Monday, April 29, 2019

كلیلێكی په‌یامه‌ ڤیدیۆییه‌كه‌ی ئه‌بوبه‌كر به‌غدادی

My article on the message of the ISIL leader
Is Saudi Arabia the key to the message of al-Baghdadi?
Has Daesh has become Iran's future card against its enemies?

په‌یامه‌ 18 خوله‌كیه‌كه‌ی ئه‌بوبه‌كر به‌غدادی "خه‌لیفه‌ خه‌لافه‌ت رووخاوه‌كه‌ی داعش"، كه‌ له‌ رێگه‌ی كه‌ناڵی تێلێگرامی ئه‌و رێكخراوه‌وه‌ بڵاوكرایه‌وه‌، ره‌نگه‌ خوێندنه‌وه‌ی زۆر و فره‌ره‌هه‌ند هه‌ڵبگرێت، به‌ڵام له‌وانه‌یه‌ له‌ كۆتا ره‌سته‌ و وشه‌كانیدا هه‌ندێك زانیاری و وێنایه‌ك له‌ هه‌نگاوه‌كانی داهاتووی رێكخراوه‌كه‌ی به‌ده‌سته‌وه‌ بدات.
سه‌ره‌تای قسه‌كانی به‌غدادی به‌ شه‌ڕی باغوز و كۆتاییهاتنی خه‌لافه‌ته‌كه‌ی له‌سه‌ر ده‌ستی شه‌ڕڤانان و هاوپه‌یمانان كه‌ ئه‌و وه‌ك "سه‌لیبیه‌كان" ناوی بردن ده‌ستیپێكرد و په‌لاماره‌كانی سریلانكاشی به‌سته‌وه‌ به‌ تۆڵه‌ی ئه‌و شه‌ڕه‌ی وه‌ك خۆی پێناسه‌ی كرد "ده‌رخه‌ری وه‌حشیگه‌ری سه‌لیبیه‌كان و خۆڕاگری ئومه‌تی ئیسلامی بووه‌".
ناوئاخنی په‌یامه‌كه‌، سه‌رباری دانپیانان به‌ شكست "خوداوه‌ند به‌ڵێنی جیهادی پێداوین نه‌ك سه‌ركه‌وتن"،  پڕه‌ له‌ هه‌ڕه‌شه‌ی به‌رده‌وامیدان به‌ په‌لاماره‌كانیان "جیهاد" و باس له‌ هێرشه‌ ناسه‌ركه‌وتوه‌كه‌ی ماوه‌ی رابردووی چه‌كداره‌كانیان ده‌كات له‌ سعودیه‌ و و به‌ زمانێكی توند داده‌بارێته‌ سه‌ر بنه‌ماڵه‌ی ده‌سه‌ڵاتدار له‌و وڵاته‌، ئه‌مه‌ جیا له‌وه‌ی به‌درێژایی قسه‌كانی زۆر به‌ شێوه‌یه‌كی نامۆ په‌سنی ئه‌و سه‌ركرده‌ كوژراوانه‌ی رێكخراوه‌كه‌یدا كه‌ ره‌چه‌ڵه‌كیان له‌ نیمچه‌ دورگه‌ی عه‌ره‌بیه‌ واته‌ سعودیه‌وه‌ بوو.
سعودیه‌ ئه‌و وشه‌ كلیلیه‌یه‌ كه‌ له‌ په‌یامه‌كه‌ی به‌غدادی به‌دی ده‌كرێت.
سعودیه‌ له‌ په‌یوه‌ندیه‌كی ئاڵۆز و پڕ له‌ گرژیدایه‌ له‌گه‌ڵ توركیا و توركیاش هه‌ر له‌سه‌ره‌تاوه‌ تۆمه‌تبار بووه‌ به‌ هاوكاری و ته‌نانه‌ت ئاراسته‌كردنی داعش.
له‌ لایه‌كی تره‌وه‌ سعودیه‌، به‌هه‌مان شێوه‌ له‌ گرژترین ئاستی په‌یوه‌ندیه‌كانیدایه‌ له‌گه‌ڵ ئێران و ماوه‌ی چه‌ند ساڵێكه‌ شیر و تیر له‌یه‌ك ده‌سون و دوای ئیسرائیل سعودیه‌ به‌ نزیك ترین و گه‌وره‌ترین هاوپه‌یمانی ئه‌مریكا له‌ ناوچه‌كه‌ داده‌نرێت.
توركیا و ئێران تا دێت زیاتر لێك نزیك ده‌بنه‌وه‌ و خاڵی هاوبه‌شی نێوانیان زیاتر به‌ هێز ده‌كه‌ن، له‌ پرسی توندكردنه‌وه‌ی سزاكانی ئه‌مریكا بۆ سه‌ر ئێران و هاوسۆزیه‌كانی ئه‌نقه‌ره‌ بۆ تاران ئه‌م بابه‌ته‌ به‌ روونی ده‌ركه‌وت.
هه‌رچی ئێرانیشه‌، سه‌رباری ئه‌وه‌ی له‌ ساڵی 2014ه‌وه‌ پێداگره‌ له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی خۆی وه‌ك یاریكه‌رێكی سه‌ره‌كی شه‌ڕ له‌ دژی داعش بناسێنێت، به‌ڵام كه‌مترین پریشكی شه‌ڕ له‌ دژی ئه‌و رێكخراوه‌ی به‌ركه‌وتووه‌ و زۆرجار قسه‌ له‌سه‌ر په‌یوه‌ندی تاران و داعش له‌ ئارادابووه‌.
داعش كه‌ له‌ هه‌ناوی قاعیده‌وه‌ سه‌ریهه‌ڵداوه‌، بێ ئاگا نییه‌ له‌ په‌یوه‌ندیه‌ له‌ مێژینه‌كانی قاعیده‌ و ئێران. كاتێك ئه‌ستێره‌ی به‌ختی قاعیده‌ رووی له‌ كزی نا، ئێران باوه‌شی بۆكرده‌وه‌ و ته‌نانه‌ت به‌شێك له‌ ئه‌ندامانی خێزانی بن لاده‌نی داڵده‌دا.
به‌ وته‌ی سه‌عید قاسمی، یه‌كێك له‌ فه‌رمانده‌ خانه‌نشینه‌كانی سوپای پاسداران، له‌ نه‌وه‌ده‌كانی سه‌ده‌ی رابردوودا ئه‌وان و قاعیده‌ و گروپه‌ جیهادیه‌كانی تر له‌ بوسنی شان به‌ شانی یه‌ك جه‌نگاون.
له‌ دوو مانگی رابردوودا چه‌ندین جار هاوپه‌یمانی عه‌ره‌بی به‌ سه‌ركردایه‌تی سعودیه‌ باسیان له‌ پاڵپشتی و هاوكاری لۆجستی ئێران بۆ قاعیده‌ له‌ یه‌مه‌ن كردووه‌ و زۆرجاریش هه‌ر له‌م ماوه‌یه‌دا به‌رپرسانی واشنتۆن جه‌ختیان له‌سه‌ر په‌یوه‌ندیه‌كانی ئێران و قاعیده‌ كردۆته‌وه‌.
دوای ئه‌وه‌ی ئه‌مریكا ناوی سوپای پاسدارانی ئێرانی خسته‌ لیستی رێكخراوه‌ تیرۆریستیه‌ بیانیه‌كانه‌وه‌ و كۆتایی به‌ نوێكردنه‌وه‌ی لێخۆشبوون بۆ هه‌شت كڕیاری نه‌وتی ئێران و ده‌رپه‌ڕاندنی ئێران له‌ بازاڕی نه‌وتی راگه‌یاند، ئێرانیه‌كان وایان نیشانده‌دا كه‌ تاكه‌ كارتی به‌هێزیان داخستنی گه‌روی هۆرموز بێت، به‌ڵام له‌ هه‌موو كه‌س باشتر ده‌زانن كه‌ ئه‌و به‌رده‌ گه‌وره‌یان بۆ ناهاوێژرێت، به‌ڵام دیاره‌ ده‌سته‌وه‌ستان نابن و هه‌موو كارته‌كانی تریان تاقیده‌كه‌نه‌وه‌.
چه‌ند رۆژێك به‌ر له‌ ئێستا كاناڵێكی تێلێگرامی سه‌ر به‌ سوپای قودس نوسیبووی "چاوه‌ڕێ بن و سه‌یری یاری نێوان شه‌تره‌نج بازه‌ ئێرانیه‌كان و قوماربازه‌ ئه‌مریكیه‌كان بكه‌ن بزانن كێ براوه‌ ده‌بێت و كێ ده‌دۆڕێت"، ئاخۆ ئه‌و مۆره‌یه‌ی ئێران له‌م شه‌ترنجه‌دا ده‌یجوڵێنێت داعش و به‌غدادیه‌ و ده‌توانێت بۆماوه‌یه‌كی تر ئاگره‌كه‌ له‌ خۆی دوربخاته‌وه‌ و ئاراسته‌ی سعودیه‌ و هاوپه‌یمانه‌كانی تری ئه‌مریكای بكات یان داعش ئه‌سپێكی تۆپیوه‌ و ئه‌م گرێوه‌ به‌سه‌ر خۆیدا ده‌شكێته‌وه‌؟

No comments:

Post a Comment

Execution of two Kurdish prisoners in Iran

Two Kurdish prisoners were executed in Urmia and Birjand prisons. On the morning of Thursday, July 25, Kamran Sheikha, a Kurdish prisoner o...