NNSROJ: “ڕەزا كەعبی”، جێگری سكرتێری گشتیی كۆمەڵەی زەحمەتكێشانی كوردستان لە هەوڵێكی كوشتن ڕزگاری بوو.
لەو بارەوە سەرچاوەیەک لە كۆمەڵەی زەحمەتكێشان بە ناوەندی نوچە و شرۆڤەی ڕۆژی راگەیاند: “شەوی هەینی لەسەر شەممە، پێشمەرگەیەكی كۆمەڵەی زەحمەتكێشانی كوردستان بە ناوی (ف.ئـ) لە كەمپی ئەو حیزبە لە گوندی زەڕگوێزی نزیک شاری سلێمانی، داوای كردووە چاوی بە ڕەزا كەعبی بكەوێت و بۆ ئەو مەبەستە چووەتە شوێنی حەوانەی ناوبراو”.
بە گوێرەی سەرچاوەکەی ئێن ئێن ئێس ڕۆژ، كاتێک ئەو پێشمەرگەیە چووەتە ژورەوە چەک و ڕەختەكەشی لەگەڵ خۆی بردووە و بۆیەش جێگری سكرتێری گشتیی كۆمەڵە لێی كەوتوەتە گومان و چاودێری كردووە.
سەرچاوەكە ڕوونیشیكردەوە، پێشمەرگەكە بە بیانووی خواردنەوەی ئاو چووەتە چێشتخانەی ماڵەكە و ڕەزا كەعبیش دوای كەوتووە و بینیویەتی دەمانچەیەكی بێدەنگ لە ژێر پشتێنەكەی دەردەهێنێت، لەو كاتەدا هێرشی كردۆتە سەر و دەستەویەخە بوون و دواجار ئەو بەرپرسەی كۆمەڵە توانیویەتی پێِشمەرگەكە چەک بكات و لە گەرماوی ماڵەكەیدا بەندی بكات.
بە وتەی سەرچاوەكە، لەو كاتەدا كە ڕەزا كەعبی پێشمەرگەكانی تری ئاگادار كردۆتەوە هێرشبەرەكە هەلەكەی قۆستوەتەوە توانیویەتی لە پەنجەرەی گەرماوەكەوە خۆی قوتار بكات و دەوترێت لەدەرەوەی كەمپی كۆمەڵە ئۆتۆمبێلێك چاوەڕێی كردووە و توانیویەتی لە ناوچەكە دوور بكەوێت.
جێی باسە لە ئێستادا هێزەكانی ئاسایش سەرقاڵی لێكۆڵینەوە لەو ڕووداوە و لە هەوڵی قۆڵبەستکردنی ئەو كەسەدان.
م.ا
م.ا
No comments:
Post a Comment