وەرگێران و ئامادەكردن: محەمەد ئهمینی
دەسپێك
دانوستان باوترین و گرنگترین كەرەستەی سازكردنی پەیوەندی نێوان مرۆڤەكانە. یەكەم ئەزمونی مرۆڤ لە دانوستاندا لە ناو خێزان دەست پێدەكات و دواجار دەگاتە كۆمەڵگای نێودەوڵەتی. مرۆڤەكان لە گەڵ یەكدا دانوستان دەكەن بۆ ئەوەی لە سەر دابین كردنی پێداویستی یان دەستەبەركردنی بەرژەوەندیەكانیان بگەنە رێكەوتنێك. بە هاتنە ناوەوەی رێكخراوەكان لەوانە بانك، كۆمپانیا، دامەزراوە حكومیەكان، شارەوانیەكان و… دانوستانی مرۆڤەكان جدیتری و چارەنوسسازتر دەبێت.ناسین و لە ئەنجامدا زاڵ بوون بە سەر تەكنیك و هونەرەكانی دانوستان یارمەتی مرۆڤەكان دەدات لە پەیوەندیەكانیان لە گەڵ كەسانیتر، لە هەر ئاستێكدا ، بگەنە رێكەوتنێكی ماقوڵ، لۆژیكی، دادپەروەرانە، خێرا و بەردەوام.
خەڵكان بە گشتی لە دانوستاندا پەنا بۆ ئەم دوو رێگە دەبەن:
1- دانوستانی ئارام و نەرم: دانوستانكار خوازیاری ئەوەیە خۆی لە هەڵسوكەوت و مامەڵەكردنی كەسیی بەدوور بگرێت هەر بۆیەشە هەندێك ئیمتیاز پێشكەش دەكات. ئەو رێكەوتنەی لە ئەنجامی ئەو دانوستانەدا دێتە ئاراوە بەگشتی بۆ دانوستانكارەكە دروستبوونی هەستی” خراپ بەكارهێنان و زیان كردن”ی بەدواوەیە.2- دانوستانی دژوار و سەخت: دانوستانكاری سەرسەخت و پێداگر بە چاوی ململانێیەك لە هەر جۆرە دەرفەتێك دەڕوانێت كە تێیدا هەر كەس زیاتر لە سەر هەڵوێستەكانی پێداگر بێت سەردەكەوێت. وەها دانوستانێك درێژخایەن نابێت.بەڵام رێگەیەكی سێهەمیش هەیە كە بریتیە لە دانوستانی ریشەیی و بنچینەیی. لەم وتارەدا هەوڵ ئەدرێت شێوازەكانی دانوستانی ریشەیی بخرێنەروو. لەم جۆرە دانوستانەدا گرنگی بە بەرژەوەندیەكان ئەدرێت نەك هەڵوێستەكان. كەسەكان دەخرێنە دەرەوەی بابەتەكە و دادپەروەری و سودمەندبوونی هەر دوولا لە رێكەوتنێكی درێژماوە و لۆژیكی گەرنتی دەكرێت.پرس: شێوازی دانوستان لە سەر بنەمای هەڵوێستەكانبە رێگای سێ پێوەر دەتوانین هەڵسەنگاندن بۆ شێوازەكانی دانوستان بكەین:- ئەم شێوازە پێویستە رێكەوتنێكی ماقوڵی لێبكەوێتەوە- پێویستە پڕكاریگەری و شوێندانەر بێت- پێویستە یارمەتی باشتركردنی پەیوەندیەكانی نێوان هەر دوولا بدات.هەڵوێست نواندن بەشێك لە ئامانجەكانی دانوستانێك دەستەبەر دەكات. بەڵام نەك هەر هەموویان. ئەو بۆ لایەنی بەرامبەر دەخاتە روو كە داوای چیدەكەن بەڵام ئەمە لە ژێر دۆخێكی پڕ پاڵەپەستۆ و گوشاردا دەكات و نزیكبوونەوە و دۆستایەتی لێناكەوێتەوە.
پێداگری لە سەر هەڵوێستەكان رێكەوتنێكی ناماقوڵی لێدەكەوێتەوەكاتێك كە دانوستانكار لە سەر هەڵوێستەكانی خۆی مشتومڕ دەكات، خۆی لە تان و پۆی ئەو هەڵوێستانە یەخسیر دەكات و زیاتر پابەندیان دەبێت. لێرەدا چیتر بابەتەكە بریتی نابێت لە گەیشتن بە رێكەوتن، بەڵكو ئامانجەكە دەبێتە بەرگری كردن لە ئابڕو و پاشەكشەنەكردن لەو هەڵوێستانەی راگەیەنراون. لەم حاڵەتەدا ئاستی ئەو وردبینیەی كە پێویستە بۆ هەڵسەنگاندنی مەیل و خواستی لایەنەكان تەرخان بكرێت دادەبەزێت. ئەنجامی ئەوەش گەیشتن بە رێكەوتنێكە كە هیچ یەك لە دوو لایەنەكە لێی رازی نین، پێداگری كردن لە سەر هەڵوێستەكان هیچ كاركردێكی نییە ئەم شێوازە كات گرە و بە هۆی ئەوەی بە گشتی بە هەڵوێستێكی توندڕەوانەوە دەست پێدەكات دوولایەنەكە ئاشنا نابن بە خواست و حەزەكانی ئەویتر. ئیمتیازی بچوك، ئەویش تەنیا بە مەبەستی درێژە پێدان بە دانوستانەكە ئەدرێت و پێویستە چەندەها بڕیار بدرێت. ئەو بڕیارانەش نەك هەر لە ژێر فشاردا دەدرێن بەڵكوو ئەگەری ئەوەشی هەیە ببنە هۆی داواكردنی ئیمتیازی زیاتر. جیا لەمانەش هەڕەشەكردن بۆ جێهێشتنی مێزی دانوستان و نەگەیشتن بە رێكەوتنیش زۆر باوە.پێداگری كردن لە سەر هەڵوێستەكان بەردەوامبوونی پەیوەندیە هەنوكەییەكانی نێوان هەر دوولا رووبەرووی مەترسی دەكاتەوە.مشتومڕكردن لە سەر هەڵوێستەكان بە شێوەی كێشمەكێش و ململانێی نێوان داواكاریەكانی هەردوو لای لێدێت. هەركام لەو دوو لایەنە بە رێگای گوشاردروستكردن هەوڵ ئەدات ئەویتر ناچار بە گۆڕینی هەڵوێست و چۆك دادان لە بەرامبەر تێڕوانینەكانی خۆی بكات. ئەنجامی ئەوەش تەنیا توڕەبوون و زویر بوونە بە هۆی ئەوەی ئەگەر لایەنێك پاشەكشێ بكات تێبینی و داواكاریە رەواكانی رەچاو ناكرێن. كاتێك زیاتر لە دوو لایەن لە دانوستانەكەدا بن مشتومڕكردن لە سەر هەڵوێستەكان یەكجار خراپتر دەبێت. خۆی لە راستیدا بەگشتی زیاتر لە دوو كەس بەشداری لە دانوستاندا دەكەن.
رێگەچارە لە نەرمینواندن و هەڵسوكەوتی باشدا نییەهەڵسوكەوتی نەرم و نیان و پێدانی ئیمتیاز و بەدەست هێنانی متمانەی لایەنی بەرامبەر رەنگە ببێتە هۆی گوڕدان بە گەیشتن بە رێكەوتن و زۆرتریش لە چوارچێوەی پەیوەندی خێزانی و دۆستانەدا كاركردی هەیە و بەگشتیش نابێتە هۆی گەیشتن بە رێكەوتنێكی درێژخایەن. چوون لە سەر بنەمای پاراستنی پەیوەندی و سنورەكانە.لەوە گرنگتر ئەوە لە دانوستانمان لە گەڵ لایەنێكی سەرسەخت و پێداگر بە بەردەوامی ناچارین ئیمتیاز بدەین و ئەم نەرمی نواندنە نابێتە هۆی پاشەكشەكردن بەو لە خواستەكانی، بەڵكو هەموو كات تای تەرازوو بەرەو لای كەسی سەرسەخت دەشكێتەوە.رێگایەكی تریش هەیەگەمەی دانوستان لە دوو ئاستی جیاوازدا ئەنجام دەدرێت. لە ئاستی یەكەمدا بابەت و تەوەری دانوستانەكە گرنگی هەیە و لە ئاستی دووەمدا لە سەر شێوازی مامەڵەكردن لە گەڵ چییەتی تەوەری دانوستانەكە چڕدەبنەوە. ئەو ئاستی دووەمە بە هۆی ئەوەی بە شێوەی ناوشیارانە ئەنجام دەدرێت بەگشتی لەبەر چاو ناگیرێت. وەڵامەكەی لە هەڵبژاردندا لە نێوان شێوازی نەرم و شێوازی دژوار.پێویستە گەمەكە بگۆڕین و كەڵك لە شێوازی دانوستانی ریشەیی وەربگرین. ئەو شێوازە لە سەر بنەمای “هیچ كام” لەسەر چوار خاڵی سەرەكیە:كەسەكان: كەسەكان لە پرسەكە جیابكەنەوە.بەرژەوەندیەكان: لەسەر بەرژەوەندیەكان چڕببنەوە نەك هەڵوێستەكان.مافی هەڵبژاردنەكان: بەرلەوەی بڕیار بدەن كە چی بكەن، كۆمەڵێكی فرەرەنگ لە و رێگایانەی دەستەبەر دەبەن و لە چارەسەرە گریمانەییەكان ئامادە بكەن.پێوەرەكان: لەسەر ئەوە پێداگر بن كە رەوتی دانوستانەكە لە سەر بنەمای جۆرێك لە ستاندەرە بەرچاوەكان دابمەزرێت.رێگەچارەی پرسەكە: شێوازی دانوستان لە سەر بنەمای پرەنسیپەكانكەسەكان لە پرسەكان جیابكەنەوەهەموومان ئەزانین كە دانوستان بۆ چارەسەركردنی كێشەكان یان گەیشتن بە رێكەوتنە، بە بێ خراپ تێگەیشتن، توڕەبوون و زیز بوون و بێ هیچ جۆرە دڵ ئێشیەك، ئەمەش كارێكی دژوار و سەختە. بەڵام بۆ گەیشتن بە ئەنجامی دڵخواز پێویستە چی بكرێت؟بە پلەی یەكەم دانوستانكارەكان مرۆڤن.لە راستیدا لە كاتی دانوستاندا ئێمە لە گەڵ نوێنەرانی زینی و داماڵدراو لە راستی رێكخراوەكان مامەڵە ناكەین، بەڵكو ئەوانیش وەك ئێمە مرۆڤن بە تەواوی هەستەكانەوە، بەهای قووڵ، رابردوو، روانگەی جۆاروجۆر و تایبەتمەنی پێش بینی نەكرانیان. ئەم تایبەتمەندیە مرۆڤیانە بەلەبەرچاوگرتنی خواستی مرۆڤەكان بۆ خۆشەویست بوونیان دەتوانێت یارمەتی دۆخی دانوستانەكە بدات.لە بەرامبەردا بە هۆی ئەوەی مرۆڤەكان لە گۆشەنیگای خۆیانەوە لە جیهان دەڕوانن دروست بوونی خراپ تێگەیشتن دەتوانێت پێشداوەریەكانیان بەهێز بكات و ببێتە هۆی شكستپێهێنان بە دانوستانەكان. بە درێژایی ماوەی دانوستانەكە دەبێت بەردەوام لە خۆمان بپرسین ئایا وەك پێویست گرنگیمان بە پرسی مرۆڤەكان داوە؟هەر دانوستانكارێك دوو جۆر بەرژەوەندی هەیە: بەرژەوندی چییەتی، و پەیوەندی مرۆیی.هەر دانوستانكارێك جیا لەوەی دەیهەوێت لە سەر بابەتی دانوستانەكە بگاتە رێكەوتنێك، خوازیاری ئەوەشە پەیوەندیەكی كاری و مرۆیی باش لە گەڵ لایەنی بەرامبەردا رێكبخات بۆ ئەوەی بتوانێت لە داهاتوودا درێژەیان پێبدات. خۆی لە خۆیدا لە بارەی زۆریەك لە كڕیارانی هەمیشەیی، هاوبەشە بازرگانیەكان، ئەندامانی خێزان، هاوكارانی هاوپیشە، بەرپرسانی حكومی و نەتەوە بیانیەكان، بەردەوامبوونی پەیوەندی گرنگترە لە ئەنجامی هەر دانوستانێكی تایبەت.ئەگەر هەردوولایەنی دانوستانەكە هەست بە بەرپرسیارەتی و پابەندبوون بكەن و لە توانایاندا بێت پرس چییەتیەكان لە پرسە مرۆییەكان جیا بكەنەوە رووبەڕووبوونەوە لە گەڵ ئەو دو پرسەدا بە ناچارای ناكۆكی لێناكەوێتەوە. نابێت پرسە مرۆییەكان بە رێگای پێدانی ئیمتیاز چارەسەر بكەین. كەڵك وەرگرتن لە تەكنیكەكانی دەرونناسی و سەرنجدان بە سێ رەگەزی سەرەكی تێگەیشتن، هەست پێكردن و پەیوەندی دەتوانیت ئەو كێشەیە چاەرەسەر بكات.
تێگەیشتن:لە میانەی دانوستاندا ناكۆكی نێوان دوو لایەن دەتوانین بە مەودا و ناكۆكی نێوان بیركردنەوەی ئەوان پێناسە بكەین. ئەو ناكۆكیە لە راستی دا ریشەی نییە. چەندەش لێگەڕین بەدوای دۆزینەوەی راستیەكان دەتوانێت بەسوود بێت، بەڵام لە ئەنجامدا ئەو راستیەی كە هەر یەك لە دوولایەنەكە بڕوای پێیەتی خۆی لە خۆیدا پرسی نێوان دوو لایەنی دانوستانكار پێكدەهێنێت و هەر ئەو تێگەیشتن و بڕوایانەشە كە لە ئاكامدا رێگە بۆ گەیشتن بە رێگەچارەیەك خۆش دەكات.
1- خۆتان بخەنە جێی ئەوان:لەوانەیە هەر دوولا لە سەر یەك پرسی هاوبەش روانینی جیاوازیان هەبێت. لە دانوستانەكاندا خۆتان بخەنە شوێنی بەرامبەرەكەتان و هەوڵ بدەن لە روانگەی ئەوانیشەوە بڕوانن. بۆ دانانی كاریگەری لە سەر ئەوانیتر بە رێگەی بیر و را گۆڕینەوە، ئاستی هێزی روانگەی ئەوان هەڵسەنگێنن. ئەو تێگەیشتنە بەو واتایە نییە كە بچنە ژێر باری بیر و بڕوای ئەوانەوە. بەڵام ئەو كارە یارمەتیتان ئەدات كە بازنەی ناكۆكیەكان تەسكتر بكەنەوە و بە شێوەیەكی رونتر بەرژەوەندیەكانتان بەرەوپێش ببەن.2- لە روانگەی نیگەرانیەكانی خۆتانەوە لێكدانەوە بۆ ئامانجەكانی ئەوان مەكەن:خەڵك زۆرتر مەیلیان بەرەو ئەوە هەیە كە وایدابنێن ئەوەی لێی دەترسن هەمان ئەوشتەیە كە لایەنی بەرامبەریان هەوڵی ئەنجامدانی ئەدات. بە ئاسانی دەكرێت تووشی گومانی خراپ و خراپترین لێكدانەوە ببێت، ئەو تێگەیشتنەش هاتنە ئارای بیرۆكەی نوێ بۆ گەیشتن بە رێكەوتن ئاستەنگ دەكات.3- بە هۆی پرسەكانی خۆتانەوە لۆمەی ئەوان مەكەن:رەنگە ئەو راڕاییە لە ئارادا بێت كە بە هۆی پرسەكانی خۆتانەوە ئەوان سەركۆنە بكەن، بەڵام ئەم حاڵەتەش ئەوان بەرەو هەڵوێستوەرگرتن و بەرەنگاربوونەوەتان رادەكێشێت. دەتوانین پرسەكە لە گەڵ ئەواندا باس بكەین و داوایان لێبكەین رێگەچارەكانیان بخەنەڕوو.4- تێڕوانینەكان بخەینە بەرباس:بە راشكاوی و بە بێ سەركۆنەكردن تێڕوانین و روانگەكان باس بكەین. لەم حاڵەتەشدا ئەوان تێڕوانیەكانی ئێوە بە هەند وردەگرن و ئێوەش بە هەمان شێوە.5- لە هەلێك بگەڕێن بۆ ئەوەی بە پێچەوانەی تێگەیشتنەكانی ئەوانەوە هەڵسوكەوت بكەن:باشترین رێگە بۆ گۆڕینی روانگە و بیر و بۆچونی لایەنی بەرامبەر ناردنی ئەو پەیامەیە بۆیان كە چاوەڕێی ناكەن.
هانیان بدەن بۆ بەشداریكردن لە بەرەنجامی دانوستانەكە: ئەگەر دەتانهەوێت لایەنی بەرامبەر ئەو ئەنجامانە پەسەند بكات كە لە گەڵیدا نییە، چۆنیەتی گەیشتن بەو ئەنجامەی بۆ روون بكەنەوە. بە بەشداری پێنەكردنی ئەوانیتر لە پرۆسەی لێكۆڵینەوە و بەڵگاندنەكانی خۆتان بە بەردەوامی گومانی خراپ لە لای ئەو وەك خۆی دەهێڵیتەوە، تەنانەت ئەگەر هەلومەرجی گەیشتن بە رێكەوتن و لێكتێگەیشتنیش لە بار بێت.7- هاوتەریب و گونجاو لە گەڵ پاراستنی بەها، ئابڕو، و كەسایەتی ئەوان پێشنیارەكانتان بخەنەڕوو: زۆربەی جار كەسەكان سەرباری جێگەی پەسەندبوونی مەرجەكانی رێكەوتنەكە، سور دەبن لە سەر هەڵوێستەكانی خۆیان چون لە دژی خۆبەدەستەوەدان و چۆك دادانن. مەرجەكان جۆرێك بخرێنەروو كە لایەنی بەرامبەر هەست بە خۆبەدەستەوەدان و مل كەچ كردن نەكات.
هەست پێكردنلە دانوستانێكی جددیدا هەستەكان دەتوانن رۆڵێكی سەرەكیتریان هەبێت لە ئاخاوتنەكان. رەنگە مرۆڤەكان زیاتر حەزیان لە شەڕكردن بێت تا گەیشتن بە رێكەوتن. هەستەكانی لایەنێك رەنگە ببێتە هۆی وروژاندنی هەستی كەسانیتر و دانوستانەكە لە بار ببات.1- سەەرتا هەستەكانی خۆتان و هەستی كەسی بەرامبەرتان بناسن و لێی تێبگەن: هەستەكانی وەك توڕەیی، نائارامی، ترس و نیگەرانی خۆتان لە بەرامبەرەكەتان بناسنەوە و هۆكارەكانیان بدۆزنەوە. ئەوەش بە باشی بزانن كە بەرامبەرەكەتان هەر چەندە نوێنەری رێكخراوێكیش بێت، بەڵام وەك ئێوە مرۆڤێكە بە كۆمەڵێك حەز و نیگەرانییەوە.2- هەستەكانتان بە روونی و بە راشكاوی بهێننە سەر زمان و بوونی ئەوانەش بە سروشتی و رەوا دابنێن: لە گەڵ كەسانی بەرامبەرتان لە بارەی هەستەكانی خۆتان و ئەوانەوە بدوێن. بەم كارە جیا لە پێداگریكردن لە سەر جدی بوونی بابەتەكە، دانوستانەكەش بەرەو كارایی ببەن. بە خۆ رزگاركردن لە ژێر قورسایی هەستە دەرنەبڕاوەكان، ئامادەبوونێكی زیاتر بۆ كاركردن لە سەر پرسەكە بەدەست دەهێنن.3- رێگە بە لایەنی بەرامبەر بدەن نیگەرانی، جۆش و خرۆش و توڕەبوونەكانی خۆیان هەڵڕێژێت: یەكێك لە رێگە پڕكاریگەریەكانی رووبەڕووبونەوەی توڕەیی و بێ هیوایی ئەوانیتر بریتیە لەوەی رێگە بدەیت كف و كوڵەكانیان بەتاڵ بكەنەوە. بەم كارە بە بێ ئەوەی رەزامەندیت لە سەر وتەكانی دەربڕیبێت ئەو دەرفەتەیان پێ دەدەیت تاخۆیان بە دانوستانكارێكی سەرسەخت دابنێن و لە لایەن بەرپرسەكانیانەوە دەستكراوەییەكی زیاتریان پێ بدرێت.4- لە بەرامبەر هەڵچونەكاندا پەرچەكردارتان نەبێ: خستنەرووی هەستەكان و نیگەرانیەكان ئەگەر ببێتە هۆی هەڵخراندنی هەستی لایەنی بەرامبەر وەك پەرچەكردارێك، دەتوانێت رەوتی دانوستانەكە رووبەڕووی مەترسی بكاتەوە.5- كەڵك لە چەند هەنگاوێكی هێمایین وەربگرن: ناردنی نامەی هاوخەمی، داوای لێبوردن كردن و پۆزش هێنانەوە، ژەمێك نان خواردن پێكەوە و چەند كردارێكی لەم چەشنە دەبێتە هۆی نزیكبوونەوەی زیاتری هەستی لایەنەكان و یارمەتیدەرێك بۆ گەیشتن بە رێكەوتنێك لۆژیكیانە. پەیوەندی: دانوستان بریتیە لە رەوتی بەردەوامی هاتن و رۆیشتنی پەیوەندیەكان، بەمەبەستی گەیشتن بە بڕیارێكی هاوبەش. سازدانی پەیوەندی كارێكی ئاسان نییە ئەویش لە نێوان ئەو كەسانەی ناسینێكی كەمیان لە سەر یەك هەیە تەنانەت ئەوانەشی خۆیان بە دوژمنی یەكتر دادەنێن دژوارترە. سێ بەربەستی گشتی لە بەردەم پەیوەندیەكی بونیاتنەردان.یەكەم: رەنگە دوو لایەنەكە پێكەوە قسە نەكەن و هەوڵ بدەن كەسی سێهەم دان بە رەوابوونی ئەواندا بنێت. یان لەوانەشە سەرباری ئەوەی پێكیشەوە قسە بكەن بە جۆرێك بە خۆیانەوە سەرقاڵ بن كە سەرنج نەدەنە وتەكانی لایەنی بەرامبەر و لە داواكاریەكانی تێنەگەن. سێهەم: دووریش نییە تووشی خراپ تێگەیشتن و لێكدانەوەی هەڵە ببن و لە قسەكانی یەكتر بە هەڵە تێبگەن.
بۆ نهێشتنی ئەو سێ كێشەیە پێویستەچی بكەین؟1- بە شێوەیەكی كارا گوێ بۆ وتەكانی لایەنی بەرامبەرمان رادێرین و لەو شتانەی دەوترێن تێبگەین: هەندێك جار بە مەبەستی وەرگرتنی روونكردنەوەی زیاتر قسەكانیان پێ ببڕین بەمەش پێی بسەلمێنین كە بە گرنگیەوە گوێتان بۆ قسەكانی گرتوە. لە میانەی قسەكانی ئەوان وەڵامەكەی خۆتان ئامادە مەكەن، بەڵكوو هەوڵ بدەن سەرەتا بە تەواوەتی لە قسەكانی تێبگەن، دوواتر پرسیاری لێبكەن.2- بە جۆرێك قسە بكەن كە ئەوانیتر لێتان تێبگەن: دانوستان مشتومڕ یان دادگایی كردن نییە. هەر دوو لا لە پێگەیەكی یەكسان و هاوشاندان و تەنیا بە رێگەی قسەكردن دەتوانن بگەنە بڕیارێكی هاوبەش.3- لەبارەی خۆتانەوە بدوێن نەك لە بارەی ئەوانەوە: بە قسەكردن لە سەر دۆخی هەنوكەیی بۆ خۆتان، ئەوان لە بەربەرێكانێ و بەرەنگاربوونەوەدوور بكەنەوەلە هەمان كاتدا ئەو پەیامەشتان بەوان گەیاندووە.4- لە پێناو ئامانج و مەبەستێكدا قسە بكەن: هەندێك جار پەیوەندیەكە زۆر بەربڵاوە و زۆر قسە دەكرێن كە لە خزمەت بابەتە سەرەكیەكەدا نیین. لە دۆخی گرژ و ئاڵۆزدا واباشتر هەندێك بابەت باس نەكرێن.پێشگرتن باشترین ئەنجامی لێدەكەوێتەوەئەو تەكنیكانەی لە سەرەوە ئاماژەیان پێدرا لە كاتی رووبەڕووبونەوە لە گەڵ ئەو پرسانەدا كاركردی باشیان دەبێت. بەڵام واباشترە بەر لە دروستبوونی پرسەكە بە رێگەی سازكردنی پەیوەندی تاكەكەسی و رێكخراوەیی و جیاكردنی كەسەكان لە چییەتی بابەتەكە، كەشێكی لەبار بخوڵقێنین.1- پەیوەندی كاری ساز بكەین: كاركردن لە گەڵ كەسێكی ناسیاو زۆر ئاسانترە. بۆیەش بەر لە دەستپێكردنی دانوستان هەوڵ بدەن كەسەكان بناسن و زانیاریتان هەبێت لە سەر خواست و مەیلەكانیان. دووای كۆتایی هاتنی دانوستانەكەش دەمودەست شوێنەكە جێمەهێڵن.2- لە گەڵ پرسەكەدا بەرەوڕوو ببنەو نەك لە گەڵ كەسەكاندا: رێگەیەكی بەسود بۆ هەر دوولا ئەوەیە كە خۆیان بە دوو هاوكار دابنێن كە لە هەوڵی بەدەست هێنانی ئەنجامێكی هاوبەشن، نەك خۆیان بە ركابەری یەك بزانن. دەتوانن ئەم بابەتەیان بە راشكاوی لە گەڵدا باس بكەن و پێیان نیشان بدەن كە خۆتان بە هاوبەرژەوەندی و هاوپێگەی ئەوان داناوە.قۆناغەكانی چارەسەركردنی پرسەكەبۆ چارەسەركردنی پرسێك سەرەتا پێویستە بناسرێت. دواتر هۆكارەكانی دروستبوونی شیكردنەوەیان بۆ بكرێت. هەنگاوی دواتر لێكدانەوەی ئەو ئەگەرانەیە كە دەتوانێت پرسەكە چارەسەر بكات و لە ئەنجامیشدا هەنگامی چوارەم بریتیە لە وەرگرتنی بڕیارێك كە یەكلایی كردنەوەی پرسەكە گەرەنتی دەكات.ئەگەر بیرۆكەیەكی بەسودتان پێبێت دەتوان بۆ دواوە بگەڕێنەوە و بزانن كە ئایا ئەمە تاكە رێگەی بەردەستە؟ دواتر بتوانن هەر لەم چوارچێوەدا رێگەكانیتریش تاوتوێ بكەن. لە سەر ئەم بناخەیە دەتوانن بگەنە چەندین رێگەچارەی جۆراوجۆر.دەتوانرێت لە روانگەی پسپۆرانی جیاوازەوە لە بابەتەكە بڕوانرێت و رای ئەوان لە بارەی چۆنیەتی گەیشتن بە رێكەوتن لێكبدرێتەوە. یان دەتوانن چەندین رێكەوتن وێنا بكەن لە ئاستە جیاجیاكاندا و دواتر باشترین رێكەوتن هەڵبژێرین.لە دانوستاندا بەدووای دەستكەوتی دوو لایەنەوە بن. لە هەر دانوستانێكدا هەموكات لایەك براوە و ئەویتر دۆڕاو نییە. بەرژەوەمدی هاوبەش بە واتای خۆبەدوور گرتنە لە زیانی هاوبەش بۆیە هەر دوو لا دەبنە براوە.سەرەتا پێویستە بەرژەوەندیە هاوبەشەكان دیاری بكرێن، وەك دانوستانكارێك پێویستە ئەو رێگایانە بگرنەبەر كە رەزامەندی لایەنی بەرامبەریشی لێبكەوێتەوە بۆ ئەوەی پەیوەندیە كاری و كەسییەكانتان زیانی بەرنەكەوێت.لە هەر دانوستانێكدا بەرژەوەندی هاوبەش شاردراوەتەوە، هەرچەند لە سەرەتاشدا زۆر زەق نەبن. ئەو بەرژەوەندیە هاوبەشانە دەرفەتێكن كە پێویستە كەڵكیان لێوەربگیرێت، و لە یەكەم هەنگاودا دەستنیشان بكرێن. بە پێداگرتن لە سەر ئەو بەرژەوەندیە هاوبەشانە پرۆسەی دانوستان و گەیشتن بە رێكەوتن ئاسانتر دەبێت.پێویستە داوا لە بەرامبەرەكەتان بكەن كە گرنگترین داواكاریەكانی بخاتەروو، ئەگەر بژاردەكانی بەردەمتان بەهایەكی هاوبەشی هەیە بەلاتانەوە داوا لە لایەنی بەرامبەر بكەن بۆ ئەوەی پێتان بڵێت كامەیانی بەلاوە گرنگە. بەم شێوەیە بە بێ ئەوەی بڕیارێك بدرێت دەتوانن لە سەر ئەو بیرۆكانەی ئەگەری رێكەوتن لە سەریان زیاترە زۆرتر بوەستن و پێشنیاری زیاتر بخەنەروو.لە كۆتایی دا بۆ زاڵ بوون بە سەر دووایین بەربەست پێویستە هەنگاوێك هەڵبگرین بۆ ئەوەی بڕیاردان بۆ ئەوان ئاسانتر بێت بۆ ئەوەی پێویستە سەرەتا بزانن كە دەتوانهەوێت كاریگەری لە سەر كێ دابنێن. ناتوانن بە سەركەوتووی لە گەڵ رێكخراوێك دانوستان بكەن باشترە لە سەر نوێنەری ئەو رێكخراوەیە راوەستە بكەن و تێڕوانینی ئەو بەرەو لایەك ئاراستە بكەن كە بژاردە خوازراوەكەی ئێوە بەلایەوە سەرەنج راكێش بێت.لە قۆناغی دوواتر دا ئەبێت بزانن كە حەزتان لێیە چ بڕیارێك دەربكرێت هەر بۆیە بژاردەیەك بخوڵقێنن بە جۆرێك كە هەڵبژاردنی ئەوان بگۆڕێت. پرسیار مەخەنە بەردەمیان، بەڵكۆ وڵامیان پێشكەش بكەن و یارمەتیان بدەن كە بە ئاراستەی هەڵبژاردنێكی ئاسانتردا بڕۆن. لەم پێناوەدا سەرنج بدەنە ناوەرۆكی خودی بڕیارەكە و هەوڵبدەن بە لێڵی نەمێنێتەوە. رێگەچارەی رەوا و گونجاو و جیی پەسەند بخەنەروو هەر وەها چەندین دەق بخەنەروو كە لە ئاسانترینەوە دەست پێدەكات. لە دوایین قۆناغدا پێویستە بزانن كە هەڕەشە كردن رێگەچارە نییە، لە روانگەی ئەوانیشەوە بۆ دەرەنجامی ئەو بڕیارەی دەدرێت بڕوانن. بەهێزترین رەخنەكان كە ئەگەری هەیە بە هۆی ئەو بڕیارەوە رووبەرووی ئەوان ببێتەوە لەبەر چاو بگرن و وەڵامێكیشیان بۆ بدۆزنەوە. خستنەرووی پێشنیار هەموكات پڕكاریگەرترە لە هەڕەشەكردن.لە پێشنیارەكانی خۆتاندا، دڵەڕاوكێ و ترسی ئەوانیش لەبەر چاوبگرن، هەوڵبدەن رەشنوسی پێشنیارێك ئامادە بكەن كە وەڵامەكەی “ئەرێ”یەكی ساكار بێت.
ئەگەر لایەنی دانوستانكار پەنا بۆ فرت و فێڵ و فریوی نەشیاو ببات:
رێسای یاریكردن لە وەها دانوستانێك لە سێ هەنگاو پێكهاتوون.تاكتیكەكان بناسن بۆ ئەوەی بزانن لە بەرامبەریاندا پێویستە چی بكەن:بابەتەكە بە روونی و راشكاوی بخەنەروو. تێیبگەیەنن كە لە تاكتیكەكەی گەیشتوون. رەوابوون و خوازیاربوونی تاكتیكەكەی بخەنە ژێر پرسیارەوە و لە سەر ئەو بابەتە دانوستان بكەن. بەم جۆرەش دەتوانن لەسەر رێساكانی یاریەكە چڕ ببنەوە و بەردەوام بن لە دانوستان.چەند تاكتیكێكی باوی فریوكارانە:تاكتیكە فریوكارانەكان بۆ سێ بەش دابەش دەكرێن:1. فریوكاری بە ئەنقەست:زانیاری ناراست و ساختەی كەسەكان لە پرسەكە جیابكەنەوە و دانوستانەكان بەجیا لە متمانە بەرەوپێش ببەن. لایەنی بەرامبەر بە درۆزن ناومەبەن بەڵام زووش متمانەی پێنەكەن، لە بارەی قورسایی و جێ متمانەبوونی خۆی و زانیاریەكانی لیچكۆڵینەوە ئەنجام بدەن.دەسەڵاتی ناروون و گوماناوی : رەنگە بۆ ئەوە بێت كە تەنیا ئێوە ئیمتیاز بدەن و ئەویش لە پێدانی ئەو ئیمتیازانەی كە داویەتی بگەڕێنێتەوە بۆ رەزامەندی دەربڕینی بەرپرسەكانی. سەرەتا بە وردی پرسیاری دەسەڵاتەكانی لێبكەن، لە ئەگەری بوونی هەر ناڕوونیەك لە دەسەڵاتەكانی پێی رابگەیەنن كە دەتوانهەوێت لە گەڵ كەسێكی رێگە پێدراو و دەسەڵات پێدراو دانوستان بكەن.ئەگەر رێكەوتنەكە ببەستێتەوە بە وەرگرتنی رەزامەندی سەرووی خۆی ئێوەش رێكەوتنەكە بە رەشنوسێك دابنێن بۆ ئەوەی بیری لەسەر بكەنەوە. ئامانجی گوماناوی: ئەگەر گومانتان لە ئامانجەكانی بۆ چۆنیەتی جێبەجێكردنی رێكەوتنامەكە هەیە، بە راشكاوانە ئەو بابەتەی لە گەڵدا تاوتوێ بكە و ئەم پرسەی لە متمانە جیابكەرەوە. ئەمە جیالەوەی رێكەوتنامەكەش مەرجدار بكە.خستنەروی بەشێك لە راستیەكان بەواتای فریودان نییە، ئێوە ناچارنین هەموو زانیاریەكانتان ئاشكرا بكەن.
2. شەڕی دەرونی ئەو تاكتیكە بۆ ئەوە دادەڕێژرێت تا ئێوەی پێ تەنگەتاو بكرێت بۆ ئەوەی بەدەر لە خواستی خۆتان و بە شێوەیەكی ناوشیارانە بتانهەوێت هەر چی زوترە دانوستانەكە شكست پێبهێنن. هەلومەرجی شوێنی كۆبوونەوەكە و دۆخی زاڵ بەسەر ئەو شوێنە دەتوانێت ئێوە تووشی دڵەڕاوكێ بكات. پێویستە لەو بارەوە زۆر هەستیاربن و مەرجە سەپێنراوەكان- كە دوور نییە بە ئەنقەست بن- رەت بكەنەوە.هێرشی كەسیی: رەنگە سوكایەتی بەكەسایەتی ئێوە بكەن، یان بە بێ ئەوەی هیچ پەیوەندیەكی بە باسەكەوە هەبێت ئاماژە بە هەندێك خاڵی تایبەتی ئێوە بكەن، یان گوێ لە قسەكانتان نەگرن، لەو حاڵەتانەشدا بابەتەكەیان بە روونی لە گەڵدا باس بكەن و هۆشدارین بدەنێ و پلانەكەیان پوچەڵ بكەنەوە.گەمەی دووبارە و سوواوی مرۆڤی باش/ مرۆڤی خراپ: پێدەچێت لایەنی بەرامبەر دوو جۆر هەڵسوكەوتی توندوتیژ و نەرمونیان بنوێنێت بۆ ئەوەی زیاترین ئیمتیازتان لێوەربگرێت. لەم حاڵەتەدا بە جۆرێكی یەكسان لە گەڵ هەردوو جۆرەكەدا رووبەڕوو ببنەوە و وەك خۆی لە هەوڵی دەستەبەركردنی بەرژەوەندیەكانتان بن.هەڕەشەكان: لەبەرامبەر هەڕەشەكردن لێتان ئێوەش پەنا مەبەن بۆ هەڕەشەی بەرامبەر، بەڵكوو ئەنجامی پەیوەست بەو هەڕەشەیە بە بیری كەسی بەرامبەرت بهێنەرەوە.
3. گوشار بۆ سەر هەڵوێستەكانئەم جۆرە تاكتیكە بۆ ئەوە دادەڕێژرێت كە دۆخەكە بە جۆرێك رێكبحەن كە تەنیا یەك لایەن بتوانێت ئیمتیاز وەربگرێت.لەكاتی رەتكردنەوەی ئەنجامدانی دانوستان تاكتیكەكەیان بناسن. رەنگە بیانهەوێت چوون بۆ سەر مێزی دانوستانیش وەك ئیمتیاز لێكبدەنەوە یان پێش مەرج بۆ ئەنجامدانی دانوستان دابنێن. لەمبارەوە یان راستەوخۆ و راشكاوانە یان بە رێگەی كەسی سێهەم لە گەڵ ئەوان قسە بكەن. رێگەی جۆراوجۆر لەوانە نامەناردن و گەڕانەوە بۆ رای گشتی تاقیبكەنەوە و پێشنیاری ئەنجامدانی دانوستانی ریشەییش بخەنە بەردەمیان.داواكاری زێدە خوازانە: ئامانجی ئەم تاكتیكە ئەوەیە كە چاوەڕوانی و داواكاریەكانی ئێوە دابەزێنێت و لە ئەنجامدا ببێتە هۆی دابەشبوونی خاڵە ناكۆكەكان بەجۆرێك كە زۆرترین بەرژەوەندیەكان بۆ ئەوان بێت. راگەیاندنی داواكاریەكی زیادەرۆیانە ئەگەری ئەوەی هەیە ببێتە هۆی راگرتن دانوستانەكان.داواكاری روو لە زیادبوون: ئەم تاكتیكە بۆ كەمكردنەوەیە لە قورسایی ئەو ئیمتیازاتانەی لایەنی بەرامبەر وەریان دەگرێت، لە رووی رەوانیشەوە ئەوانە بۆ سەپاندنی خێراتری مەرجەكان، بەر لە داواكاری نوێ، ئامادە دەكات.دیسان پشت بە پرەنسیپەكان ببەستن و ناسینی خۆتان لەو تاكتیكەیان پێ رابگەیەنن و بۆ پشودان مۆڵەتێك وەربگرن و لەو ماوەدا بە باشی بیر لەو تاكتیكە بكەنەوە.هەڵوێستی نەگۆڕ: دوور نییە هەر كام لە دوو لایەنەكە بە جۆرێك خۆیان پابەندی هەڵوێستەكانیان نیشان بدەن، و ئێوە ناچار بكەن كە بچنە ژێر باری ئەو پابەندبوونەی ئەوان. لەم حاڵەتەشدا لە بنەما و پرەنسیپەكانی خۆتان دەستهەڵمەگرن، ئەو تاكتیكەش وەك هەڕەشە دابنێن و چارەسەكردنی بەرپرسیارەتیە راگەیەنراوەكانی ئەوانیش بخەنە ئەستۆی خۆیان.هاوبەشی سەرسەخت: رەنگە كەسی دانوستانكار خۆی بە سەركەوتوو نیشان بدات بەڵام وەك كەسێكی سەرسەخت باس لە هاوبەشەكەی خۆی بكات. لەم حاڵەتەشدا لە جیاتی باس كردن لە بارەی ئەو بابەتە، لەسەرە ئەو شتەی دانی پێدادەنێت بە شێوەیەكی نوسراو رەزامەندیەكەی وەربگرن، یان داوای لێبكەن كە خوازیاری ئەوەن لە گەڵ هاوبەشە سەرسەختەكەی دانوستان بكەن.دواكەوتنی بە بەرنامە: رەنگە بیانهەوێت دانوستانەكان و گەیشتن بە رێكەوتن تا ئەو كاتە دووابخەن كە پێشتر وەك دوواوادە دەستنیشان كراوە. لەم حاڵەتەشدا بە ناسین و دەستنیشانكردنی تاكتیكەكە بە راشكاوی پێی رابگەیەنن كە دەستی ئەوانتان خوێندوەتەوە و هەوڵ بدەن دەرفەتەكە بۆ ئەوان بەرتەسك بكەنەوە.یان پەسەندی بكە یان رەتی بكەرەوە: لە بەرامبەر ئەم تاكتیكەدا كە تەنیا یەك بژاردە دەخاتە بەردەم ئێوە بەردەوامبن لە دانوستان و خستنەروی روانگەكانی خۆتان و گوێ بۆ قسەی ئەوان شل مەكەن. ئەگەر بتانهەوێت دەستنیشان كردن و ناسینەوەی تاكتیكەكەیان بە روویاندا بدەنەوە هەوڵ بدەن دەرەنجامەكانی ئەو تاكتیكەشیان بە بیر بهێننەوە و لەو حاڵەتەشدا پێویستە بیر لەوە بكەنەوە كە بە جۆرێك ئەوە بخەنەروو كە ئابڕوی ئەویش بپارێزرێت.
له گۆڤاری تان و پۆ بڵاوكراوهتهوه
No comments:
Post a Comment