Monday, October 27, 2014

كوبانێ.. هه‌زار كاتژمێر به‌رخۆدان


محه‌مه‌د حه‌سه‌ن
42 رۆژ واته‌ زیاتر له‌ هه‌زار كاتژمێر به‌سه‌ر گه‌مارۆدانی كوبانێ له‌ لایه‌ن داعشه‌وه‌ تێپه‌ڕده‌بێت و هێشتا ئه‌و شاره‌ هه‌ر له‌ سه‌ر پێیه‌، ئه‌مه‌ش واتا خۆڕاگری كردنی هێزێك به‌ چه‌ك و ژماره‌ی كه‌مه‌وه‌ له‌ به‌رامبه‌ر هێزێك كه‌ به‌وته‌ی زۆر كه‌س، نه‌ك رێكخراوێكی تیرۆریستیه‌ به‌ڵكوو ده‌وڵه‌تێكی تیرۆریستیه‌.
رۆژی 16 ی ئه‌یلول داعش كه‌ دوای ده‌ستبه‌سه‌رداگرتنی موسڵ و چه‌ند ناوچه‌یه‌كی تری عێراق چه‌ك و كه‌ره‌سته‌ی سه‌ربازی پێشكه‌وتووی ده‌ستكه‌وتبوو، رووی هێرشه‌كانی كرده‌ كوبانێ، یه‌كێك له‌ سێ كانتۆنه‌كه‌ی ده‌سه‌ڵاتی خۆبه‌ڕێوبه‌ری رۆژئاوای كوردستان.
به‌و پێیه‌ی داعش له‌ماوه‌یه‌كی كورتدا موسڵی دووه‌م گه‌وره‌ شاری عێراق و رووبه‌رێكی فراوانی عێراق و سوریای داگیركردبوو، پێشبینیه‌كان وابوون كه‌ له‌ ماوه‌یه‌كی كه‌مدا ده‌توانێت كوبانێش كۆنتڕۆڵ بكات، به‌ڵام به‌پێچه‌وانه‌ی سه‌رجه‌م ئه‌و ناوچانه‌، رووبه‌ڕووی سه‌رسه‌ختانه‌ترین به‌رگری بووه‌وه‌، به‌جۆرێك كه‌ تا ئێستاش سه‌رباری چڕتركردنه‌وه‌ی هێرشه‌كانی و ره‌وانه‌كردنی هێزی زیاتر بۆ سه‌ر ئه‌و شاره‌ی كوردستان نه‌یتوانیوه‌ به‌ ئامانجه‌كه‌ی بگات.
داعش وه‌ك ده‌وترێت به‌ مه‌به‌ستی كۆنتڕۆڵكردنی هێڵی سنوری توركیا و ده‌سته‌به‌ركردنی ده‌رچه‌یه‌ك بۆ ره‌وانه‌كردنی نه‌وته‌كه‌ی به‌رێگه‌ی توركیا و هه‌روه‌ها به‌ستنه‌وه‌ی ره‌قه‌ی پایته‌ختی به‌ حه‌ڵه‌بی دووه‌م گه‌وره‌شاری سوریا زۆر مه‌به‌ستیه‌تی كوبانێ بگرێت.
له‌و لاوه‌ كانتۆنی كوبانێ كه‌ له‌ ساڵیادی دامه‌زراندنی كۆماری مه‌هاباد راگه‌یه‌نرا، له‌لایه‌ن كوڕ و كچانێكه‌وه‌ به‌رگری لێده‌كرێت كه‌ دروشمی سه‌ر زاریان “به‌رخۆدان ژیانه‌” و “یان سه‌ركه‌وتن یان سه‌ركه‌وتن”ه‌ و باش ده‌زانن به‌ كه‌وتنی كوبانێ كه‌ كه‌وتوه‌ته‌ نێوان هه‌ر دوو كانتۆنه‌كه‌ی تر واته‌ جزیره‌ و عه‌فرین، ده‌ستكه‌وتی كورد له‌ رۆژئاوای كوردستان، به‌ هه‌مان چاره‌نوسی كۆماره‌ جوانه‌مه‌رگه‌ی مه‌هاباد ده‌چێت.
هه‌ر له‌ سه‌ره‌تای گه‌مارۆدانی كوبانێوه‌ كوردستانیان به‌ هه‌ستیاریه‌كی زۆره‌وه‌ په‌رۆشی خۆیان بۆ ئه‌و شاره‌ ده‌ربڕی، به‌تایبه‌ت كه‌ هێنده‌ تێپه‌ڕ نه‌ببوو به‌ سه‌ر مه‌رگه‌ساته‌كه‌ی شه‌نگال و ترسی دوباره‌بوونه‌وه‌ی ئه‌و تراژیدیایه‌ هاوڵاتیانی كوردی له‌ پارچه‌كانی تری كوردستان و له‌ تاراوگه‌ رژانده‌ سه‌ر شه‌قامه‌كان.
خۆپیشاندانه‌كانی هاوڵاتیانی كورد له‌ باكور له‌ لایه‌ن سوپا و پۆلیسی توركه‌وه‌ خه‌ڵتانی خوێن كران و 35 خۆپیشانده‌ر بوونه‌ قوربانی، له‌ رۆژهه‌ڵات سه‌رباری زه‌بر و زه‌نگی ده‌سه‌ڵاتی ئێران بۆ چه‌ندن رۆژی له‌سه‌ر یه‌ك هاوڵاتیانی كورد هاتنه‌ سه‌ر شه‌قامه‌كان و له‌ باشوریش شان به‌ شانی شه‌قام توانا میدیایی و دیپلۆماسیه‌كان خرانه‌گه‌ڕ بۆ راكێشانی سه‌رنجی رای گشتی به‌ره‌و دۆخی كوبانێ ئه‌وه‌ش وایكرد پرسه‌كه‌ له‌ ئاستی نێوده‌وڵه‌تی دا گرنگی پێبدرێت و دواجار ئه‌مریكا و هاوپه‌یمانه‌كان هان بدرێن بۆ ئه‌وی له‌به‌رامبه‌ر چاره‌نوسی ئه‌و شاره‌دا هه‌ست به‌ به‌رپرسیاره‌تی بكه‌ن و نه‌ك هه‌ر مۆڵگه‌كانی داعش له‌ نزیك ئه‌و شاره‌ بكه‌نه‌ ئامانج، به‌ڵكوو سه‌رباری ناڕه‌زایه‌تیه‌كانی توركیا چه‌ك و ته‌قه‌مه‌نی و پێداویستیه‌كانی هه‌رێمی كوردستانیش بگه‌یه‌ننه‌ شه‌رڤانانی كورد له‌و شاره‌.
گه‌یاندنی ئه‌و هاوكاریانه‌ خاڵێكی وه‌رچه‌رخان بوو له‌ پرسی كوبانێدا، به‌و پێیه‌ی یارمه‌تی ده‌گه‌یه‌نرایه‌ هێزێك كه‌ پێشتر ئه‌مریكا و وڵاتانی رۆژئاوایی تێڕوانینێكی ئه‌رێنیان له‌سه‌ری نه‌بوو، هه‌ر له‌و ماوه‌دا ئاشكرا كرا كه‌ نوێنه‌رانی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریكا و شاندێكی پارتی یه‌كێتی دیموكراتی (په‌یه‌ده‌) له‌ فه‌ره‌نسا كۆبوونه‌وه‌ و له‌ دهۆكیش كۆبوونه‌وه‌كانی هه‌ر دوو ئه‌نجومه‌نی رۆژئاوای كوردستان له‌ ژێر چاودێری سه‌رۆكی هه‌رێم به‌ ئه‌نجام گه‌یشتن و ئه‌و دوو ئه‌نجومه‌نه‌ له‌سه‌ر به‌ڕێوه‌بردنی و پێكهێنانی هێزێكی هاوبه‌ش بۆ رۆژئاوای كوردستان رێككه‌وتن.
رۆژێك دوای گه‌یاندنی هاوكاریه‌كانی هه‌رێمی كوردستان به‌ كوبانێ له‌ لایه‌ن فڕۆكه‌كانی ئه‌مریكا، توركیا رایگه‌یاند، رێگه‌ ده‌دات پێشمه‌رگه‌ به‌ خاكه‌كه‌یدا به‌ره‌و كوبانێ بچن و دواتریش په‌رله‌مانی كوردستان له‌ رۆژی 22 ی ئه‌م مانگه‌دا به‌ زۆرینه‌ی ده‌نگ بڕیاریدا هێزی پێشمه‌رگه‌ ره‌وانه‌ی كوبانێ بكرێت. ئه‌مه‌ یه‌كه‌م هه‌نگاوێ په‌رله‌مانی كوردستان نه‌بوو له‌ باره‌ی كوبانێوه‌، پێشتر شاندێكی 10 كه‌سی په‌رله‌مان سه‌ردانی ئه‌و شاره‌یان كردبوو، دوای گه‌ڕانه‌وه‌یان و پێشكه‌ش كردنی راپۆرتی خۆیان، په‌رله‌مان له‌ كۆبوونه‌وه‌یه‌كدا داوای له‌ حكومه‌تی هه‌رێم كرد ئیراده‌ی كوردانی خۆرئاوا به‌ فه‌رمی بناسێت و به‌ فه‌رمی مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ڵدا بكات.
پرسی ره‌وانه‌ كردنی هێزی پێشمه‌رگه‌ بۆ كوبانێ لێكدانه‌وه‌ی جیاجیای بۆكراوه‌، هه‌ندێك به‌ هۆی ئه‌وه‌ی له‌سه‌ر پێشنیاری توركیا ئه‌و بڕیاره‌دراوه‌ دژی ده‌وه‌ستنه‌وه‌ و هه‌ندێكیش پێیانوایه‌ هه‌نگاوێكی مێژوویی گرنگه‌ به‌و پێیه‌ی بۆ یه‌كه‌م جاره‌ به‌فه‌رمی هێزی پێشمه‌رگه‌، بۆ ده‌ره‌وه‌ی سنوره‌كان جوڵه‌ی پێده‌كرێت و به‌ هانای كوردانی پارچه‌یه‌كی تره‌وه‌ ده‌چێت.
یه‌په‌گه‌ وێڕای به‌رزنرخاندی ئه‌و بڕیاره‌ی په‌رله‌مان بۆ ره‌وانه‌كردنی هێزی پێشمه‌رگه‌ جه‌ختی له‌وه‌كردوه‌ته‌وه‌ كه‌ ئه‌وان پێویستیان به‌ چه‌كی قورس و كه‌ره‌سته‌ی سه‌ربازی پێشكه‌وتووه‌ نه‌ك هێزی مرۆیی و به‌ هێزه‌كانی خۆیان ده‌توانن قه‌ڵای به‌رخۆدان بپارێزن.
له‌ماوه‌ی زیاتر له‌ 40 رۆژدا به‌ پێی راپۆرتێكی روانگه‌ی سوری مافه‌كانی مرۆڤ 481 چه‌كداری داعش له‌ كوبانێ كوژراون و نزیكه‌ی 320 شه‌رڤان و هاوڵاتی مه‌ده‌نیش شه‌هید بوون و به‌هه‌زاران كه‌س له‌ دانیشتوانی كوبانێش ئاواره‌ی باكوری كوردستان بوون. هه‌رچه‌نده‌ به‌ پێی ئاماری فه‌رمی یه‌كینه‌كانی پاراستنی گه‌ل ژماره‌یه‌ك كوژراوانی داعش له‌و شه‌ڕانه‌دا دووهێنده‌یه‌ و ژماره‌ی شه‌هیده‌كانی كوردیش له‌وه‌ كه‌متره‌، به‌ڵام هه‌ر چییه‌ك بێت كوبانێ سه‌رباری سه‌پاندنی ئه‌و شه‌ڕه‌ نابه‌رابه‌ره‌ به‌سه‌ریدا و گه‌مارۆدرانی بۆ ئه‌و ماوه‌ دوورودرێژه‌ هه‌ر له‌ سه‌رپێیه‌ و نایهه‌وێت خۆی به‌ده‌سته‌وه‌ بدات.
خۆڕاگری شه‌رڤانانی كورد به‌تایبه‌ت كچانی كورد له‌و شاره‌ ناوبانگێكی جیهانی په‌یداكردووه‌ و بووه‌ته‌ هه‌وێنی ئاماده‌كردنی چه‌ندین راپۆرت و ریپۆرتاژ و دیكۆمێنتاری و سه‌ربه‌رگ و لاپه‌ڕه‌ی یه‌كه‌می چه‌ندین گۆڤار و رۆژنامه‌ی جیهانی پێ نه‌خشێنراوه‌ و ته‌نانه‌ت جل و به‌رگی كچه‌ شه‌رڤانانیش بووه‌ته‌ مۆدێلی جل و به‌رگ له‌ ئه‌وروپا و وڵاتانی رۆژئاوایی.
سوپاسالاران و به‌رپرسانی وه‌زاره‌تی به‌رگری ئه‌مریكای زلهێزیش سه‌رسامن به‌ خۆڕاگری شه‌رڤانانی كورد و دان به‌وه‌دا ده‌نێن كه‌ ئه‌و هێزه‌ ده‌توانێت به‌رگری له‌ كوبانێ بكات.
لای خۆشیه‌وه‌ مۆنا سالین، سه‌رۆكی پێشووی پارتی سۆسیالدێموكراتی سوێد و یه‌كێك له‌ دۆستانی كورد له‌ كۆبوونه‌وه‌یه‌كی جه‌ماوه‌ریدا كه‌ له‌ ستۆكهۆڵم بۆ پشتیوانی كوبانێ به‌ڕێوه‌چوو رایگه‌یاند:” ئه‌وانه‌ی ئه‌مڕۆ له‌ به‌رامبه‌ر داعشدا ڕاوه‌ستاون، ته‌نیا له‌به‌ر خاتری خه‌ڵكی ئه‌و ناوچانه‌ ئه‌و كاره‌ ناكه‌ن، ئه‌وه‌ په‌یوه‌ندیی به‌ هه‌موومانه‌وه‌ هه‌یه‌، په‌یوه‌ندیی به‌ هه‌موو مرۆڤایه‌تییه‌وه‌ هه‌یه‌. من ئێستا لێره‌م چوونكه‌ من فێمێنیستم، ده‌بینم چۆن ئه‌و ژنانه‌ به‌رامبه‌ر داعش ڕاوه‌ستاون، ده‌بینم كه‌ ئه‌وان نه‌ ته‌نیا بۆ خۆیان و خوشكه‌كان و منداڵه‌كانیان، به‌ڵكوو بۆ من و خوشكه‌كانی من و منداڵه‌كانی من ڕووبه‌ڕووی داعش ده‌بنه‌وه‌. شه‌ڕی دژ به‌ داعش شه‌ڕی ئێمه‌شه‌، ئه‌مڕۆ ئێمه‌ هه‌موومان كوردین”.
كوبانێ چیتر ناوی شارێك نییه‌، هێمایه‌كه‌ بۆ به‌رخۆدان و قوربانیدان، نه‌ك “عین العرب” به‌ڵكوو چاوی كورده‌ كه‌ به‌وچاوه‌ له‌ خۆی ده‌ڕوانێت و جیهانیش به‌و چاوه‌ لێیده‌ڕوانێت و سه‌ری رێز و نه‌وازش له‌به‌رامبه‌ر ئیراده‌ی كوڕان و كچانی داده‌نه‌وێت.
كوبانێ بووه‌ته‌ هێمای ژیانه‌وه‌ و چه‌ندین كۆرپه‌ به‌و ناوه‌وه‌ ناونراون و نه‌ك هه‌ر بۆته‌ خوێندنگه‌ به‌ڵكوو ناوه‌كه‌شی له‌سه‌ر چه‌ند قوتابخانه‌یه‌ك دانراوه‌ و خاڵی كامڵ بوونی نه‌ته‌وه‌گه‌رایی كورده‌، له‌لایه‌كه‌وه‌ به‌ خوێنی كوڕان و كچانی هه‌ر چوار پارچه‌ی كوردستان داستانه‌كانی خۆڕاگری له‌و شاره‌ تۆماركراون، له‌ لایه‌كیتره‌وه‌ په‌ڕۆشی كورد و خرۆشانی له‌سه‌راسه‌ری كوردستان و له‌ هه‌رشوێنێكی جیهان كه‌ كوردی لێ ده‌ژی، ئه‌وه‌یان سه‌لماند كه‌ سنوره‌ ده‌ستكرده‌كان ناتوانن چیتر كورد له‌ یه‌ك داببڕێن.
كوبانێ، “قه‌ڵای دم دم” و “ستالینگراده‌كه‌ی سه‌ده‌ی بیست و یه‌كه‌م” بووه‌ته‌ شێعر و گۆرانی و تاهه‌تایه‌ له‌ گوێی مێژوودا ده‌زرینگێته‌وه‌…
راسته‌ “ئیرۆ خه‌مگینه‌” لێ به‌دڵنیاییه‌وه‌ سبه‌ی رۆژ به‌ده‌م ئازادیه‌وه‌ پێده‌كه‌نێت…

No comments:

Post a Comment

Execution of two Kurdish prisoners in Iran

Two Kurdish prisoners were executed in Urmia and Birjand prisons. On the morning of Thursday, July 25, Kamran Sheikha, a Kurdish prisoner o...