Sunday, June 21, 2015

لە نزیك سەڵماس و كامیاران تێكهەڵچوونی چەكداری هاتەئاراوە


NNSROJ: باسکی سەربازیی کۆما جڤاکێن کوردستان ئاشكرای كردووە کە لە نێوان گەریلاكانیان و سوپای پاسداران لە نزیك شاری سەڵماسی سەر بە پارێزگای ورمێ شەڕهاتۆتە ئاراوە. لەلایەكی تریشەوە بڵاوكرایەوە كە لە هێرشێكی چەكداریدا لە نزیك كامیاران شەش چەكداری كوردی سەر بە سوپای پاسداران كوژراون.

ناوەندی راگەیاندن و چاپەمەنیی هێزەكانی پاراستنی گەل، هەپەگە، كە بە باڵی سەربازی كۆما جڤاكێن كوردستان ناسراوە بڵاوی كردەوە، ڕۆژی دووشەممە [٨ی ژووئەن] كاتژمێر 13:00ی پاشنیوەڕۆ، هێزەكانی سوپای پاسدارانی ئێران لە گوندی “سۆفی عەباس”ی سەربە سەڵماسی ڕۆژهەڵاتی كوردستان بۆسەیان بۆ گەریلاكان داناوەتەوە.

هەپەگە ڕوونی کردۆتەوە کە گەریلاكانیان “هەستیان بەو بۆسەیە كردووە و شەڕ لەنێوان گەریلا و پاسداران هاتوەتە ئاراوە”، بەڵام “تا ئێستا زیانەكانی چەكدارانی سوپای پاسداران لەو شەڕەدا نەزانراوە.”

لەلایەكی دیکەوە بەپێی هەواڵێكی سایتی كوردپا، لە سەیرانگای “تەوقەگوێز”ی هەڵکەوتوو لە نێوان گوندەكانی “تەختی زەنگی” و “سەرشێلانە”ی سەر بە كامیاران، ٦ ئەندامی كوردی سوپای پاسداران كەوتوونەتە بەر دەستڕێژی “ژمارەیەك چەكداری نەناسراو” و كوژراون.

هەر بەپێی ئەو هەواڵە یەكێک لە كوژراوەكان “جەبار گوڵ‌محەمەدی” خەڵكی گوندی “تەنگیوەر”ی كامیارانە.

سەبارەت بە ناسنامەی هێرشبەران، سایتەكە، لەلایەک بە پشتبەستن بە سەرچاوەگەلی هەرێمی، نووسیویەتی کە “ئەو شەش کەسە لە لایەن کاسبکارانی شتومەکە قاچاخەکانەوە دراونەتە بەر دەستڕێژی گولـلە و کوژراون”، هاوکات ئاماژەشی بەوە کردووە کە “ڕاپۆرتی چەند سەرچاوەیەک باس لەوە دەکەن کە ئەو ٦ کەسە لە لایەن هێزەکانی “پژاک”وە کوژرابن.”

تا ئێستا هیچ لایەنێک ئەو هێرشەی لە ئەستۆ نەگرتووە.

جێی باسە هەفتەی رابردووش لە هێرشێكدا لە نزیك شارۆچكەی رەبەتی سەر بە شاری سەردەشت، ژمارەیەك پاسدار كوژرابوون کە دواتر یەكینەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان “یەرەكە”، كە باڵی سەربازی كۆمەڵگای دیموكراتیک و ئازادی رۆژهەڵاتی كوردستان “كۆدار”ە، بەرپرسیارێتی خۆی لەو هێرشە راگەیاندبوو.
م.ا.

No comments:

Post a Comment

Execution of two Kurdish prisoners in Iran

Two Kurdish prisoners were executed in Urmia and Birjand prisons. On the morning of Thursday, July 25, Kamran Sheikha, a Kurdish prisoner o...