Monday, March 11, 2019

سه‌رۆكی ئه‌رژه‌نتین له‌ عێراقه‌

شه‌وێكی گه‌رمی هاوینی 14 ساڵ به‌ر له‌ ئێستا له‌ سوچی پاركێك له‌ گه‌ڵ كۆمه‌ڵێك هاوڕێ دانیشتبووین و قسه‌ و باسی نێوانمان سیاسی بوو، ئه‌ویش به‌ ده‌نگێكی نزم، زوو زووش سه‌یری ئه‌ملا و لامان ده‌كرد، نه‌كا له‌ نزیكمان كه‌سێك گوێی هه‌ڵخستبێت و سه‌رمان به‌ فه‌ته‌راتێكدا بدات.
چه‌ند مه‌ترێك له‌م لا و لامانه‌وه‌ دوو سێ كۆمه‌ڵ گه‌نج دانیشتبوون و سه‌رقاڵی كێشانی ماده‌ی هۆشبه‌ر بوون، له‌ ماوه‌ی ئه‌و دوو كاتژمێره‌ی له‌وێ بووین دوو سێ جار فرۆشیاره‌كه‌ هات و زۆر له‌ سه‌رخۆ بڕێك ماده‌ی هۆشبه‌ری له‌ باخه‌ڵی ده‌رهێنا و به‌و گه‌نجانه‌ی فرۆشت.
دیمه‌نێكی تراژیك بوو، ئێمه‌ به‌ ترس و له‌رزه‌وه‌ له‌ سه‌ر سیاسه‌ت و خه‌مه‌ گشتیه‌كان ده‌دواین و ئه‌وانیش به‌و په‌ڕی ئازادیه‌وه‌ ماده‌ی هۆشبه‌ریان ده‌فرۆشت و هه‌ر له‌ شوێنێكی گشتی وه‌ك پاركیش ده‌یانكێشا.
شاره‌ كوردیه‌كانی "ئه‌رژه‌نتین" به‌ به‌راورد به‌ ناوچه‌كانی تری ئه‌و وڵاته‌ له‌ رووی به‌كارهێنانی ماده‌ی هۆشبه‌ره‌وه‌ تاڕاده‌یه‌ك خاوێنتر بوون، بۆ ئێستا نازانم، كه‌ زیاتر له‌ 11 ساڵه‌ له‌وێ نه‌ماوم و له‌ وڵاتێكی دراوسێی ئه‌رژه‌نتین ده‌ژیم به‌ ناوی عێراق، كه‌ له‌ رۆژانی رابردوو سه‌رۆك وه‌زیرانه‌كه‌ی به‌و په‌ڕی بوێریه‌وه‌ په‌نجه‌ی خسته‌ سه‌ر برینێك كه‌ خه‌ریكه‌ ژیانی گه‌نجانی وڵاته‌كه‌ی له‌ بن دێنێت و وتی: ئه‌و ماده‌ی هۆشبه‌ره‌ی گه‌نجمان ئالوده‌ ده‌كات له‌ ئه‌رژه‌نتینه‌وه‌ به‌ كه‌شتی ده‌گوازرێته‌وه‌ بۆ لوبنان و له‌وێشه‌وه‌ له‌ رێگه‌ی سوریاوه‌ ده‌گاته‌ عێراق.
هه‌ر ئاله‌م سێ چوار رۆژه‌دا، كۆمه‌ڵێك ئامارم به‌ر گوێ كه‌وت له‌سه‌ر ده‌ستگیركردنی به‌كارهێنه‌ران و بازرگانانی ماده‌ی هۆشبه‌ر له‌ چه‌ند ناوچه‌یه‌كی هه‌رێمی كوردستان، كه‌ هاوسنوری كۆماری ئیسلامی ئه‌رژه‌نتینه‌.
له‌ سۆران له‌ ماوه‌ی 2 مانگدا 20 كه‌س، له‌ چه‌مچه‌ماڵ 10 كه‌س، له‌ گه‌رمیان 27 كه‌س و له‌ كۆیه‌ و ده‌وروبه‌ری 72 كه‌س و بێگومان له‌ شار و شارۆچكه‌كانی تر به‌ده‌یانی تر ده‌ستگیركراون.
ئه‌مه‌ زه‌نگێكی مه‌ترسیداره‌،  گه‌ر پێشی پێنه‌گیرێت و ته‌شه‌نه‌بسه‌نێت، داهاتووی گه‌نجه‌كان، هاوشێوه‌ی ئه‌و دووكه‌ڵه‌ی له‌ سنگی ئالوده‌یان دێته‌ده‌ر و دوای قه‌یرێك له‌هه‌وادا ون ده‌بێت، به‌ره‌و له‌ناوچوون ده‌چێت، ئه‌مه‌ جیا له‌ به‌بادانی سه‌رمایه‌ی مرۆیی و دروستبوونی چه‌ندین ئاریشه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی و بڵاوبوونه‌وه‌ی چه‌ندان نه‌خۆشی و هتد..
هه‌رچه‌نده‌ ئاماره‌كانی ئالوده‌بوانی ماده‌ی هۆشبه‌ر له‌ "ئه‌رژه‌نتین"، جیاوازیه‌كی زۆر له‌ نێوانیاندایه‌ و باس له‌ 2 ملیۆن بۆ 7 ملیۆن كه‌س ده‌كرێت، به‌ڵام ئه‌گه‌ر هه‌ر ئه‌مانه‌ لێكبده‌ین، ده‌توانین بڵێین، نزیكه‌ی 4 ملیۆن هاوڵاتی ئه‌و وڵاته‌ گیرۆده‌ی ماده‌ هۆشبه‌ره‌كانن، ئه‌مه‌ش بازاڕێكی گه‌وره‌یه‌ بۆ ساخكردنه‌وه‌ی ماده‌ی مه‌رگ.
به‌رده‌وام مقۆمقۆی ئه‌وه‌ له‌ ئارادابووه‌ كه‌ هێزه‌ سه‌ربازی و ئه‌منیه‌كان له‌ پشت بازرگانی مه‌رگه‌وه‌ن له‌ ئه‌رژه‌نتین، به‌تایبه‌تی سوپای پاسداران، كه‌ له‌سه‌ر ئاستی ناوخۆ كارتی ماده‌ هۆشبه‌ره‌كان له‌لایه‌كه‌وه‌ بۆ پوكانه‌وه‌ی وزه‌ی گه‌نجان، كه‌ مه‌كینه‌ی گۆڕانكارین، به‌كارده‌هێنێت، له‌ لایه‌كی تریشه‌وه‌ سه‌رچاوه‌یه‌كی له‌بن نه‌هاتووی داهاته‌ بۆ خۆیان.
له‌سه‌ر ئاستی ده‌ره‌وه‌ش به‌رده‌وام پرسی ماده‌ی هۆشبه‌ر وه‌ك چه‌كێك بووه‌، كه‌ ئه‌رژه‌نتین هه‌ڕه‌شه‌ی له‌ رۆژئاواییه‌كان و ئێستاش عه‌ره‌به‌كان كردووه‌ و له‌ رێگه‌ی به‌شێك له‌ داهاته‌كه‌شی گروپه‌ توندڕه‌وه‌كانی سه‌ر به‌ خۆی له‌ رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست ته‌یار ده‌كات.
وڵاتی عێراقیش كه‌ دراوسێیه‌كی ئه‌رژه‌نتینه‌، ده‌روازه‌یه‌كه‌ هه‌م بۆ ساخكردنه‌وه‌ی به‌شێك له‌ ماده‌ی مه‌رگ و گیرۆده‌كردنی گه‌نجانی، هه‌م بۆ ئه‌وه‌ی له‌وێوه‌ هه‌نارده‌ی وڵاتانی عه‌ره‌بی به‌تایبه‌ت كه‌نداو بكرێت.
ئێستا كه‌ حه‌سه‌ن رۆحانی سه‌رۆك كۆماری ئه‌رژه‌نتین له‌ عێراقه‌، ئاخۆ عادل عه‌بدولمه‌هدی داوای لێبوردنی لێده‌كات به‌وه‌ی كه‌ مه‌به‌ستی لێدوانه‌كه‌ی ئێران بووه‌ نه‌ك وڵاتی ئه‌رژه‌نتینی دۆست و دراوسێ، یان هه‌ر له‌سه‌ر لێدوانه‌كه‌ی سورده‌بێت؟!

https://www.radionawa.com/Ku/Wtar-Detail.aspx?jimare=674

No comments:

Post a Comment

Execution of two Kurdish prisoners in Iran

Two Kurdish prisoners were executed in Urmia and Birjand prisons. On the morning of Thursday, July 25, Kamran Sheikha, a Kurdish prisoner o...