my last report on NRT
کۆمەڵەی مافی مرۆڤ: لە سەرەتای ئەمساڵەوە ٥٢ کۆڵبەر کوژراون
لەپاڵ کێشەکانی وەک گرانی و بێکاری، پرسێکی تر کە بەرۆکی هاوڵاتیانی رۆژهەڵاتی کوردستانی گرتووە، پێشێلکاریەکانی مافی مرۆڤ و بەردەوامی کوژرانی کۆڵبەران و دەستبەسەرکردنی چالاکوانانی سیاسی و مەدەنیە.
بەپێی نوێترین ئاماری کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان مانگی رابردوو بە تەقەی راستەوخۆی هیزە سەربازییەکانی ئێران شەش کۆڵبەر و کاسبکاری کورد کوژراون و ١٨ کۆڵبەر و کاسبکاریش برینداربوون.
راشیگەیاندووە، هەر لە مانگی ئەیلولدا حەوت کۆڵبەر و کاسبکاریش لە لایەن هیزە سەربازی و ئەمنییەکانەوە دەستبەسەرکراون.
بە گشتی لەسەرتای ئەمساڵەوە ٥٢ کۆڵبەر و کاسبکاری کورد بە تەقەی هێزە سەربازییەکانی ئێران کوژراون و ١٣٧ کۆڵبەر و کاسبکاریش برینداربوون و ١٤ کۆڵبەریش دەستبەسەرکراون.
هەر لە مانگی ئەیلولدا هێزە ئەمنیەکانی ئێران ٣٣ چالاکوانی سیاسی، مەدەنی و ژینگە پارێزیان لەناوچە جیاجیاکانی رۆژهەڵات دەستگیرکردووە، کە پێنج کەسیان ژنن، بەمەش لە نۆ مانگی رابردوودا ١٩٠ چالاکوانی کورد لە لایەن هیزە ئەمنیەکانی ئێرانەوە دەستگیر و راپێچی گرتووخانە کراون، کە بەشێکیان بە دانانی بارمتە و بەشێوەی کاتی ئازادکراون و زۆرینەیان تائێستا دەستبەسەرن.
بەشێکی تر راپۆرتەکەی کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان تایبەتە بە لەسێدارەدان و رایگەیاندوە، لە مانگی رابردوودا یەک زیندانی لە سێدارەدراوە و لەسەرتای ئەمساڵیشەوە ٣١ زیندانی کە بەشێکیان زیندانی سیاسی بوون ئەو سزایەیان بەسەردا جێبەجێ کراوە.
ئەو رێکخراوە ئاماژەی بەوەشکردووە، لە مانگی رابردوودا هێزەکانی سوپای پاسداران لە نزیک مەهاباد بە ئار پی جی ئۆتۆمبێلێکیان تەقاندۆتەوە، کە چوار سەرنشینی تێدابووە و هەرچواریان کوژراون و باس لەوەدەکرێت سێ لە سەرنشینەکان ئەندامی حزبێکی کوردستانی بوون.
جیا لەو چوار کەسە وەک کۆمەڵەی مافی مرۆڤ ئاماژەی پێکردووە، دوو هاوڵاتی کە پیشەیان شوانی بووە، لە شنۆ بەتەقەی هیزەکانی سوپای پاسداران کوژراون.
ئەوەشخراوەتەڕوو، کە مانگی نۆی ئەمساڵ ٩ کەس کۆتاییان بە ژیانی خۆیان هێناوە، کە لە سێ ژن و شەش پیاو و منداڵ پێکهاتوون و بەوەش لەسەرەتای ئەمساڵەوە ٥٤ کەس کۆتاییان بە ژیانی خۆیان هیناوە و بێکاری و خراپی بار و گوزەرانی دارایی یەکێک لە پاڵنەرە سەرەکیەکانی خۆکوشتنی ئەو کەسانە بووە، لە پاڵ کێشەی کۆمەڵایەتی و خێزانی.
هەر لە ماوەی رابردوودا سەبارەت بە دۆخی مافەکانی مرۆڤ لە ئێران ٤٧ وڵاتی ئەندامی ئەنجومەنی باڵای مافەکانی مرۆڤی سەر بە نەتەوەیەکگرتوەکان لە بەیاننامەیەکدا پێشێلکاریەکانی مافی مرۆڤ و سنوردارکردنی ئازادیەکان و سەرکوتی خۆپیشاندانەکان و جیاکاری بەرامبەر بە کەمینە ئایینی و نەتەوەییەکانیان لە لایەن حکومەتی تارانەوە شەرمەزا کرد و داواشیان کرد، رێگە بە چاودێرانی نێودەوڵەتی بدرێت بۆ بەدواداچوون بۆ دۆخی مافەکانی مرۆڤ سەردانی ئێران بکەن.
https://www.facebook.com/watch/?ref=external&v=698967210716173
No comments:
Post a Comment