According to the Kurdistan Human Rights Society, 14 border workers have been killed and 40 injured by Revolutionary Guards since the beginning of this year.
My report on the continued killing of Kurdish workers
کامەران مەولانیا کۆڵبەرێکی تەمەن ٣٢ ساڵی خەڵکی گوندی گردمەرشەکی شاری سەردەشتی رۆژهەڵاتی کوردستانە و رۆژی سێ شەممە لەگەڵ پۆلێک کۆڵبەری تر لە خاڵی سنوری بەردەپان کەوتوونەتە بۆسەی هێزەکانی سوپای پاسدارانەوە.
بەپێی راپۆرتێکی کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کورستان، کە رووماڵی رەوشی مافەکانی مرۆڤ لە رۆژهەڵاتی کوردستان دەکات، هێزەکانی سوپای پاسداران تەقەیان لەو کۆڵبەرانە کردووە و بە هۆیەوە کامەران مەولانیا کوژراوە.
زۆرجا بەرپرسانی سەربازی و حکومی ئێران بە پاساوی بەرەنگاربوونەوەی قاچاخی کاڵا وپاراستنی ئابوری وڵات، رەوایەتی بە کردنە ئامانجی کۆڵبەران دەدەن.
سەرباری ئەو پاساوە، بەڵام بە پێی دوایین راپۆرتی لیژنەی لێکۆڵینەوە و بەدواداچوونی پەرلەمانی ئێران لەسەدا ٩٥ی کۆی گشتی قاچاخی کاڵا لەو وڵاتە لە رێگەی دەروازە فەرمیەکانەوە و لە ژێرپەردەی شێوازە یاساییەکان ئەنجام دەدرێت.
لەو راپۆرتەدا ئاماژە بەوەدراوە بە ٣١ شێوازی جیاجیا کە بەرگی یاسایی بە بەردا کراوە، کاڵای قاچاخ هاوردەی ئێران دەکرێت.
پرسی تێوەگلانی بەرپرسان و دامەزراوە حکومیەکانی ئێران لە قاچاخی کاڵا و قوتاربوونیان لە لێپرسینەوە چەند ساڵێکە لە ئارادایە.
مەحمود ئەحمەدی نەژاد سەرۆک کۆماری پێشووی ئێران لە دووەم خولی سەرۆکایەتیەکەی وەک ئاماژەیەک بۆ رۆڵی سوپای پاسداران لە قاچاخی کاڵا باسی لە "برادەرانی قاچاخچی" کردبوو.
حەسەن رۆحانی سەرۆک کۆماری ئێستای ئەو وڵاتەش لە شوباتی ٢٠١٦دا بە بێ ئەوەی ناوی هیچ لایەنیک ببات رایگەیاندبوو، "دەزگایەکی گەندەڵ دەتوانێت بە قاچاخ کاڵا بباتە وڵاتەوە و رێگری لە گەشەی ئابوری وڵات بکات.
بە پێی ئامارەکان قەبارەی هاوردەکردنی کاڵا بە قاچاخ بۆ ئێران لە نێوان ٢١ بۆ ٢٥ ملیار دۆلاردایە.
سەرباری ئەوەی راپۆرتە فەرمیەکان باس لەوەدەکەن تەنها لەسەدا سێی کاڵای قاچاخ لە رێگەی کۆڵبەرانەوە ئاودیوی ئێران دەکرێت، بەڵام نەک هەر لێپرسینەوەی توندیان لەگەڵ دەکرێت، بەڵکوو بە بێ دادگاییش دەدرێنە بەر دەسڕێژی گولە.
بە گوێرەی ئامارەکانی کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان لە سەرەتای ئەمساڵەوە لانی کەم ١٤ کۆڵبەر و کاسبکاری کورد بە تەقەی هێزە سەربازیەکانی ئێران کوژراون و ٤٠ کۆڵبەریش برینداربوون.
هەر بە پێی راپۆرتەکانی ئەو ناوەندە، ساڵی رابردوو لانیکەم ٩٥ کۆڵبەر و کاسبکاری کورد بە تەقەی هێزە سەربازیەکانی ئێران کوژراون و ١٤٦ کەسی تریش برینداربوون.
No comments:
Post a Comment