Monday, April 8, 2019

كۆڵه‌كه‌یه‌كی سه‌ره‌كی دەسەڵاتی ئێران كرایه‌ ئامانج/ ئه‌مریكا سوپای پاسدارانی خسته‌ لیستی تیرۆره‌وه‌

U.S. designates Iran's Revolutionary Guards Corps foreign terror group

KMMK:
ئه‌مریكا سوپای پاسدارانی ئێرانی خسته‌ لیستی رێكخراوه‌ تیرۆریستیه‌كان و ئه‌وه‌ش یه‌كه‌مجاره‌ سوپایه‌كی فه‌رمی ناوی بچێته‌ ئه‌و لیسته‌وه‌، له‌ ئه‌نجامی ئه‌و بڕیاره‌ش هێزێك كه‌ زۆرترین رۆڵی له‌ سه‌ركوت، تیرۆری به‌رهه‌ڵستكاران، تاڵانكردنی سامانی گشتی ئێران، تێكدانی ژینگه‌ و نانه‌وه‌ی پشێوی و ئاژاوه‌ له‌ ناوچه‌كه‌ هه‌بووه‌، ده‌كه‌وێته‌ ژێر توندترین گوشاره‌وه‌.
دۆناڵد ترامپ سه‌رۆك كۆماری ئه‌مریكا له‌ كاتی راگه‌یاندنی ئه‌و بڕیاره‌دا، جارێكی تر حكومه‌تی ئێرانی به‌ پشتیوانی سه‌ره‌كی تیرۆر له‌ جیهان ناو برد و سوپای پاسدارانیشی وه‌ك باسكی جێبه‌جێكار و دابینكاری سه‌رچاوه‌ی دارایی بۆ تیرۆری نێوده‌وڵه‌تی پێناسه‌كرد.
لای خۆیه‌وه‌ مایك پۆمپئۆ، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریكا له‌ كۆنفرانسێكی رۆژنامه‌وانیدا باسی له‌وه‌كرد، ئه‌ندامانی سوپای پاسداران شۆڕشگێڕ نین، دز و چه‌ته‌ن، به‌رپرسانێكی گه‌نده‌ڵن كه‌ هێز و ده‌سه‌ڵاتی خۆیان به‌ شێوه‌یه‌كی خراپ به‌كارده‌هێنن و له‌ ده‌ره‌وه‌ی ئێرانیش كرده‌وه‌ی تیرۆریستی ئه‌نجامده‌ده‌ن.
هه‌ر سه‌باره‌ت به‌و بڕیاره‌، برایان هۆك نوێنه‌ری تایبه‌تی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریكا بۆ كاروباری ئێران وتی: دانانی سوپای پاسداران له‌ لیستی تیرۆر ده‌بێته‌ هۆی ئه‌وه‌ی سه‌ركه‌وتی سه‌ر خه‌ڵكی ئێران كه‌مبكرێته‌وه‌.
سوپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامی ئێران، كه‌ وه‌ك له‌ ناوه‌كه‌ی دیاره‌ بڕبڕه‌ پشته‌ و كۆڵه‌كه‌ی پاراستنی كۆماری ئیسلامی بووه‌ له‌ ماوه‌ی ۴۰ ساڵی رابردوودا، جیا له‌ بواری سه‌ربازی، ده‌ستی به‌ سه‌ر زۆربه‌ی جومگه‌ هه‌ستیاره‌كاندا گرتووه‌، له‌وانه‌ ئابوری، سیاسی، به‌شێك له‌ سیاسه‌تی ده‌ره‌وه‌.
له‌سه‌ر ئاستی ناوخۆی ئێران سوپای پاسداران جیا له‌وه‌ی بودجه‌یه‌كی زه‌به‌لاحی ئێرانی بۆ ته‌رخان كراوه‌، ده‌ستی به‌سه‌ر زۆرینه‌ی پڕۆژه‌ ئابوریه‌ گه‌وره‌كانی وه‌ك نه‌وت و گاز، پێترۆشیمی، دروستكردنی رێگا وبان و به‌نداو و فڕۆكه‌خانه‌كان، كانگاكان، په‌یوه‌ندیكان و پڕۆژه‌ی گه‌وره‌ی وه‌ربه‌هێنان و هه‌نارده‌كاریدا گرتووه‌.
ئه‌و سوپایه‌ تۆمه‌تباریشه‌ به‌وه‌ی كه‌ له‌ بازرگانی ماده‌هۆشبه‌ره‌كانیشه‌وه‌ تێوه‌گلاوه‌، چ بۆ ساغكردنه‌وه‌ی له‌ ناوخۆ، چ بۆ هه‌نارده‌كردنی بۆ ده‌ره‌وه‌ی سنوره‌كانی ئێران، داهاتێكی زۆری لێی ده‌ستده‌كه‌وێت.
له‌ رووی سیاسیه‌وه‌، ده‌ستوه‌ردانی سوپای پاسداران له‌ كاروباری سیاسی، گۆڕین و ئاراسته‌كردنی ئه‌نجامی هه‌ڵبژاردنه‌كان و سه‌ركوتی خۆپیشاندان و ناڕه‌زایه‌تیه‌كان نكۆڵی لێناكرێت، به‌ تایبه‌تی له‌ سه‌ركوتی بزوتنه‌وه‌ی خوێندكاری، خۆپیشاندانه‌كانی دوای هه‌ڵبژاردنی ساڵی ۲۰۰۹ ی سه‌رۆكایه‌تی كۆمار و خۆپیشاندانه‌كانی دوو ساڵی رابردوو.
گرتوخانه‌كانی سه‌ر به‌ ئیتلاعاتی سوپای پاسداران، وه‌ك داپڵۆسێنه‌رترین و تۆقێنه‌رترین ناوه‌نده‌ ئه‌منیه‌كانی ئێران باسیان لێده‌كرێت، كه‌ تێیاندا ده‌ستبه‌سه‌ركراوان رووبه‌ڕووی قورسترین ئه‌شكه‌نجه‌كان ده‌بنه‌وه‌.
سوپای پاسداران لە رۆژهه‌ڵاتی كوردستان
هه‌ر له‌ یه‌كه‌م ساته‌كانی شۆڕشی گەلانی ئێرانه‌وه‌، كه‌ دواتر وه‌ك شۆڕشی ئیسلامی ناوه‌كه‌ی زه‌وتكرا، رۆژهه‌ڵاتی كوردستان كه‌وته‌ به‌ر په‌لاماری حكومه‌تی نوێ و سوپای پاسداران رۆڵی سه‌ره‌كی له‌ جێبه‌جێكردنی فه‌توای خومه‌ینی بۆ جیهاد له‌ دژی كورد هه‌بوو.
دوای ئه‌وه‌ی جوڵانه‌وه‌ی رزگاریخوازی رۆژهه‌ڵاتی كوردستان رووی له‌ كزی نا، سوپای پاسداران له‌ رێگه‌ی زیاتر په‌ره‌پێدان به‌ ئەندام گرتن له‌ ناوچه‌كانی رۆژهه‌ڵات و به‌شداربوون له‌ پرۆسه‌ی ئالوده‌كردنی گه‌نجانی كورد به‌ ماده‌ی هۆشبه‌ر و گرتن و راوه‌دونانی چالاكوانی كورد، درێژه‌ی به‌ كرده‌وه‌كانیدا.
له‌ سه‌ركوتی خۆپیشاندان و ناڕه‌زایه‌تیه‌ جیاجیاكانی رۆژهه‌ڵاتی كوردستان به‌ تایبه‌تی له‌ ساڵه‌كانی ۱۹۹۹ و ۲۰۰۵ سوپای پاسداران و ناوه‌نده‌كانی سه‌ر به‌و سوپایه‌ زۆرترین رۆڵیان گێڕا و له‌ ساڵانی دواتریشدا له‌ تێكدانی ژینگه‌ی كوردستان له‌ ژێر ناوی ئه‌نجامدانی پڕۆژه‌ی سه‌ربازی، دروستكردنی به‌نداو و سوتاندنی دارستان و له‌وه‌ڕگه‌كان رۆڵی نه‌رێنی هه‌بووه‌.
به‌هۆی ئه‌وه‌ی كۆنتڕۆڵی سنوره‌كانی رۆژهه‌ڵاتی كوردستان زۆرجار به‌ده‌ست سوپای پاسدارانه‌وه‌ بووه‌، ئه‌و سوپایه‌ هاوشێوه‌ی یه‌كه‌ی پاسه‌وانی سنور و هێزه‌كانی ئینتیزامی ده‌ستیان له‌ كۆڵبه‌رانی كورد نه‌پاراستووه‌ و راسته‌وخۆ به‌شداربوون له‌ كوشتاری ئه‌و توێژه‌دا.
سوپای پاسداران و كرده‌وه‌كانی له‌ ده‌ره‌وه‌ی سنوره‌كانی ئێران
ره‌نگه‌ هۆكاری سه‌ره‌كی دانانی سوپای پاسداران له‌ لیستی تیرۆری ئه‌مریكا، په‌لوپۆكردنی ئه‌و هێزه‌بێت له‌ ده‌ره‌وه‌ی ئێران، به‌تایبه‌تی له‌و ناوچانه‌ی تووشی به‌ریه‌ككه‌وتن ده‌بێت له‌گه‌ڵ به‌رژه‌وه‌ندیه‌كانی واشنتۆن و هاوپه‌یمانه‌كانی، به‌ڵام به‌شێك له‌ كرده‌وه‌كانی ئه‌و سوپایه‌ له‌ ده‌ره‌وه‌، درێژكراوه‌ی كرده‌وه‌كانیه‌تی له‌ ناوخۆی ئێران.
سوپای قودس كه‌ باڵی ده‌ره‌وه‌ی سوپای پاسدارانه‌، له‌سه‌ره‌تای دامه‌زراندنیه‌وه‌ و ته‌نانه‌ت هاوكات له‌گه‌ڵ شه‌ڕی ئێران و عێراق له‌ ده‌ره‌وه‌ی سنوره‌كان رۆڵی له‌ رێكخستن، پڕچه‌ككردن و ئاراسته‌كردنی چه‌ندین گروپی توندڕه‌و هه‌بووه‌، به‌تایبه‌تی له‌ لوبنان و فه‌له‌ستین و له‌ ئۆروپاش رۆڵی سه‌ره‌كی له‌ تیرۆركردنی سه‌ركرده‌ و رێبه‌رانی به‌رهه‌ڵستكار به‌تایبه‌تی كورد هه‌بووه‌.
سوپای قودس تۆمه‌تباره‌ به‌وه‌ی زیاتر له‌ ۳۵۰ به‌رهه‌ڵستكاری رۆژهه‌ڵاتی كوردستانی له‌ نێوان ساڵانی نه‌وه‌دی زانیینی له‌ باشوری كوردستان و توركیا و چه‌ند وڵاتێكی تر تیرۆركردووه‌، ئه‌مه‌ جیا له‌وه‌ی ده‌ستی له‌ كردنه‌ ئامانجی به‌رهه‌ڵستكارانی تریش هه‌بووه‌ له‌ ده‌ره‌وه‌ی ئه‌و وڵاته‌.
به‌شێكی زۆر له‌و داهاته‌ی سوپای پاسداران له‌ رێگه‌ی گه‌نده‌ڵی، ده‌ستبه‌سه‌رداگرتنی سه‌رچاوه‌كانی داهات و بازرگانی ماده‌ی هۆشبه‌ر به‌ده‌ستیهێناوه‌، بۆ چالاكیه‌كانی له‌ده‌ره‌وه‌ی سنوره‌كان ته‌رخان كراوه‌ و كۆنتڕۆڵكردنی چوار پایته‌ختی وڵاتانی عه‌ره‌بی و سه‌پاندنی هه‌ژمۆنی خۆی به‌سه‌ریاندا، وایكردووه‌، راسته‌وخۆ پلانی سنورداركردنی ئه‌و په‌لهاویشتنانه‌ی ئێران له‌ به‌یروت، به‌غدا، دیمشق و سه‌نعا ببێته‌ ئامانجی سه‌ره‌كی سیاسی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریكا و هاوپه‌یمانه‌كانی له‌ ناوچه‌كه‌.
ساڵی ۲۰۱۱ و دوای ده‌ستپێكردنی شۆڕشی سوریا، كه‌ دواتر بۆ شه‌ڕی ناوخۆ گۆڕدرا، سوپای پاسداران راسته‌وخۆ به‌شداری له‌و شه‌ڕه‌ كرد و تۆمه‌تباری سه‌ره‌كیه‌ له‌ كوژرانی هه‌زاران كه‌س له‌ هاوڵاتیانی سوری و ئۆباڵی به‌شێك له‌ نه‌هامه‌تیه‌كانی ئێستای یه‌مه‌نیشی ده‌خرێته‌ ئه‌ستۆ.
هه‌ر له‌م ساڵانه‌ی دواییدا و به‌تایبه‌تی ساڵی ۲۰۱۸، مه‌كینه‌ی تیرۆری به‌رهه‌ڵستكارانی رۆژهه‌ڵاتی كوردستان له‌ باشوری كوردستان كه‌وته‌وه‌ كار، كه‌ په‌نجه‌ی سه‌ره‌كی تۆمه‌ت بۆ سوپای پاسداران راده‌دێردرێت، به‌ تایبه‌تی له‌ تیرۆری ژماره‌یه‌ك چالاكوان و پێشمه‌رگه‌ی حزبه‌كانی رۆژهه‌ڵات، له‌وانه‌ ئیقباڵ مورادی، ئه‌ندامی ده‌سته‌ی به‌ڕێوه‌به‌ری كۆمه‌ڵه‌ی مافی مرۆڤی كوردستان، قادر قادری، فه‌رمانده‌ی حزبی دیموكراتی كوردستان، ته‌قاندنه‌وه‌ی ئۆتۆمبێلی سه‌ڵاح مورادی پێشمه‌رگه‌ی حزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران، كه‌ بووه‌ هۆی برینداربوونی خۆی و گیان له‌ده‌ستدانی كوڕه‌كه‌ی به‌ ناوی سه‌باح و چه‌ندین هه‌وڵی تری تیرۆر، ئه‌مانه‌ جیا له‌ موشه‌كبارانی كه‌مپی حزبی دیموكرات له‌ نزیك كۆیه‌، كه‌ بووه‌ هۆی گیان له‌ده‌ستدان و برینداربوونی زیاتر له‌ ۵۰ كه‌س.
به‌ له‌به‌رچاوگرتنی ئه‌و كارنامه‌یه‌، له‌ قاڵبدانی سوپای پاسداران له‌ رێگه‌ی دانانی له‌ لیستی تیرۆر، به‌هه‌ر ئامانجێك له‌ لایه‌ن ئه‌مریكاوه‌ ئه‌نجامدرابێت، پێشبینی ده‌كرێت، كاریگه‌ری له‌سه‌ر داته‌پینی تواناكانی ئه‌و سوپایه‌ له‌ ناوخۆ و ده‌ره‌وه‌ی ئێران هه‌بێت.

کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان

No comments:

Post a Comment

Execution of two Kurdish prisoners in Iran

Two Kurdish prisoners were executed in Urmia and Birjand prisons. On the morning of Thursday, July 25, Kamran Sheikha, a Kurdish prisoner o...