌ پسپۆری تایبه‌تی خۆی بوو به‌ره‌و فه‌لسه‌فه‌ و به‌تایبه‌تی ره‌خنه‌ له‌ دیارده‌ کۆمه‌ڵایه‌تی و کولتوری و روناکبیریه‌کان حه‌زی خۆی نیشان دا. له‌م قۆناغه‌دا که‌ له‌راستیدا دوایین ساڵه‌کانی ته‌مه‌نی ته‌ندروستی ئه‌و بوو تا ئه‌و کاته‌ له‌ ساڵی 1889 تووشی شێت بوون بوو ، نیچه‌ به‌پێزترین به‌رهه‌مه‌کانی خۆی خوڵقاند له‌وانه‌: “زه‌رده‌شت وه‌های وت”، له‌ سه‌رووی باشه‌ و خراپه‌،زانستی به‌زم ئامێز، خۆرنشینی بته‌کان، ده‌جاڵ. له‌م نوسراوانه‌دا ده‌بینرێت که‌ نیچه‌ له‌و بڕوایه‌دایه‌ که‌ بۆ زاڵبوون به‌ سه‌ر نیهیلیسم دا ، خۆ بواردن له‌ تێڕوانینه‌ ره‌هاکانی ئایین و میتافیزیا به‌س نیه‌ و ده‌بێت له‌ سۆنگه‌یه‌کی به‌ته‌واوه‌تی نوێوه‌ بڕوانینی ژیان و دونیا.
له‌ راستیدا مه‌به‌ستی نیچه‌ له‌ ” مه‌رگی خوودا” رۆچوون و له‌ ئه‌نجامدا مه‌رگی روانینی کریستیانی و ئه‌خلاقی کریستیانیه‌ بۆ ژیان و دونیا.نیچه‌ ئه‌م تاوانه‌ مه‌زنه‌(واته‌ کوشتنی خوودا) که‌ ده‌ڵێت له‌ سه‌ر ده‌ستی مرۆڤ ئه‌نجام دراوه‌ به‌ڵام هێشتا هه‌واڵه‌که‌ی به‌ ئێمه‌ نه‌گه‌یشتوه‌ ، هه‌م روداوێکی کولتوریه‌ هه‌میش دیارده‌یه‌کی فه‌لسه‌فیه‌، به‌ بڕوای ئه‌و ده‌بێت ئه‌و روداوه‌ بکرێته‌ ده‌سپێکێک و بێبه‌زه‌ییانه‌ و له‌ ره‌گ و ریشه‌وه‌ هه‌موو شته‌کان- ژیان و دونیا و هه‌بوونی مرۆڤ و شوناس و ئه‌خلاق و به‌هاکان- سه‌رله‌نوێ هه‌ڵسه‌نگێندرێنه‌وه‌.
ده‌بێت ئه‌وه‌ش وه‌بیر بهێنرێته‌وه‌ که‌ ته‌نانه‌ت هۆگرانی نیچه‌ش کۆک نین له‌ سه‌ر ئه‌وه‌ی ئایا ئه‌و پرسانه‌ی نیچه‌ هه‌ڵوێستی ده‌رباره‌یان گرتوه‌ هه‌مان ئه‌و پرسانه‌ن که‌ فه‌یله‌سوفه‌کانی پێش خۆی و پاش خۆی روبه‌رویان بوه‌ته‌وه‌، یان لانی که‌م هه‌ندێک له‌و شتانه‌ی ئه‌و باسیان لێوه‌ده‌کا به‌ته‌واوه‌تی پرسێکی تازا وروژاون. ئه‌وه‌ی که‌ ئاشکرایه‌ نیچه‌ به‌ توندی ره‌خنه‌ی له‌ فه‌یله‌سوفه‌کانی پێش خۆی و سه‌رده‌می خۆی ده‌گرت و هه‌ر له‌ بنچینه‌وه‌ خۆی له‌ ئه‌ندێشه‌ی ئه‌وان دورده‌خسته‌وه‌. شێوازی نوسینه‌که‌شی کێشه‌ی تێگه‌یشتن له‌ به‌رهه‌مه‌کانی قورستر ده‌کات ،هه‌ندێکجار به‌ به‌ڵگه‌ و شیکاری و بهه‌ندێک جار مشتومڕ ئامێز و جارجاریش به‌ خه‌ستی شاعیرانه‌ و ته‌ژی له‌ خوازه‌ و جوانکاری وێژه‌یین.
به‌ گشتی سێ جۆره‌ خوێندنه‌وه‌ له‌ نێوان فه‌یله‌سوفه‌کاندا بۆ ئه‌ندێشه‌کانی نیچه‌ کراون. تاقمێک ئه‌ویان به‌ هه‌ند وه‌رنه‌گرتوه‌ و له‌و بڕوایه‌دان که‌ نوسراوه‌کانی نه‌ک هه‌ر نیشانده‌ری مه‌رگی ئه‌ندێشه‌ی ئایینی و میتافیزیایین به‌ڵکو نوێنه‌ری مه‌رگی فه‌لسه‌فه‌ن و نیچه‌ش بۆ خۆی نیهیلیستێکی تۆخه‌ که‌ ده‌یهه‌وێت به‌ فرت و فێڵی وێژه‌یی ، ئه‌ندێشه‌ی مرۆڤ له‌ کۆت و به‌ندی پرسه‌ پێوه‌ندیداره‌کان به‌ مه‌عریفه‌ و راستی قوتار بکات. هه‌ندێکی دیکه‌ش نیچه‌یان زۆر به‌لاوه‌ په‌سند بووه‌ و له‌و باوه‌ره‌دان که‌ نیچه‌ به‌و رێکاره‌ی که‌ پێشکه‌شی کردوه‌ و له‌ بنه‌ڕه‌ته‌وه‌ فه‌لسه‌فه‌ی خستوه‌ته‌ سه‌ر رێگایه‌کی نوێ و جۆره‌ تێڕوانینی ئه‌و بۆ پرسی راستی و مه‌عریفه‌ تاکه‌ رێگا چاره‌ی زاڵبوونه‌ به‌ سه‌ر نیهیلیسم دا.
روون و ئاشکرایه‌ که‌ نیچه‌ له‌و بڕوایه‌دا بووه‌ که‌ هزری مرۆڤ جۆنایه‌تی شرۆڤه‌یی و راڤه‌یی هه‌یه‌ و ئه‌وانه‌ش که‌ پێیان وایه‌ ده‌توانرێت راسته‌و خۆ بگه‌ن به‌ راستیه‌کان خۆیان ده‌خه‌ڵه‌تێنن، به‌ بێ له‌ به‌رچاو گرتنی ئه‌وه‌ی که‌ راستی له‌ گه‌وهه‌ری خۆیدا چۆناو چۆنه‌، مه‌عریفه‌ی ئێمه‌ ده‌رئه‌نجامی راڤه‌ و تێگه‌یشتنی ئێمه‌یه‌ بۆ راستی.هه‌ر بۆیه‌ش ئه‌وه‌ی له‌ ده‌ستمان دێت بیکه‌ین ئه‌وه‌یه‌ سه‌رله‌نوێ شێوازی تێگه‌یشتن و به‌هاکانیشمان بخه‌ینه‌وه‌ به‌ لێکۆڵینه‌وه‌. گرینگترین رێگای ئه‌م کاره‌ش له‌ روانگه‌ی نیچه‌وه‌ ریشه‌ناسیه‌، واته‌ لێکۆڵینه‌وه‌ له‌وه‌ی که‌ داخۆ راڤکردن و به‌هاکانمان له‌ کوێوه‌ هه‌ڵقوڵاون، له‌ لایه‌کی دیکه‌وه‌ ، ده‌بێت له‌ گۆشه‌نیگا و ده‌لاقه‌کانمان بۆروانین وه‌کۆڵین ؛ چون ئه‌گه‌ر راستی ره‌ها بۆ بونه‌وه‌رانێکی وه‌ک ئێمه‌ بوونی نه‌بێت ، ئه‌و شته‌ی پێی ده‌ڵێین راستی بێ شک په‌یوه‌سته‌ به‌ گۆشه‌ نیگا و ده‌لاقه‌ی ئێمه‌ بۆ روانین. به‌ڵام ئه‌مه‌ کۆتایی چیرۆکه‌که‌ نیه‌. راسته‌ که‌ مه‌عریفه‌یه‌ک له‌ ده‌ره‌وه‌ی راڤه‌کاری و گۆشه‌نیگاکان به‌ شێوازێکی ره‌ها بوونی نیه‌ ، به‌ڵام به‌ لێکۆڵینه‌وه‌یه‌کی وردته‌ له‌ ریشه‌ی به‌هاکان و لێگه‌رینێکی زیاتر له‌ گۆشه‌نیگاکاندا ده‌توانین شێوه‌ی بیرکردنه‌وه‌مان بگه‌یه‌نینه‌ ئاستێک که‌ چ له‌ په‌یوه‌ندیه‌ کۆمه‌ڵایه‌تیه‌کان و چ له‌ په‌یوه‌ندیمان له‌ گه‌ڵ سروشت دا بگه‌یه‌نه‌ تێگه‌یشتنێکی قوڵتر و خۆ له‌ مه‌ترسی نیهیلیسم که‌ به‌ هۆی روخانی به‌ها ئاینی و فه‌لسه‌فیه‌ کلاسیکه‌کانه‌وه‌ روبه‌رومان بوه‌ته‌وه‌ ، ببوێرین.
تێگه‌یشتنێکی قوڵتر که‌ نیچه‌ بۆ خۆی له‌ دوای نکۆڵی کردن له‌ بوونی خوا و گه‌وهه‌ری بوونی رۆح پێی گه‌یشت، له‌ دو بنه‌مای سه‌ره‌کیدا کورت ده‌کرێته‌وه‌: یه‌که‌م ویستێک که‌ مه‌یلی به‌ره‌و ده‌سه‌ڵاته‌، ئه‌وی دیکه‌یان گه‌رانه‌وه‌ یان دوپات بوونه‌وه‌ی هه‌تاییه‌، که‌ به‌ده‌اخه‌وه‌ هه‌ردوکیان که‌وتونه‌ته‌ به‌ خراپ لێکدانه‌وه‌ و خراپ لێتێگه‌یشتن و به‌کارهێنانی چه‌وت. ئه‌وه‌ی نیچه‌ ده‌رباره‌ی هه‌رکام له‌م دووانه‌وه‌ ده‌یڵێت به‌ده‌ر نیه‌ له‌ ناروونی و لێڵی و قسه‌کردن له‌ سه‌ر ئه‌و ته‌وه‌ره‌ش له‌ ده‌ره‌وه‌ی ئه‌م بابه‌ته‌دایه‌، به‌ڵام واپێده‌چێت مه‌به‌ست له‌ ویستێک که‌ مه‌یلی به‌ره‌و ده‌سه‌ڵات هه‌یه‌ ئه‌مه‌ بێت که‌ هه‌ر به‌شێک له‌ سروست به‌ به‌رده‌وامی له‌ گه‌شه‌کردن و جوڵه‌دایه‌ و له‌ هه‌وڵی زیاد کردنی ده‌سه‌ڵاته‌ له‌ به‌رامبه‌ر به‌شه‌کانی دیکه‌دا. ئه‌م وزه‌ سروشتیه‌ ده‌توانێت له‌ مرۆڤه‌کاندا به‌ شێوازی جۆراو جۆر-بونیادنه‌ر یان رووخێنه‌ر- خۆی بنوێنێت ، که‌ به‌ته‌نیا یه‌کێک له‌و شێوازانه‌ دامه‌زراوه‌ی سیاسی و ئایینی و هونه‌ری و ئه‌خلاقی و فه‌لسه‌فیه‌. پرسی دوباره‌بوونه‌وه‌ی هه‌تاییش وه‌ک دیاره‌ هه‌ر له‌م چوارچیوه‌ دایه‌ و مه‌به‌ست لێی تێڕوانینێکی سه‌لمێنه‌رانه‌ و دیانپێنه‌رانه‌یه‌ به‌ ژیان به‌ هه‌موو به‌رزی و نزمیه‌کانیه‌وه‌.
یه‌کێکی دیکه‌ له‌ بیردۆزیه‌کانی نیچه‌ که‌ کاریگه‌ریه‌کی قوڵی له‌ سه‌ر هونه‌رمه‌ند و بیرمه‌نده‌کانی دوای خۆی دانا چه‌مکی ” سوپه‌ر مان ” بوو- به‌ واتای ئه‌گه‌ری ده‌رکه‌وتنی مرۆڤگه‌لێک که‌ له‌ روی سه‌ربه‌خۆیی و داهێنانه‌وه‌ جیاوازن و به‌ره‌وسه‌رترن له‌ ئاستی ” کۆمه‌ڵانی مێگه‌ل ئاسا” یان ” عوام کالانعام (کۆمه‌ڵه‌خه‌ڵکی مه‌ر ئاسا)” که‌ به‌ ئه‌خلاقی ” رابه‌رایه‌تی” (به‌ دوور له‌ ئه‌خلاقی نزمی کۆیلایه‌تی) رازاونه‌ته‌وه‌.
باسی تێر و ته‌سه‌لتر سه‌باره‌ت به‌ ئه‌ندێشه‌کانی نیچه‌ و په‌ل وپۆ و لقه‌کانی ئه‌ندێشه‌که‌ی له‌م ده‌رفه‌ته‌ کورته‌دا ده‌ست نادات. به‌ڵام ئه‌گه‌ر هه‌ر له‌م کورته‌ باسه‌شدا وردبحنه‌وه‌ توانای بیرکردنه‌وه‌کانی نیچه‌ و کارتێکردنه‌کانی له‌ بواره‌ تیوری و کرداریه‌کانمان بۆ ده‌رده‌که‌وێت. با ئه‌وه‌ش له‌ بیر نه‌که‌ین که‌ کارتێکردنه‌کانی نیچه‌ هه‌مووکات پێشوازی لێنه‌کراوه‌. هه‌ندێک بۆ نمونه‌ وه‌ک نوسه‌ر و ره‌خنه‌گری ئه‌مریکی ئالێن بلۆم باس له‌وه‌ ده‌کات که‌ نیچه‌ به‌هاکانی خستوه‌ته‌ بواری نیسبیه‌ت و تێکیداون و چه‌مکه‌ بنچینه‌ییه‌کانی ئه‌خلاقی وه‌ک- چاکه‌کاری و گه‌نده‌کاری، باشه‌ و خراپه‌ و خواناسی و هتد – خستوه‌ته‌ به‌ر گومان پرسیار و مێشکی گه‌نجانی به‌لارێدا بردوه‌. به‌ڵام له‌ گه‌ڵ هه‌موو ئه‌مانه‌شدا ئه‌مه‌ راستیه‌که‌ که‌ له‌م سه‌رده‌مه‌دا کتێبه‌کانی نیچه‌ ره‌نگه‌ زیاتر له‌ رابردوو له‌ سه‌رانسه‌ری دونیا ده‌خوێندرێنه‌وه‌ و بۆ دۆزینه‌وه‌ی سه‌رچاوه‌ی زۆرینه‌ی خوێندنگه‌ فه‌لسه‌فیه‌کانی هاوچه‌رخ – وه‌ک مۆدێرنیسم و پێکهاته‌ شکێنی و …- ده‌بێت بۆ دواوه‌ و بۆ لای نیچه‌ بگه‌رێینه‌وه‌.


Execution of two Kurdish prisoners in Iran

Two Kurdish prisoners were executed in Urmia and Birjand prisons. On the morning of Thursday, July 25, Kamran Sheikha, a Kurdish prisoner o...